یەپەژە: هێزەکانی پاراستنی ژن پاشەکشە ناکەن
فەرماندەیی یەپەژە ڕەفتاری گرووپە چەتەکانی حکومەتی شامی بەرامبەر تەرمی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، ئەوان پارێزەری هەموو ژنانی سووریا و جیهانن و لە بەرامبەر ئەم هزرەدا پاشەکشە ناکەن.
ناوەندی هەواڵ
فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە سەبارەت بە بێڕێزیکردنی گرووپە چەتەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بە تەرمی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شێخ مەقسوود، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لەم ڕاگەیاندراوەدا هاتووە: هێزەکانی پاراستنی ژن لە دژی هزری جیهادی چەتەکانی هەتەشە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە حەلەب بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن.
یەپەژە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا، ژنانی ئازادیخواز بوونەتە ترس بۆ دڵی دوژمن و لە کولتووری ناوچەکەدا کەرامەتی ژن، کەرامەتی گەلە، بۆیە چەتە داگیرکەرەکان دەیانەوێت بەم ڕەفتارە نائەخلاقییانە هیوای گەل بشکێنن، بەڵام ژنان و گەلەکەمان لەم ڕێبازە هۆڤانەیە ناترسن و دەبنە هێزی بونیادنانی ئازادی.
لەم پەیامەدا یەپەژە جەختی کردەوە کە هەرگیز لە بەرامبەر ئەم هزرەدا هەنگاو بەرەو دواوە نانێن و پاشەکشە ناکەن، یادی تێکۆشەرانی وەک بارین کۆبانی و ئامارا ڕێناسیان کردەوە و وتیان: وەک یەپەژە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی هەموو ژنانی سووریا و جیهان.