ژنانی کۆبانێ: پشتیوانی لە بەرخۆدانی شەڕڤانانمان لە حەلەب دەکەین بۆ پاراستنی گەل

ژنانی شاری کۆبانێ لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەرامبەر هێرشە جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ دانیشتووانی ئەو شارە دەربڕی.

پەرچەم جودی

 

کۆبانێ- جیهادییەکانی هەتەشە کە لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، بڕیارە سیاسییەکانی سووریایان کۆنترۆڵکردووە، هەروەها نزیکەی هەفتەیەکە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کورنشینەکان لە شاری حەلەب، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو کۆمەڵکوژییان لە دژی عەلەوییەکان و دروزەکان و مەسیحییەکان ئەنجامدا.

 

ماوەی چەند مانگێکە جیهادییەکان گەمارۆی گەڕەکی شێخ مەقسود ئەشرەفیە و بەنی زێدیان داوە، هەروەها هێرشە توندەکانیان لە شەشی ئەم مانگەوە دەست پێکردووە، سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١ی نیسانی ٢٠٢٥.

 

حکومەتی کاتی ڕایگەیاند، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ''هەسەدە'' هێرش دەکەنە سەرناوچەکانی دراوسێ و خاڵە ئەمنییەکان، هەروەها هێزەکانی ئاسایش خاوەنی هیچ چەکێکی قورس نەبوون، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی ''هەسەدە'' لە ناوچەکان کشاونەتەوە و یەکە ناوخۆییەکان پارێزگارییان گرتە ئەستۆ و تەنها چەکی سوکیان بەکارهێناوە.

 

هێزەکانی ئاسایش کە لە گەڕەکەکاندا ئامادەبوون، هەروەها ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەست بکەن و بە ئیرادەیەکی زۆرەوە لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەکەکان بەردەوامن لە بەرخودان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانە و بەرگری لە بوونی خۆیان دەکەن.

 

وەک هاوسۆزی لەگەڵ بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاروانەکانیان کۆکردەوە و سەفەربەرییان ڕاگەیاند کە ئەنجومەنی ئەو دوو گەڕەکە ڕایانگەیاندبوو، ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەم کاروانەکەیان بەرەو حەلەب بەڕێکەوت.

 

"گەلەکەمان دەکوژرێت"

نەسیمە کەنجۆ، خەڵکی شاری کۆبانێ، پشتیوانی بەرخۆدانی ئەو دوو گەڕەکە دەکات و وتی: "ئێمە لە ناخی دڵەوە پشتگیری و سڵاو لە ئیرادەی گەلەکەمان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەکەین، هەموو جیهان دەبینێت کە گەلەکەمان گەمارۆ دراوە و بە ئەنقەست دەکوژرێن، بۆیە ئیرادە و بەرخۆدانمان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەبێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک گەلێک لە گەمارۆدان و بۆردومانکردن و کۆمەڵکوژی ناترسین و بەرخۆدانمان کە زیاتر لە پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو، باشترین بەڵگەی ئەم ئیرادەیە، هەروەها ئێمە گەلێکین کە بەرخۆدانێکی بێهاوتا نیشان دەدەین بۆ پاراستنی کەرامەت و نیشتمان و بوونمان، کاروانی سەفەربەری بەرەو حەلەب بەڕێکەوتووە، ئەم سەفەربەرییە لە پێناو کەرامەتدایە، کە گەرەنتی سەرکەوتنمانە هەروەک چۆن بەرخۆدانمان لە بەنداوی تیشرین تاجی سەرکەوتنی لەسەر بوو، لە دێرحافر و ئەشرەفیە و شێخ مەقسود جارێکی تر هەمان ئەنجام بەدەست دەهێنین".

 

"گەلەکەمان خەریکی نووسینی داستانی قارەمانانەن"

ئامینە یاسین ئاماژەی بەوەدا، کە ئیرادەی گەلی کورد دەسەڵاتی دوو دەوڵەتی تێکشکاند، هەروەها "لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد لە شاری کۆبانیەوە سڵاوی خۆمان دەنێرین بۆ بەرخۆدانی گەلەکەمان لە حەلەب، کە ماوەی پێنج ڕۆژە جیهادییەکان بە هێزێکی چەکداری گەورە و جبەخانەیەکی گەورەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دوو گەڕەکەکەمان دەدەن، ئەمە دەڵێم چونکە ئەوە تەنها قسە و هەوڵ نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ئیرادە و خۆڕاگرییە،هەروەها هەموو جیهان دەزانێت کە ئیرادە و خۆڕاگری گەلی کورد چەندە گەورەیە و چ جۆرە دەستنووسێک دەتوانن بنووسن".

 

دووپاتی کردەوە کە "ئەو بەکرێگیراوانەی کۆمەڵکوژییان لە سەرتاسەری سووریا ئەنجامداوە، هەوڵدەدەن گەلەکەمان بەرەوڕووی هەمان چارەنووس بکەنەوە، بەڵام نابێت وا بیربکەنەوە کە ئێمەی کورد وەک ناوچەکانی دیکەی سووریاین، بۆیە کاردانەوەی گەلەکەمان لەماوەی ئەم پێنج ڕۆژە بەرخۆدانەدا ئەم پەیامەی زۆر ڕوون کردۆتەوە، لێرەدا لە بەرامبەر تانک و تۆپخانەکانی داگیرکەران، شەڕڤانان و هێزەکانمان گەورە دەبن''.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمەی کورد ئەمڕۆ لە ساتێکی مێژوویدا دەژین، هەر بۆیەش دەبێت ئەمڕۆ هەموو کورد کەرامەتی خۆی بپارێزین، پەیامی ئێمە بۆ تێکۆشەرانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەوەیە: چاوەڕوانی گەلەکەتان بن، ئێمە دێین بۆ پشتیوانی ئێوە.