ئەنجومەنی ژنانی سووریا یەکەم چالاکی خۆی لە عەزاز ڕێکدەخات

بەشداربووانی دانیشتنی دیالۆگ کە لە شاری عەزاز لە باکووری سووریا ڕێکخرا، جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردن و کۆکردنەوەی بیروبۆچوونی ژنان بە گشتی کردەوە،بۆ پێکهێنانی لۆبی(nwl) ژن، نوێنەرایەتی ژنان لە حکومەتی کاتییدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا لەژێر ناونیشانی "ئاستەنگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنانی سووریا" لە شاری عەزاز لە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەلەب دانیشتنێکی دیالۆگی ڕێکخست، بە ئامانجی بەدواداچوون، تاوتوێکردنی ئاستەنگ و گرفتەکانی ڕووبەڕووی ژنان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی فراوان لە ژنانی شارەکەدا.

 

دانیشتنی دیالۆگ کە ڕۆژی ٥ی نیسان ڕێکخرا بە پێشوازیکردن لە عەریفە موسا، چالاکوانی ئاشتی مەدەنی دەستیپێکرد، دواتر بێریڤان هۆرۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە حەلەب باسی ئامانج، دامەزراندن و کارەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریای کرد.

 

پاشان روعە بەکر ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سووریا باسی لەگرنگی ئەم کۆبوونەوەیە کرد لەم قۆناغەدا بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و ئامادەبوونیان لەبوارە جیاجیاکانی کۆمەلایەتیدا.

 

ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی سووریا لە کۆنەوە تاکو ئێستا چیان پێشکەش کردووە، چۆن بەهای خۆیان سەلماندووە لە ماوەی ئەو قەیرانەی کە وڵات پێیدا تێپەڕیوە ،ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر ئازاریان چەشتووە، هەر لە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەوە تا ئاوارەبوون، ڕفاندنی زۆرەملێ، کوشتن، دەستدرێژیکردن.

 

هەروەها ئاماژەی بە دیارترین کەسایەتییە ژنەکان کرد کە خۆیان سەلماندووە، شوێنەواریان لەسەر مێژووی تێکۆشانی خۆیان بەجێهێشتووە، سەرەڕای هەوڵی ڕژێمە گشتگیرەکان بۆ ئامانجکردنی ژنان و چالاکوانان لەڕێگەی دەستگیرکردن و هتدەوە.

 

ڕەفیفە زەیدان، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ وتی: دانیشتنی دیالۆگ، گفتوگۆیەکی دەوڵەمەند بوو لەسەر ڕۆڵی ژنان و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە لە بوارە جیاجیاکاندا، هەروەها چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا، گرنگی ڕۆڵی ژنان لە باشترکردنی پێگەی خۆیان و گەیشتن بە پۆستی بڕیاردان، کە یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕاستی وڵات.  چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتی، بوون بە نموونە و هاندانی کەسانی تر بۆ بەشداریکردن لە هەموو بوارەکانی ژیان کرد.

 

پاشان زەمینەی گفتوگۆ بۆ بەشداربووان کرایەوە کە هاوڕابوون لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی دانیشتنەکان کە جەخت لەسەر بەهێزکردن و کۆکردنەوەی بیروبۆچوونی ژنان دەکات بە گشتی بۆ پێکهێنانی لۆبی ژنان، نوێنەرایەتی ژنان لە حکومەتی نوێدا و تێکۆشانێکی چڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان بەرامبەر کەلتووری کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی کەمتری سەرکردایەتی ژنانەوە، پێویستی کارکردن بۆ پەروەردەکردنی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوەکانی توندوتیژی کرد.