لە ئاکرێ ژنێک بەدەستی هاوژینەکەی کوژرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاكرێ بڵاویکردەوە، ڕۆژی ڕابردوو ژنێکی دانیشتووی شارەدیی ڕۆڤیان لەلایەن هاوژینەكەیەوە كوژرا، لە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە تۆمەتبار خۆی ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ڕوڤیا كردووە.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاكرێ لە سنووری دهۆك سەبارەت بە کوشتنی ژنێک لە لایەن هاوژینەكەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دوێنێ ٦ی نیسان، ژنێکی دانیشتووی شارەدێی ڕۆڤیان بە ناوی (م. م. ك) تەمەن ٢٤ ساڵ لەلایەن هاوژینەكەیەوە بەناوی (ا. م. ج) تەمەن ٢٧ ساڵ كوژرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەرمی ژنەکە ڕەوانەی پزیشكی دادی دهۆك كرا، هەروەها لە دوای ئەنجامدانی تاوانەكەش، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ڕوڤیا كرد، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە و بە ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادان پەڕاو بۆ دۆسییەكە لە بنكەی پۆلیسی ڕوڤیا كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش لە تاوانەكە بەردەوامە.
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون و ٥ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەم مانگەدا ژنێک بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا و ژنێکی دیکەش ناچار بە خۆکوشتن کرا، کە هەردووکیان خەڵکی سەیدسادق بوون، ژنێکیش لە مەخموور لەلایەن براکەیەوە بە فیشەک کوژرا، سەرەڕای ئەوەش ژنێک لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، کەوتە دەریاچەی تهنكاتوور و خنکا.