جارێكی دیكە داواكاری بۆ دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی ڕەتکرایەوە
پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند، لەلایەن دادگای ئێرانەوە دووبارە داواكاری بۆ دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی بۆ جاری دووەم ڕەتکرایەوە، دادگا بەرگریکردنی پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی بە “نابەجێ” ناوبردووە بۆیە داواكەی ڕەتكردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کورد پەسەند کرا.
مازیار تاتایی پارێزەری پەخشان عەزیزی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە دووبارە ڕەتكردنەوەی داواكارییەك بۆ دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەلایەن دادگای ئێرانەوە دووبارە داواكاری بۆ دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی بۆ جاری دووەم ڕەتکرایەوە.
وتیشی: دادگای باڵای ئێران بە بێ ئەوەی سەیری دۆسێیەکەی پەخشان عزیزی بکەن بەرگریکردنی پارێزەرەکانی بە “نابەجێ” ناوبردووە، بۆیە داواكەی ڕەتكردووەتەوە.