ئەنجومەنی عەشتار ئیدانەی دەستگیرکردنی سێ سیاسەتمەداری ڕژاک دەکات

ئەنجومەنی عەشتاری مەخمور، دەربارەی دەستگیرکردنی سێ سیاسەتمەداری ڕژاک لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە شاری هەولێر لە کاتی گەڕانەوەیان لە شەنگال، بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

مەخمور

 

ئەنجومەنی عەشتار لە کامپی پەنابەرانی مەخمور، دەربارەی دەستگیرکردنی سێ سیاسەتمەداری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک کە لە ساڵیادی فەرماندا چووبوون بۆ شەنگال و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەەوە دەستگیرکران، بەیاننامەیەکی نوسراویان بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: ئێمە لە سەدەیەکدا دەژین کە ژنان بە تێکۆشانی خۆمان دەگەینە هێزی بوونمان بە فکر و ئایدیاکانی ڕێبەر ئاپۆ کە ئازادیی ژن وەک بنەمای ژیان بەناودەکات و لەسەر ئەم بنەمایە دەرگاکانی ئازادی بۆ ژنان دەکاتەوە، ڕێگای زانست و مسۆگەرکردنی بوون پیشان دەدات، ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خاوەنی مێژوویەکە و بە دروشمی "سەدەی ٢١ سەدەی ئازادییە" هەنگاو دەنێت.

 

ئەنجومەنی عەشتاری مەخمور سەبارەت بە دەستگیرکردنی سێ چالاکوانی ژن دەڵێت: دوای یادکردنەوەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، سێ ئەندامی ڕژاک بە ناوەکانی خەولە محەمەد حەسەن و جوانا عەبدولباقی و سەیران ئەحمەد حەسەن، لە هەولێر لەلایەن پەدەکەوە دەستبەسەر کران و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر سێ ئەندامی ڕژاک بەدەست نەگەشتووە، ئەم سیاسەتەی پەدەکە دژ بە ژنانی ئازاد، زۆر دوور نییە لەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک کە کوشتن و دەستدرێژی و وێرانکاری بەسەر ژنانی کورد و ژنانی ئازادی خوازدا دەسەپێنێت،  هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای چەمکی هێرش بۆ سەر ئازادی ژن و لە کەسی ژنان لە تەواوی کۆمەڵگادا سەرچاوەی دەگرێت، بۆیە ئێمە ئەم رفاندنی ژنە بە کارێکی سیاسی لە قەڵەم دەدەین، دەشبێت پەدەکە بزانێت کە بەرپرسیارە لە دۆخی ئەو ژنانە و پێویستە هەرچی زووە ئەندامەکانی ڕژاک ئازاد بکات.

 

ت.پ