فەرمانبەرانی گرێبەست بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن ئەگەر نەکرێنە هەمیشەیی

فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا ئەگەر نەکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی، ئەوا بایکۆتی بەشداربوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە بایکۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، ئەگەر نەکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی حکومەت.

 

ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

بەرێزان حکومەت و حیزب و لایەنە سیاسیەکان

ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەمان نزیک بە ٢٤ ھەزار فەرمانبەرە، ماوەی ساڵانێکی زۆرە بەشێوەی گرێبەست بەبێ ھیچ ماف و ئیمتیازێک بە شاھیدی سەرجەم ئەو وەزارەت و دەست و فەرمانگانەی کاری تێدا دەکەین ئەرکێکی زۆر قورس بە مووچەیەکی زۆرکەم ئەنجام دەدەین، کە بڕەکەی لە نێوان ٣٠٠-٥٠٠ ھەزار دیناری مانگانە دایە.

 

ئەمە لە کاتێکدا دەبوو پاش سێ ساڵ لە خزمەتکردن بەپێی رێنمای دارای ژمارە (٣٩-٤٣)ی ساڵی (٢٠١٣) ھەموو فەرمانبەرێکی گرێبەست بکرێتە ھەمیشەی، لەکاتێکدا ئێمە ماوەی ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (٤-١٦) ساڵدایە و ھێشتا لە چاوەروانی ھاتنەدی خەونی بەھەمیشەی بوونمانداین، کە پێویستیەکی زۆری نێو فەرمانگەکانین ھەر بەپێی لێدوانی بەرێوەبەری فەرمانگەی خانەنشینی ھەرێم لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤-٢٠٢٠، نزیک بە ٤٣ ھەزار فەرمانبەری ھەمیشەی خانەنیشن بوون و کۆتای بە راژەکانیان ھاتووە و جێگەکانیان پڕ نەکراوەتەوە.

 

هەروەها بەپێی راپۆرتی بەرێوەبەرایەتی گشتی بوودجە بەژمارە (٤٣١٠)ی ساڵی (٢٠١٩) بەھەمیشەی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ھیچ بارگرانیەکی دارایی دروست ناکات، بەڵکو مانگانە بری زیاتر لە (٢) ملیار دینار دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

 

بەرێزان ئێمە لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک خاوەنی گروپ ئەکاوەنتێکین بە ناوی (فەرمانبەرانی گرێبەست لە کوردستان) کە ژمارەی فەرمانبەرانی بەشدار تێیدا زیاترە لە ١٠ ھەزار فەرمانبەر ھەرلە زاخۆوە تاخانەقین.

 

لێرەوە بەپێویستی دەزانین بە ئێوەی بەرێزان رابگەیەنین کە ئێمە ئێستا لەسەروو بەندی پرۆسەی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقین، نیازی بەشداری و دەنگدانی ئەو پرۆسەیەمان نیە و بەھەموو جۆرێک بایکۆت و رەتی دەکەینەوە، ئەگەر لە پێش وادەی دەنگدان و ھەڵبژاردن سەقفێکی زەمەنی بۆ بە ھەمیشەی کردنی ئێمەی (فەرمانبەرانی گرێبەست) دیاری نەکەن، ئەوا بەھەموو توانامانەوە بایکۆتی ئەو پرۆسەیە دەکەین کە زەرەرمەندی یەکەم تێیدا ئێوە دەبن، بە پێچەوانەوە بە ھەموو توانامان کار دەکەین بۆ سەرخستن و دەرچوونی کاندیدەکانتان لەسەرجەم بازنەکان لە ھەرێمی کوردستان.

 

دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست

 

ت.پ