ئەنجومەنی شارەوانی پاریس ڕەگەزنامەی فەخری بە نێرگس محەمەدی بەخشی
ئەنجومەنی شارەوانی پاریس دەنگیان بە پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری بە نێرگس محەمەدی داو هاوژین و کچەکەی بەشدارییان لە دانیشتنی دەنگدانی ئەنجومەنەکە کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئیمانوێل گریگۆر، سەرۆکی شارەوانی پاریس، سەبارەت بە پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری بە نێرگس محەمەدی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” ڕایگەیاند، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دەنگیان بە پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری بە نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پاریس گوێگرتنی هەبێت، چیرۆکی ئێمە چیرۆکی شارێکە کە هەرکەسێک ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت پەنا بۆ شارەکەمان دەبات.
هاوکات هاوژین و کچەکەی نێرگس محەمەدی بەشدارییان لە دانیشتنی دەنگدانی ئەنجوومەنی شارەوانی پاریسی کرد.
جێی ئاماژەیە، نێرگس محەمەدی چالاکوانی سیاسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە مەشهەد لە کاتی پرسەی پارێزەر خوسرەو عەلیکۆردی دەستگیرکرا و دواتر سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ڕۆژی ١ـی ئایار لە زیندانی زەنجان دوای بێهۆشبوون تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەکی زەنجان گواستراوەتەوە، دواتر بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران گواسترایەوە، دوای ١٦ ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەرچوو.