چوار ژنی بەهایی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە توندی ئەشکەنجەدراون
چوار ژنی بەهایی لە ئێران لەژێر ئەشکەنجەدانێکی قورسدان کە یەکێکیان دووگیانە و لە چارەسەر بێبەشکراوە.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی سەبارەت بە خراپیی دۆخی ژنانی زیندانییانی بەهایی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ژنێکی بەهایی بەناوی بوشرا مستەفەوی و دانیشتووی ڕەفسەنجانی ئێران، لە کاتێکدا سزای چوار مانگ زیندانی لە گرتووخانەی کرمان بەسەر دەبات، دووگیانە و سەرجەم داواکارییەکانی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پزیشکی و ئەنجامدانی تاقیکاریی پێویست بۆ کۆرپەلەکەی ڕەتکراونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دادوەر لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا بە ڕاشکاوی پێی ڕاگەیاندووە، بەهۆی بەهاییبوونییەوە لە وڵاتێکی ئیسلامیدا سزا دەدرێت.
باس لەوەشکراوە، شەکیلا قاسمی تەمەن ٢٦ ساڵ زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە دەستبەسەرە و بۆ ماوەی ١٠ هەفتە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا، هەروەها پەیوەند نەعیمی پاڵەوانی مەلەوانی دوای دەستبەسەرکردنی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ڕووبەڕووی برسییکردن و لەسێدارەدانی نمایشی بووەتەوە و بۆرنا نەعیمی پاڵەوانی کاراتەش بە شۆکی کارەبایی ئەشکەنجە دراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ هاووڵاتیی بەهایی دەستبەسەریان بانگهێشتی لێکۆڵێنەوە کراون و ٤٠٠ حاڵەتی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ وەک دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بەهاییەکان تۆمار کراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حکومەت لەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکان، هەوڵ دەدات پێکهاتەکان وەک تاوانباری بارودۆخەکە پیشان بدات.