کژار: دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان لە مەترسیدایە

کژار ڕایگەیاند، دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزدی ئێران زۆر خراپە و ژیانی لە مەترسیدایە، هەروەها داوای ئازادکردنی بێمەرج و گواستنەوەی خێرای زەینەب جەلالیانی بۆ ناوەندە پزیشکییەکان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" سەبارەت بە دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان، ژنە چالاکوانی سیاسی کورد ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: دۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان، کۆنترین ژنی زیندانیی سیاسی لە ئێران زۆر خراپە و گیانی ئەم چالاکوانە کوردە لەناو زیندانی یەزدا لە مەترسییەکی جددی دایە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دەزگا ئەمنییەکان پێشکەشکردنی هەر جۆرە چاودێرییەکی پزیشکی و تەنانەت مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەم زیندانییە سیاسییەیان بە نووسینی نامەی پەشیمانی مەرجدار کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە زەینەب بەهۆی لێکەوتەکانی ئەشکەنجەوە لە مەترسیی لەدەستدانی تەواوی بیناییدایە و پێشتریش لە زیندانی قەرچەک تووشی کۆرۆنا بوو.

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) جەختی لەوە کردەوە، زەینەب جەلالیان بووەتە هێمای خۆڕاگریی ژنان دژ بە چەوسانەوە و داوای دەستبەجێی ئازادکردنی بێمەرج و گواستنەوەی خێرای بۆ ناوەندە پزیشکییەکان دەکەین.

 

زەینەب جەلالیان کە تەمەنی ٤٥ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەستبەسەر کراوە و نزیکەی دوو دەیە بەبێ وەرگرتنی تەنانەت یەک ڕۆژ مۆڵەت، لە زیندانەکانی خۆی، قەرچەک، کرمان، کرماشان و یەزدا ڕاگیراوە، ئەو لە ساڵی ٢٠٠٩ بە تۆمەتی “محاربه و پەیوەندی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، دواتر بەهۆی فشاری چالاکوانان و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ سزاکە لە ساڵی ٢٠١١ـدا بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.