ڕاپۆرتێک دوو هێندەبوونی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سلڤادۆر ئاشکرا دەکات

دوو هێندەبوونی توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سلڤادۆر، لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکان، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و فشار لەسەر میدیای سەربەخۆ، نیگەرانییەکانی لەبارەی چڕبوونەوەی سەرکوتی میدیایی و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر لەو وڵاتەدا دروستکردووە.  

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سلڤادۆر لەکاتی ڕاپۆرتکردن لە بوارەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە، چونکە کارە ڕۆژانەکانیان تادێت مەترسیدارتر بووە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان، لە کاتێکدا پێویستی بە ڕووماڵکردنی سەربەخۆ و متمانەپێکراو لە زیادبووندایە.

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان هۆشداری دەدات لە پەرەسەندنی توندوتیژی و هەراسانکردن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە سلڤادۆر و حکومەتی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەڵمەتێکی سیستماتیکی سەرکوتکردن لە دژی میدیای سەربەخۆ و بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرتەسک دەکات، لەلایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتێکی نوێی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی سلڤادۆر، زیادبوونی بێ وێنەی هێرش و هەڕەشە و فشارە ئەمنییەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەتی ژنان ئاشکرا دەکات.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی سلڤادۆر، حاڵەتەکانی هەراسانکردن و توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن لەو وڵاتە لە ساڵی ڕابردوودا سێ هێندە زیادی کردووە و بە لایەنیکەم ٨٩ هێرش و هەڕەشە تۆمارکراوە، ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن ئەم ئامارە بە نیشاندەری پەرەسەندنی کەشوهەوای سەرکوت و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە وڵاتدا دەزانن.

 

توندوتیژی و هەراسان و دەستدرێژی سێکسی

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرینەی ئەم هێرشانە لە کەشی گشتی و شوێنی کاردا ڕوویانداوە و توندوتیژی ڕاستەوخۆ، هەراسان، تۆقاندن، ڕەفتاری ژنکوژی و هێرشی ڕەگەزی لەخۆگرتووە، ڕۆژنامەنووسانی ژن بە تایبەتی لە کاتی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕاپۆرتە سیاسییەکان و کەیسەکانی گەندەڵیدا تووشی هەراسان و توندوتیژی بوون.

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی سلڤادۆر ڕایگەیاند، کە پۆلیس و سەربازی و بەرپرسانی حکومەت و بەکارهێنەرانی ڕێکخراوی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامدەرانی سەرەکی ئەم هێرشانە بوون، هەروەها کەشی ئەلیکترۆنیش بووەتە سەکۆیەک بۆ لەناوبردنی سیستماتیکی و هەراسانکردن و تۆقاندنی ژنانی ڕۆژنامەنووس.

 

زیادبوونی فشارەکانی حکومەت

لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر زیادبوونی فشارەکانی حکومەت لەسەر میدیای سەربەخۆ، کە چاودێری ئەمنی و هەڕەشەی دادوەری و داوای یاسایی هەڵبەستراو و فشاری ئابووری لەسەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی بەرچاو چڕتر بووەتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرایکردووە، لە ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووس ناچاربوون سلڤادۆر بەجێبهێڵن و لە دەربەدەریدا بژین، ئەمەش دۆخێکە کە ڕێکخراوەکانی ئازادیی میدیایی بە نیشانەی تێکچوونی بارودۆخی چالاکی ڕۆژنامەوانی لەو وڵاتەدا دەزانن.

 

سانسۆری میدیا

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی سلڤادۆر، دۆخی ئێستای میدیای بە "خنکاندنی میدیا" پێناسە کرد، هۆشداریدا لەوەی کە فشارە سیاسی و ئابوورییە بەربڵاوەکان بەشێکی وڵاتەکەیان کردووە بە "بیابانی هەواڵ"، ئەو ناوچانەی کە دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاری سەربەخۆ و میدیای ئازاد بۆ هاوڵاتیان لە ڕادەبەدەر سنووردارە.

 

چالاکوانانی ڕاگەیاندن وتیان: بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە نەک هەر مەترسی لەسەر پارێزراوی ڕۆژنامەنووسان دروست ناکات بەڵکو مافی هاوڵاتیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد بە توندی سست دەکاتەوە و ڕێگە خۆش دەکات بۆ فراوانبوونی سانسۆر و کۆنتڕۆڵی حکومەت.

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان داوای لە حکومەتی سلڤادۆر کرد دەستبەجێ کۆتایی بە هەراسانکردن و گۆشەگیری و هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنوسان بهێنێت و مسۆگەری پارێزراوی چالاکوانانی ڕاگەیاندن بە تایبەت ڕۆژنامەنووسانی ژن بکات.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە ڕێوشوێنی دەستبەجێ و کاریگەر بگرنەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ژێر فشاردان و ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی میدیا لە سلڤادۆر دەبنەوە.