ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نەتەوە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوڕاست ڕاگەیەندرا
لە چوارچێوەی کاری ژنانی نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆنفڕانسێک ڕێکخرا و ئەنجامنامەکەی ئاشکرا کرا.
ناوەندی هەواڵ
لە ٦ی ئازاردا، تایبەت بە کار و چالاکییەکان ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژنانی نەتەوە جیاوازەکان کۆنفڕانسێکیان ڕێکخست بە شێوەی ئۆنلاین، بە بەشداری ژنانی کورد، ئەفغانستان، عەرەب و ئێران.
ئەمڕۆ بەرواری ١٤ی ئازار لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکارەوە لە شەش خاڵ بۆ ڕای گشتی ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکە ڕاگەیەندرا.
لە کۆنفرانسەدا پێنج بەشدار بوو کە بریتیبوون لە، سارا سەما ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری ژنانی ئەفغانستان، میرسێدە قاعدی ئەندامی ڕێکخراوی ئێران تریبوناڵ، مریەم فەتحی ئەندامی کژار، هەیفا ئەلئەسەدی چالاکوانی مافی ژنان، بەسێ شاماری ئەندامی هەماهەنگی پلاتفۆرمی دیموکراتی ئێران، باسەکانیان پێشکەش کرد و ڕای ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەش دوای پانێلەکان وەرگیرا.
خاڵەکان بەمشێوەیەیە:
١- تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لەسەر بنەمای ناسین و پشتیوانی لە یەکتر، دژی سیاسەتە شەڕخوازانە و داگیرکەرانەی ئەمپریالیزمی جیهانیی و ناوچەیی، سەرمایەداری و بناژۆخوازی و پێویستی یەکدەنگی ژنان بۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەی ژنان کە هەمیشە بووەتە ئامانجی سیاسەتە دژە ژنەکانی سیستمی دەسەڵات و ڕاستەوخۆ زۆڵمی لێکراوە، وەک بەشی سەرەکیی تێکۆشانەکان دەستنیشان کراوە.
٢- پشتگیری و پشتیوانی لە ژنانی پەنابەر و کۆچبەر بە تایبەتی ژنانی ئەفغانستان لە ئێران کە بوونەتە قوربانیی سیاسەتە شۆڤێنیی و دژە پەنابەرییەکانی دەسەڵاتی ئێران و لە هەموو مافێکیان بێبەش کراون.
٣- تێکۆشانی هاوبەش دژی یاسا دژە ژنەکانی کۆماری ئیسلامی کە جگە لە هەڵاواردنی ڕەگەزی، بە پشتبەستن بە سیستمی نایەکسانی هێز و دۆخی ژێردەستی ژنانی دەرەوەی نەتەوەی فارس و ناوەندی ئێران و توێژی کرێکار، چەند هێندە زۆڵمیان لێدەکرێت کە ئەنجامێکی جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافیا، ئاسمیلاسیۆن، کۆچی ناچاری و کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەبووە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژنان داناوە و بووەتە هۆی پەراوێزنیشینی، هەژاری، بێکاری، هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و …، لە ئەنجامیشدا زیادتر بوونی کێشەکانی ژنان.
٤- تێکۆشانی هاوبەش دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە بووەتە هۆی هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئابوری و سیاسی، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا دژە ژنەکانەوە.
٥- تێکۆشانی هاوبەش بۆ ئازادیی و پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی-مەدەنیی ژن، دوور لە هەر چەشنە تێڕوانینێکی هەڵاواردەیی و لەبەرچاوگرتنی دیدی ئەمنیی کە زاڵ بووە بەسەر کەشوهەوای سیاسی و کلتوریی و بە گرنگیدان بە خاڵە هاوبەشەکان.
٦- پێکهێنانی مکانیزمێک بۆ بەرگری هاوبەشی ژنان بە یەکڕێزی و دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش بۆ بەرگری جەستەیی، کلتوری، سیاسی، ئابوری و کۆمەڵاژیەتی، لە ڕێگەی پێکهێنانی کەمپەینە هاوبەش و یەکدەنگەکان و پشتیوانی لە هەر چەشنە جوڵە و ڕا؛پەڕینێکی ژنان لە بەرامبەر تیرۆر و لەناوبردنی جەستەیی و مەعنەوی کە هەبوونی ژنان دەکاتە ئامانج.
لە کۆتایدا کۆمیتەیەکی پێنج کەسی پێکهێنرا کە لەلایەن بەشداربووانی کۆنفرانسەکە هەڵبژێردراون تا بە هاوکاری یەکتر بەرنامە دابڕێژن بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئامانجەکەیان، هەروەها ئاماژەشیان بەوە کرد تا پێش ئامادەکردنی ئەم ئەنجامنامەیە چەندین رێکخراوی دیکەی ژنان بەشداری هەڵمەتەکەیان کردووە و بانگێشنامەکەیان واژوو کردووە. وەک "ژنانی سەربەخۆی کۆڵن، ئەنجومەنی مافی ژنان لە سوید، شەهین پویا و مێهرەنگیز نعمەتی".
ت.پ