ئەم مانگە گەرمترین مانگی زەوی بووە لەماوەی ۱۲۰ ساڵی ڕابردوودا

ڕێكخراوی كەشوهەوای جیهانی ڕایگەیاند، مانگی تەمموز گەرمترین مانگی زەوی بووە لەماوەی ١٢٠ ساڵی ڕوبردوودا.


ناوەندی هەواڵ- ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بڵاویكردووەتەوە، بەپێی داتاكانی ڕێكخراوی كەشوهەوای جیهانی كە لە داتاكانی كۆپەرنیكۆس وەرگیراوە، سێ هەفتەی یەكەمی مانگی تەمموز گەرمترین بووە كە تۆماركراوە، بەو پێیەی پێشبینی دەكرێت مانگی تەمموز ببێتە گەرمترین مانگی تۆماركراو بە گشتی لە ماوەی ١٢٠ ساڵی ڕابردوودا.
ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ شكستی وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی "گروپی ٢٠"  لە گەیشتن بە لوتكەی دەردانی غازی ژەهراوی جیهانی تاوەكو ساڵی ٢٠٢٥، هەروەها بابەتی گرنگی دیكە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانی كەشوهەوا لە میانی كۆبونەوەكەیان لە هندستان.
ئابوری وڵاتانی "گروپی ۲۰" پێكەوە نزیكەی ٨٠%ی دەردانی گازی گەرمی جیهان بەرهەمدەهێنن، بڕیار بوو بەرپرسانی ئەو وڵاتانە لە كۆتایی كۆبونەوەكەیان بەیاننامەیەكی هاوبەش دەربكەن، بەیاننامەكە بەهۆی ناكۆكی لەسەر كۆمەڵێك پرس دەرنەچووە، لەوانە خواستی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە تاوەكو ساڵی ٢٠٣٠.