یەکەم حزبی ژنان لە عێراق دامەزرا
بە مەبەستی دەسپێشخەریی بۆ یەکخستنی تواناکانی ژن لەناو پێکهاتە و باوەڕییە جیاوازەکان، هەروەها پشتیوانیکردنی ڕۆڵی ژن لە کایەی سیاسیدا، یەکەم حزبی ژنان لە عێراق دامەزرا.

ناوەندی هەواڵ
لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق یەکەم حزبی ژنان بە ناوی "مەوەدە" بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان دامەزرا و یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست.
هەروەها لە کۆنگرەکەدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی ژن کرایەوە، بە مەبەستی بەشداریکردنی ژن لە هەموو توێژەكانی کۆمەڵگە لە ناوەندەکانی بڕیاردان.
هاوکات، دامەزراندنی حزبی مەوەدەی ژنان بە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ ژنانی عێراق دادەنرێت و هەنگاوێکی گرنگە، کە لە ئەنجامی چەندین گفتوگۆ و کۆنفرانسەوە بەرهەمهاتووە، بە مەبەستی فەراهامکردنی پانتاییەکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی ژن لە کایەی سیاسیدا.