یەبەشە: دەستەبەرکردنی مافەکانی ئێزدییەکان، مەرجی ئینتێگرەبوونی هێزەکان لە سیستەمی ئەمنی عێراق
فەرماندەیی یەبەشە ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتووین لەسەر کۆتاییهێنان بە پەیوەندی سەربازیی سەربەخۆی هێزەکانمان و ئەنتێگرەبوونمان لەناو سیستەمی ئەمنی فیدراڵ، پێویستە ڕێککەوتنەکەش بە دەستەبەرکردنی هەموو مافەکانی ئێزدی مسۆگەر بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
“بە سەرپەرشتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ دووشەمە ڕێککەوتی ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ ڕێوڕەسمی پچڕاندنی پەیوەندیی سەربازیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) و ئەنتێگرەبوونیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە چیای شنگال بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بەڕێوەدەچێت.
ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدایە کە حکومەتی عێراق بڕیاری لەسەر داوە و لە بەرنامەی وەزارییەکەیدا جێگیری کردووە، هەروەها وەک دەستکەوتێکی نیشتیمانی ئەژمار دەکرێت کە دەبێتە بنەما بۆ قۆناغێکی نوێ لە بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە شارۆچکەی شنگال. لەم چوارچێوەیەشدا حکومەتی عێراق ئەو قوربانییە گەورە و بێوێنەیانەی کە ڕۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە پاراستنی عێراق بەگشتی و شارۆچکەی شنگال بەتایبەتی لە بەرامبەر تیرۆر و پڕۆژەی تەکفیری پێشکەشیان کردووە، بەرز دەنرخێنێت.
ئەم هەنگاوە پابەندبوونی ڕۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزدی بە پێوەرە نیشتیمانییەکان دووپات دەکاتەوە، لە سەروویانەوە دەستووری عێراق کە ڕێگری لە هەر چالاکییەک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساییدا دەکات، هەروەها ئەم پەیامە دەگەیەنێت کە هەڵگرتنی چەک ئامانج نییە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمان بەپێی سیاقە یاسایی و دەستوورییەکان و بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بە پایەیەک لە پایەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەهێزیی بڕیاری نیشتیمانی و توانای دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونە دەستووری و یاساییەکانی دادەنرێت.
حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی تەواوی خۆی دووپات دەکاتەوە لە پاراستنی مافەکانی ڕۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزدی لەوانەی کە شەڕی تیرۆریان کردووە و بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی پڕۆژە توندڕەو و تەکفیرییەکان بوونەتەوە و لەم ڕێگەیەدا قوربانییەکی زۆریان لە شەهید، بریندار، ڕفاندن داوەوە و ئاوارە بوون، هەروەها پابەندبوونی خۆی بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و زیانلێکەوتووانی هێرشە تیرۆریستییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەی شنگال دووپات دەکاتەوە.”
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، لە ناوچەی چلمێرای چیای شنگال، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی یەبەشە و حکومەتی عێراق بە ئامادەبوونی فەرماندە سەربازییەکان، پارێزگاری نەینەوا و ٦٠ شەرڤان و فەرماندەکانی یەبەشە و یەژەشە و دایکانی ئێزدی و باوەڕداران بەرێوەدەچێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی یەبەشە کە لەلایەن تیرێژ شنگالی، ئەندامی فەرماندەییەکە خوێندرایەوە بەمشێوەیەیە:
بەناوی خودا و بەناوی تاووسی مەلەکی مەزن
وەک وەفادارییەک بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ پاراستنی شکۆی گەلەکەمان، یادی شەهیدانی جینۆسایدی ئێزدییەکان و تەواوی شەهیدانی عێراق دەکەینەوە، لە سەروویانەوە شەهیدی فەرماندە ئەبو نوری، مام زەکی، شێخ خەیری، شەهید بێریڤان و بەرفین، شەهید زەردەشت شنگالی، شەهیدی فڕۆکەوان ماجد تەمیمی، شەهید مەروان بەدەلی (دژوار فەقیر) و سەرجەم ئەو کەسانەی گیانی خۆیان لە پێناو بەرگریکردن لە خاکی عێراق و گەلەکەی و سەروەرییەکەی بەخشی، هەروەها هەموو ئەوانەی هاوکار و پشتیوانی کۆمەڵگەی ئێزدی بوون لە ڕۆژەکانی دەستپێکی جینۆسایدەکەوە تاوەکو ئەمڕۆمان. قوربانیدان و هەڵوێستە بەرزەکانیان وەک ئەمانەتێک لە ئەستۆماندا دەمێنێتەوە و پەیمانێکە کە هیچ کاتێک لە یادەوەرییماندا ون نابێت.
لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە یەکپارچەیی عێراق و سەروەرییەکەی و لەبەر پەرۆشیمان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە شنگالدا، ڕایدەگەیەنین کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتووینەتە ڕێککەوتن سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی سەربازیی سەربەخۆی هێزەکانمان (یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکینەکانی ژنانی شنگال) کە ژمارەیان دەگاتە ٤١٦٥ شەڕڤانی پیاو و ژن و ئەنتێگرەبوونیان لەناو سیستەمی ئەمنیی فیدراڵی و ڕێکخستنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەپێی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکان و لێکتێگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەرکراوەکان، بە شێوازێک کە ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشیی نیشتیمانی و بەرپرسیارێتیی هاوبەشدا.
ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی مێژووی شنگال و ئەو جینۆسایدەدا دێت کە گەلی ئێزدیمان لە ئابی ٢٠١٤ لەسەر دەستی چەکدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی پێیدا تێپەڕی، کاتێک ڕووبەڕووی کوشتن، ڕفاندن، ئاوارەیی و مەترسیی لەناوچوون بووەوە. لەو کاتەی کە نزیکەی سێیەکی ڕووبەری عێراق، لە نێویاندا پارێزگای نەینەوا، کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، چیای شنگال بە ڕۆڵی پاڵەوانان و ڕۆڵەکانی پاراستنی ئێزدیدا بە خۆڕاگری مایەوە، ئەوانەی بەرگرییان لە گەل و خاک و شکۆی خۆیان کرد و بە ئیرادەی خۆیان واتای بەرگریی و مانەوەیان لە بەرامبەر جینۆسایددا بەرجەستە کرد.
لەو ساتە چارەنووسسازەدا، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکینەکانی ژنانی شنگال لەناو ئازار و ئیرادەی مانەوە لەدایک بوون، بۆ بەرگریکردن لە گەلێک کە تووشی جینۆساید بوو، خاکێک کە هەڕەشە لە ڕەگ و ڕیشەی لێکرابوو و شکۆیەک کە ئامادە نەبوو بشکێنرێت. شەڕڤانانمان بە ژن و پیاو، شەڕی بەرگری و ڕزگارییان ئەنجامدا، بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان و خاکەکەمان، ٥٣٠ شەهید و سەدان بریندارمان بەخشی. ئێمە یەکەم کەس بووین کە دوای تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ئاڵای عێراقمان لە شنگال هەڵکرد، دووپاتمان کردەوە کە شنگال بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق و بەرگریکردنمان لە گەلەکەمان هەرگیز لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانیمان جیا نەبووەتەوە.
ئەمڕۆش، نە لاپەڕەی مێژوومان دادەخەین و نە پشت لە قوربانیدانی ساڵانی خۆپاراستن دەکەین، بەڵکو لە قۆناغێکەوە کە جینۆساید و شەڕمان بەسەردا سەپێندرابوو، دەگوازرێینەوە بۆ قۆناغی کارکردن لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. جەخت لەوە دەکەینەوە کە ڕێکخستنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی بنەمایە بۆ چەسپاندنی سەروەری و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی سەقامگیری، بە مەرجێک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هاوشانی پاراستنی مافی شەڕڤانانمان بێت، پاراستن و ڕێزگرتن لە شکۆی شەهیدان و مسۆگەرکردنی ئاسایشی شنگال و ماف و تایبەتمەندییەکانی خەڵکەکەی بێت.
هێزی دەوڵەت تەنها بە توانای سەپاندنی دەسەڵاتەکەیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، بەڵکو بە توانای لە باوەشگرتنی هاووڵاتییانی و دانپێدانان بە قوربانیدانەکانیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەپێورێت. بۆیە سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە جێبەجێکردنی جددی بڕگەکانی و چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی جینۆساید و ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان و دابینکردنی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیان و ڕەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دڵنیابوون لەوەی کە ئەو کارەساتە هەرگیز دووبارە نەبێتەوە. هەروەها جەختیش لەسەر گرنگی بەهێزکردنی ڕۆڵی دامودەزگا مەدەنییەکان و بەڕێوەبەریی خۆجێیی شنگال و چەسپاندنی دیموکراسی بەشێوەیەک کە گەرەنتی بەشداری هەموو پێکهاتەکانی بکات و بیکاتە هێزێکی یەکگرتوو بۆ هەموو خەڵکەکەی، دەکەینەوە.
سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان ئاراستەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنە حکومی، ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لیژنە و شاندە پەیوەندیدارەکان و هەموو ئەوانە دەکەین کە لە ڕۆژانی یەکەمی جینۆسایدەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ پشتیوانی کۆمەڵگەی ئێزدی بوون و هەرکەسێک کە بەشداری کردووە لە سەرخستنی گفتوگۆکان و نزیککردنەوەی ڕوانگەکان و نەهێشتنی لەمپەرەکان. هیوادارین ئەم گیانە نیشتیمانییە لە قۆناغی جێبەجێکردندا بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بەردەوامیی ڕێککەوتنەکە مسۆگەر بکرێت و ئامانجەکانی بپێکێت و ئاسۆیەکی نوێ بۆ سەقامگیری و هاوکاری و خزمەتکردنی سەرجەم خەڵکی شنگال بکاتەوە.
بۆ کەسوکاری شەهیدان، برینداران و ونبووان، بۆ گەلی ئێزدیمان و سەرجەم عێراقییەکان، دووپات دەکەینەوە کە قوربانیدانەکانمان بۆ خودی چەک نەبووە، بەڵکو لە پێناو مرۆڤ، خاک، شکۆ و ژیاندا بووە. ئێمە ئەرکی خۆمان لە بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەدا جێبەجێ کرد و ئەمڕۆش لە قۆناغێکی نوێدا بەردەوام دەبین لە بەرپرسیارێتیی خۆمان، لە کاتێکدا یەکڕیزیی عێراق و سەروەرییەکەی، ئاسایشی شنگال و شکۆی خەڵکەکەی و بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام و دادپەروەر بۆ هەموو ڕۆڵەکانیمان، خستووەتە سەرووی هەموو شتێکەوە.
وەفاداریمان بۆ شەهیدان ئەوە نییە کە وەک دیلی شەڕ بمێنینەوە، بەڵکو ئەوەیە کە پارێزگاری لەو شتە بکەین کە ئەوان لە پێناویدا گیانیان بەخشی، مەزنترین سەرکەوتن بەسەر جینۆسایدەکەدا ئەوەیە کە گەلەکەمان بە زیندووی، ئازاد، ئارام، لەسەر خاکی خۆی و بە مافە پارێزراوەکانەوە لە نیشتیمانەکەیدا (عێراق) بمێنێتەوە."