قوتابخانەکانی ئێران... لە سەکۆی زانستەوە بۆ قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی دەسەڵات
دەسەڵاتدارانی ئێران لە کرماشان دەستیان بە سەربازیکردنی قوتابخانەکان کردووە و خوێندکاران ناچار دەکەن ملوانکەی ناسنامەی سەربازیی جەنگی ببەستن؛ ئەمەش نیگەرانیی لە بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی و ئامانجی سەربازی دروست کردووە.
سارا پورخەزری
کرماشان- سیستمی پەروەردە لە ئێراندا لەگەڵ شەپۆلێکی پەرەسەندنی "سەربازیبوون" بەرەوڕوو بووەتەوە، چونکە لە چوارچێوەی دامەزراوە پەروەردەییەکاندا کاراکتەری بینراو و مەیدانی وەرگرتووە، لە ڕێگەی نمایشکردنی ئاڵا و دابەشکردنی کیسی خۆڵ لە حەوشەی قوتابخانەکاندا بۆ دروستکردنی کەش و هەوایەک کە نەریتی بەرە سەربازییەکان دەکات.
لە کرماشان، ئاڵاکان هەموو گۆشەکانی قوتابخانەیان داپۆشیوە، لە نزیک دەروازەکە، لە پاڵ قەڵایەکی کاتیی کە لە کیسەی خۆڵ دروستکراوە، پێڵاوی سەربازی و نموونەی چەک دانراون، لەسەر یەکێک لە کەفییە (پۆشاکە نەریتییەکان)، پەڵەیەکی خوێنی وشکبوو دەردەکەوێت، وەک ئەوەی هەڵگرەکەی لە کاتی نمایشکردنی جەنگێکدا بریندار بووبێت، هەروەها کارتی ناسنامەی سەربازی لە شوێنە جیاوازەکانی ناو ناوچەکەدا هەڵواسراون، ل٣سەر سەپۆکێکی بەرز پیاوێک باسی بەرگری، خۆڕاگری و خەبات دەکات، لەم کاتەدا منداڵان لە کاتی ڕیزی بەیانیدا بە ڕوخسارێکی پڕ لە سەرسووڕمان و سەرقاڵەوە دەوەستن بێ ئەوەی بزانن چی ڕوودەدات لە کاتێکدا چاویان لەسەر وتەبێژەکەیە، ئەم دیمەنە لە ”ڕێکخراوی لاوانی هیتلەر” یان لە کۆبوونەوەیەک کە ئەدولف هیتلەر و بالدور فۆن شێراخ ئامادەی بوون وەرنەگیراوە، بەڵکو پێناسەی دیمەنێکە کە لە قوتابخانەیەکی حکومیدا لە شاری کرماشان ڕوودەدات.
لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبونەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ژینگەی قوتابخانەکان دەگۆڕدرێن بۆ شێوە ژینگەی سەربازی، کە تێیدا خوێندکاران وەک سەرباز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەک سەرباز لە گۆشەکانی قوتابخانەکەدا دەسوڕێنەوە، لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکان لە ناو حەوشەکەدا ئامادەن، بەڵام ئەم هەواڵانە پێشەنگی هەواڵەکانیان گرت کاتێک ئاگرکوژێنەوەیەک کە سەردانی یەکێک لە قوتابخانەکانی کردبوو، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕوونیکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکە (بێ ئەوەی ناوی بهێنێت) فەرمانی لەلایەن لایەنە باڵاکانەوە پێگەیشتووە بۆ دروستکردنی تابلۆی ناسنامە بۆ خوێندکاران.
"قوتابخانەکانی کرماشان بەربەستی ئامڕازییان لە حەوشەکانیان دروست کردووە"
لێدوانەکانی ئاشکرای دەکەن کە ئەم تابلۆیانە هەمان ئەوانەن کە سەربازان لە کاتی جەنگدا لەبەریان دەکەن بۆ ناسینەوەی ناسنامەکانیان لە کاتی شەهیدبوونیاندا، لەم ڕێوشوێنە تێدەگەین کە مەبەست دیاریکردنی ناسنامەی خوێندکارانە لە ڕێگەی ئەم تابلۆیانەوە ئەگەر قوتابخانەکە ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و کاردانەوە ناڕەزاییە بەرفراوانەکانی گەل، حکومەت پەلەی کرد لە ڕەتکردنەوەی لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە خۆیەوە، وەکو ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ”ئیرنا” و ”تسنيم” و ”هامشهری” و هی تر، بەڵام پێداچوونەوە بە مێژووی ڕەتکردنەوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەردەخات کە لە زۆر حاڵەتدا، کاتێک حکومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بوونی پرسێک ڕەت دەکاتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بوونی هەیە.
شایەتحاڵان لە کرماشان جەخت لەسەر بوونی دەنگۆیەکی بەهێز دەکەنەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێوشوێنە لە ژمارەیەک قوتابخانەی حکومیدا کە دەكەونە سنووری دەسەڵاتی ڕێکخراوی هەواڵگریی کێڵگە نەوتییەکان، پاش بیستنی هەواڵەکە خێزانەکان ڕوویان لە قوتابخانەکان کرد و پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە کرد، کە ئەمەش ڕێگری کرد لە جێبەجێکردنی پلەکە بەو شێوەیە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیش بابەتەکەیان لەبەردەم باوکان و دایکاندا ڕەتکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە بەرپرسانی قوتابخانەکان هەوڵیان دا لە کاتی کۆبوونەوەی باوکان و دایکان و مامۆستایاندا، بیرۆکەکەیان وەک ڕێوشوێنێکی پێویست و پاساودار بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی بنەمای ئەم ڕێوشوێنە بە هەڵە نەیەتە ئەژمار لە ئەگەری ئەنجامدانی، هەستیاریی بابەتەکە لە کرماشان بە جۆرێک پەرەی سەند کە سولەیمان محەبی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و فێرکردن لە پارێزگای کرماشان، ئەم بابەتی لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس ڕەت کردەوە، بەڵام بابەتەکە تەنها تابلۆکان ناگرێتەوە، بەڵکو زۆر کەس ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ڕێژەیەکی گەورە لە قوتابخانەکانی کرماشان بەربەستی ئامڕازیان لە حەوشەکانیان دروست کردووە، کە ئەمەش ژینگەی پەروەردەیی کردە هاوشێوەی ناوچەیەکی جەنگی.
میترا. ب ڕۆژنامەنووس وتی: دەتوانرێت سەربازیکردنی قوتابخانەکان لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا وەک وەبەرهێنانێکی درێژخایەن بۆیان سەیر بکرێت، چونکە درک بەوە دەکەن کە قوتابخانە لە پاڵ کۆمەڵگەدا یەکێکە لە گرنگترین شوێنەکان بۆ شێوەدان بە بیروباوەڕ و بیرۆکەکانی نەوەی گەنج، لەبەر ئەوە لە ڕێگەی گۆڕینی ژینگەی پەروەردەیییەوە بۆ کەشێک کە هاوشێوەی ژینگەی سەربازییە، ئەم ڕژێمانە نەوەی گەنج دەگۆڕن بۆ کۆمەڵەیەکی گوێڕایەڵ کە دەبێت لە سەرجەم ساتەکاندا ئامادە بێت بۆ جەنگ و بەرخۆدان، کاتێک تابلۆی ناسنامە بەسەر خوێندکاراندا لە هەندێک قوتابخانەی وڵاتدا دابەش دەکرێت، واتاکەی ڕوون دەبێتەوە کە حکومەت پلانێکی هەیە بۆ بەکارهێنانی منداڵان وەک قەڵغانی مرۆیی.
لە ژینگە پەروەردەیییەکانەوە بۆ ئامانجە سەربازییەکان
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام بە چاوی خۆمان بینیومانە کە چۆن حکومەت قوتابخانەکانی گۆڕیوە بۆ ژینگەیەک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەربازی و سیاسییەکانی، چونکە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دوایی کە وڵات لە سەرەتای ئەمساڵدا بەخۆیەوە بینی لەگەڵ شۆڕشی گەل و ناکۆکییەکانی تری پێشتردا، قوتابخانەکان کرانە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکان و ئامێرەکانی سەرکوتکردن، تەنانەت تەرمی گەلێک لەوانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژران گواسترانەوە بۆ حەوشەی قوتابخانەکان، هەروەها چەندین ڕاپۆرت گەیشتوون کە ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی دەستگیرکراوان دەکەن لە قوتابخانەکاندا لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندا پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بگواسترێنەوە بۆ زیندانەکان، لە جەنگەکانی دواییشدا بینیمان کە کۆماری ئیسلامی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی دەگواستەوە بۆ قوتابخانەکان بۆ دابینکردنی قەڵغانێکی پارێزەر بۆیان، بەم پێیە دەتوانم بڵێم قوتابخانەی مینابیش بووە قوربانی جێگیرکردنی کەرەستەی سەربازی لەلایەن حکومەتەوە لە دامەزراوە پەروەردەییەکان، ئێستا کۆماری ئیسلامی بە دابەشکردنی پۆستەری ناسنامە بەسەر خوێندکاران و بە ئامادەکردنی قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندن وەک بەرەی شەڕ، منداڵان بۆ مردن ئامادە دەکات، ئاڕاستەکردنی ڕێبازی فیکرییانە بە شێوەیەک کە باوەڕ بە پێویستی خۆئامادەکردن بۆ شەڕ و مردن لە مێشکیاندا دەچێنێت، لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین منداڵان لەم سیستەمەدا نوێنەرایەتی جێگرەوەیەک دەکەن کە دەبێ بکرێنە قوربانی لە پێناو پاراستنی ڕژێم.
خوێندکارانی بێ پەڕتوک
سەرەڕای گۆڕینی قوتابخانەکان بۆ بنکەی سەربازی و ناچارکردنی خوێندکاران بە ئامادەبوون لە پۆلەکاندا، ڕاپۆرت دەربارەی دابەشنەکردنی پەڕتووکەکانی خوێندن دوای مانگێک لە دەستپێکردنی ساڵی خوێندن گەیشتوون، سەرچاوە هەواڵییە جیاوازەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە چەندین خوێندکار هێشتا بە بێ پەڕتوک دەچن بۆ قوتابخانە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتیش ئەم دواکەوتنەیان گەڕاندووەتەوە بۆ هۆکاری وەک گواستنەوەی خوێندکاران، بەڵام پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە: لە سێبەری نەبوونی پەڕتوکی خوێندندا، بۆچی حکومەت سوورە لەسەر ئامادەبوونی خوێندکاران لە پۆلەکانی خوێندندا کە لە بەرەی جەنگ دەچن؟