یونیسێف: قەیرانی ئاو لە ئەفغانستان خراپتر دەبێت و تەندروستی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە

یونیسێف هۆشداریدا لە خراپتربوونی قەیرانی ئاو لە ئەفغانستان بەهۆی وشکەساڵی توند و کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی ژێر زەوی، جەختی لەوە کردەوە کە تێکچوونی ژێرخانی ئابووری هەڕەشە لە ملیۆنان کەس دەکات و ئاڵەنگاری ئاڵۆز بۆ تەندروستی و پەروەردەی منداڵان دروست دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی کەمی ئاو لە ئەفغانستان بە خێرایی بەرەو خراپتر دەچێت و هەڕەشە لە داڕمانی کەرتی کشتوکاڵ دەکات و ملیۆنان ئەفغانی بە تایبەت منداڵان دەخاتە ناو چنگی برسێتی و هەژارییەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسی ڕاستەقینە لە ئاوارەبوونی بەربڵاو کە دەتوانێت هەڕەشە لە سەقامگیری ناوخۆیی بکات.

 

قەیرانی ئاو لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەردەوام لە پەرەسەندندایە، لە ژێر فشارەکانی زیادبووندا لەوانە وشکەساڵی توند، کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی ژێر زەوی، دابەزینی کارایی ژێرخانی. ئەمەش ملیۆنان کەس دەخاتە دۆخێکی خراپەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی سەختی بژێوی و تەندروستی دەبنەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خۆراک و تەندروستی و پەروەردەی منداڵان هەیە بەپێی یونیسێف.

 

نوێنەری یونیسێف لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، کە هۆکارە سەرەکییەکانی خراپترکردنی کێشەی ئاو بریتین لە خواستێکی زۆر، سنووردارکردنی بودجە، زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی و کەمیی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و دامەزراوەکانی دابینکردن.

 

بەپێی هەڵسەنگاندنی پێداویستییە مرۆییەکانی ساڵی ٢٠٢٦ی ڕێکخراوەکە بۆ ئەفغانستان، نزیکەی ١٥.٩ ملیۆن کەس پێویستیان بە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی هەیە، لەکاتێکدا ڕێکخراوەکە ئامانجیەتی لە ڕێگەی بەرنامەکانییەوە ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ نزیکەی ٢.٩ ملیۆن کەس دابین بکات.

 

لە کابولی پایتەخت، یەدەگی ئاوی ژێر زەوی ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی زیاتر بووەتەوە بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانی شار و کەشوهەوا، دیارترینیان گەشەی خێرای دانیشتوان، بڵاوبوونەوەی شارەکان بە شێوەیەکی ڕێکنەخراو، کونکردنی بیری بەرفراوان و نایاساییەکان و کاریگەرییە بەردەوامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، پێشبینی دەکرێت بەردەوامی دەرهێنانی ئاو بەو ڕێژەیەی ئێستا تا ساڵی ٢٠٣٠ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توندی یەدەگی ئاوی ژێر زەوی.

 

ئەم نیشاندەرانە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکەنەوە بۆ کردەوەی خێرا لە ڕێگەی چەندین ڕێوشوێنەوە، لەوانە ڕێکخستنی دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی و ڕاگرتنی کونکردنی بیرە ڕێکنەخراوەکان، فراوانکردنی تۆڕەکانی دابینکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی دابەشکردن، باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، بەرزکردنەوەی خۆڕاگری لە وشکەساڵیدا بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و ئاسایشی خۆراک.