یاسای "پاکی و باڵاپۆشی" لە قوتابخانەکاندا ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنانی گەنج
لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی پەروەردە فەرمانێکی نوێی بە ناوی "پاکی و باڵاپۆشی" لە قوتابخانەکان دەرکرد، جارێکی دیکە داوای کۆنترۆڵکردنی جەستە و جلوبەرگی مامۆستایان و خوێندکارانی کرد.

ناوەندی هەواڵ
یاسای "پاکی و باڵاپۆشی" لە قوتابخانەکانی ئێراندا یەکێک لە دیارترین ئامرازەکانی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییە کە دەسەڵاتداران بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە ئایدۆلۆژییەکانیان بەکاریدەهێنن، داوا لە ژنانی مامۆستا و خوێندکارەکان دەکات پابەندبن بە کۆدێکی تایبەت بە جل و بەرگ و پێوەرە توندەکانی ڕەفتار لەناو دامەزراوە پەروەردەییەکان.
لە کاتێکدا، کە کۆمەڵگەی ئێران لە دوای شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا شایەتی گۆڕانکاری قوڵی کولتووری بووە، هەروەها داڕێژەرانی سیاسەت لە کۆماری ئیسلامیدا بەردەوامن لە سەرنجدان لەسەر کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان وەک ئامرازێکی حوکمڕانی، وەزارەتی پەروەردە بە دەرکردنی فەرمانێکی نوێ لەسەر "پاکیزەیی و باڵاپۆشی" کە پابەندبوونی باڵاپۆشیە بۆ مامۆستایان و خوێندکاران دووپات دەکاتەوە، کە ئەم بڕیارە بە ڕوونی دژایەتی پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان و داخوازییەکانی هاوڵاتیانە بۆ ئازادی، بەتایبەتی لە نێو ژنان و گەنجاندا.
ئەم فەرمانە کە بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانە حکومی و ئەهلیەکان و ناوەندە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان و هۆڵە وەرزشییەکان دەرچووە، داوا لە بەڕێوەبەران دەکات پابەندبن بە مەرجەکانی وەک لەبەرکردنی سەرپۆش بۆ ژنانی مامۆستا، قەدەغەکردنی هەموو جۆرە ماکیاژێک، نینۆکی درێژ، و زێڕینگەری، سەرپۆشی نەچەسپاو و چەکەتی قۆڵ درێژ کە دەگاتە خوار ئەژنۆ، پانتۆڵی قوماش، سەرپۆشی درێژ بە ڕەنگی نەریتی، و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هەموو جۆرە جوانکارییەک لە قوتابخانە و فەرمانگەکانی دامەزراوەکان، کە بە بۆچوونی چالاکوانی یەکێتیی مامۆستایان، ئەم سیاسەتە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئازادی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ژنانی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێک بۆ کۆنترۆڵکردن و سزادان.
لە بڕگە جیاوازەکانی ئەم ڕێنماییەدا، بەڕێوبەری قوتابخانەکان نەک دەبێت چاودێری "جل و بەرگی تەواو ئیسلامی" بکەن، بەڵکو لە ئەگەری "سەرپێچی" مامۆستایان یان خوێندکاران ڕەوانەی وەزارەتی پەروەردە بکەن، بە پێی ئەم ڕێنماییە سیستەمی پەروەردە کە بڕیار بوو سەکۆیەک بێت بۆ پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەی و وتووێژ، گۆڕاوە بۆ دامەزراوەیەکی دیسپلین و لێکۆڵینەوە.
ئەم سیستمە چاودێرییە ڕەنگدانەوەی هەمان لۆژیکی کۆنترۆڵکردنە کە ئاراستەی ژنان دەکرێت، لە شێوێنەی گشتیەوە بۆ شوێنی تایبەت، لە شەقامەکانەوە تا پۆلەکان درێژدەبێتەوە، ئەم پراکتیزانە نەک هەر ئازادیەکانی تاک پێشێل دەکەن، بەڵکو ژینگەی پەروەردەی تێکدەدەن، کە بڕیارە لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزگرتنی یەکتر بونیاد بنرێت.
لە وەڵامی ئەم ڕێنماییەدا، وتەبێژی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی یەکیەتی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاند، رێنمایی نوێ سەبارەت بە "پاکیزەیی و باڵپۆشی" لە قوتابخانەکاندا، ڕاستی کۆمەڵگە بە تایبەت نەوەی زی، نەوەیەکە کە چیتر ملکەچی زۆرەملێ و کۆنترۆڵی جەستە و ژیانی کەسییان نییە، وە پشتگوێ دەخات.
جەختی لەوە کردەوە، کە پەروەردە کاتێک لەگەڵ ئازادی و گفتوگۆ و شکۆمەندی مرۆڤدا تێکەڵ دەکرێت، واتای هەیە، نەک ترس و تۆقاندن و گەڕان بەدوای جل و بەرگدا، وتی: ئێمە لە ئەنجومەنی هەماهەنگی قوتابخانەکان بە شوێنێکی هۆشیاری و پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی دەزانین، نەک شوێنێک بۆ سەپاندنی دیسیپلینی ئایدیۆلۆژی بەسەر جەستەی خوێندکاران و مامۆستایاندا.