دوو تاوان لە یەک ڕۆژدا مەغریبی هەژاند و پێویستی پاراستنی ژنانی ئاشکرا کرد

مەغریب لە یەک ڕۆژدا دوو تاوانی ترسناکی دژی ژنان بەخۆیەوە بینی، ئەم تاوانانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە توندوتیژی خێزانی ئاشکرا دەکەن و دووبارە پرسی پاراستنی یاسای و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان لە بەرامبەر پەرەسەندنی تاوانەکان ئاشکرا دەکەن.

مەغریب

 

لە یەک ڕۆژدا مەغریب دوو تاوانی شۆککەری دژی ژنان بەخۆیەوە بینی، کە لەلایەن دوو پیاوەوە ئەنجامدراون کە وایە لە قوربانییەکان نزیک بوون، بەڵام پەیوەندییەکانیان گۆڕاوە بۆ توندوتیژی کوشندە، یەکەمیان لە شاری بن ئەحمەد ڕوویدا، کە هاوژینێک ژنەکەی کوشتووە و بە ئامێری بڕینی کارەبای جەستەی پارچە پارچە کردووە پێش ئەوەی بە ئاشکرا بینێژێت، دووەمیان لە شاری داربەیزا ڕوویدا، کە پۆلیسێک تەقەی لە ژنێک کرد کە دەیناسی، دواتر هەوڵی خۆکوشتنی دا بە تەقەکردن لە سەری خۆی.

 

ئەمانە تاوانی هاوکاتن، لە چوارچێوەدا جیاوازن، بەڵام یەک تایبەتمەندییان هەیە: بەرزبوونەوەی نائارامکەری توندوتیژی پیاوان لە توندڕەوترین جۆرەکانیدا، وە دووبارەبوونەوەی بە ئازاری پرسیارێکی کۆن و دووبارەبووەوە: بۆچی ژنان بەردەوامن لە پێدانی باجی شکستە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان لە سیستەمی پاراستن؟

 

تاوانی بن ئەحمەد

ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم پۆلیس پیاوێکی تەمەن چلەکانی بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستگیرکرد کە لە مانگی ئایارەوە بێسەروشوێن بوو.

 

لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، هاوژینەکە کە پێشینەی تاوانی هەبووە، لەناو ماڵەکەدا دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنەکەی پێش ئەوەی بە ئامێری بڕینی کارەبا تەرمی ژنەکەی پارچە پارچە بکات و لە ناوچەیەکی کراوە فڕێی بدات.

 

لە میانی گەڕانێکی ورددا کە لەلایەن لیوای پۆلیسی دادوەری پارێزگای بدتات ئەنجامدرا، ئەندامەکانی جەستە و جلوبەرگ و ئامێری تیژ و ئامێری بڕینی کارەبایی دۆزرایەوە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک کە گومانی لێدەکرێت بۆ گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستە بەکارهاتبێت، پاشماوەکان ڕەوانەی تاقیگەی پۆلیسی دادوەری کران بۆ ئەوەی بە وردی ناسنامەی قوربانییەکە بناسرێتەوە.

 

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تاوانەکە لە دووبارەبوونەوەی ناکۆکی خێزانییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە توندوتیژی دژی ژنان لە لێدان و سووکایەتیکردندا ناوەستێت، بەڵکو دەتوانێت وردە وردە گەشە بکات بۆ کوشتن و بڕینی جەستە، لە نەبوونی میکانیزمی دەستێوەردانی خۆپارێزی کاریگەردا.

 

تاوانی داربەیزا

دوای چەند کاتژمێرێک لە ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی تاوانەکەی شاری بن ئەحمەد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیاندراوێکیدا، ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ناوچەی ئاسایشی داربەیزا کراوەتەوە، دوای ئەوەی ئەفسەرێکی پۆلیس لە ناو ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا ژنێکی کوشت کە دەیناسی بە بەکارهێنانی چەکی خزمەتگوزارییەکەی.

 

لە ڕآگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە دواتر ئەفسەرەکە هەڵاتووە و دوو تەقەی لە هەوادا کردووە بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت، پێش ئەوەی دەمانچەکە ئاراستەی سەری بکات، لە هەوڵێکدا، بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی، کە بە سەختی بریندار بووە و دواتر گواسترایەوە بۆ بەشی چاودێری چڕ.

 

زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە پاڵنەرەکانی تاوانەکە سۆزداری بووە، ئەمەش جارێکی دیکە پرسیاری گۆڕانکاری مەترسیدار لە پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاودا دەوروژێنێت کاتێک هاوسەنگی و ڕێز لەدەست دەچێت، هەروەها کاتێک مەیلی خاوەندارێتی و تۆڵەسەندنەوە دەخزێنە ناو دەروونییەوە.

 

لە دەرەوەی تاوانەکان

ئەم دوو ڕووداوە گۆشەگیر نین، بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، وڵاتەکە شاهیدی زیادبوونی مەترسیدارە لە ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەلایەن هاوژینەکانیان یان هاوبەشەکانیانەوە دەکوژرێن، سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر دەرکردنی یاسای ژمارە ١٠٣-١٣ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی ٢٠١٨، ئەم یاسایە سزاکانی بەهێزترکرد و پێناسەی توندوتیژی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی توندوتیژی جەستەی، سێکسی، دەروونی، و ئابووری بگرێتەوە.

 

بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر زەوی بۆشایی گەورە ئاشکرا دەکات، چ لە میکانیزمەکانی ڕاپۆرتکردن و چ لە پاراستن، چ لە بەدواداچوون و چاودێری لاوازدا کە پێشکەش بە قوربانییەکان دەکرێت پێش ئەوەی کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی بەرەو کوشتن بەرزببنەوە، زۆرێک لە سکاڵاکان بەهۆی نەبوونی بەڵگە یان لەبەر ئەوەی قوربانییەکە دەستبەرداری توندوتیژییەکانیان دەبێتەوە دادەخرێن و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ هەمان کایەی مەترسیدار.

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤی ژنان پێیان وایە گۆڕینی توندوتیژی بۆ کوشتن دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کولتووری نەرمی بەرامبەر بە دەستدرێژیکاران و ڕێگری دامەزراوەی لاواز و نەبوونی ڕێبازێکی گشتگیرە کە تیشک بخاتە سەر پاراستنی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژنان.

 

ئەو دوو تاوانە بە هەموو وردەکارییە شۆککەرەکانیانەوە، ڕەنگدانەوەی تێکچوونی مرۆیی لەناو خێزانەکەدان و پرسیار دەوروژێنن کە ئایا یاساکان بە تەنها بەسە بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی، یان گۆڕانکارییەکی کولتووری و پەروەردەی پێویستە بۆ چاندنی ڕێزگرتن لە ژنان وەک هاوبەش، نەک وەک موڵکی تایبەت، لە کاتێکدا، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی پشت ئەو دوو تاوانە، پرسیاری قوڵتر دەمێنێتەوە: ئایا دەقی یاسای بەسە بۆ پاراستنی ژیان ئەگەر بە سیاسەتی خۆپارێزی و ناوەندە کاریگەرەکانی گوێگرتن و پەناگە لەسەر زەوی پاڵپشتی نەکرێت؟