ڕووبار مەجید: پەروەردەی تاک و ئازادی ژن جەوهەریترین خاڵی تێزەکانی ڕێبەرە

پەروەردە لە باشووری کوردستان وەک چەمکێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی لە نێوان میراسی سیستەمە ناوەندگەرەکان و مۆدێلە کلاسیکییەکاندا ڕووبەڕووی قەیرانی ناسنامە بووەتەوە، لێرەدا تێزە فەلسەفییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ڕێگەچارەسەرییەک دێتە پێشەوە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_مێژووی سیستەمی خوێندن لە باشووری کوردستان لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی دەوڵەتە ناوەندییەکان و دواتر ململانێ سیاسییەکاندا بووەو ئەمەش وایکردووە زانست لە خزمەتی بازاڕی کار و بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا بێت نەک ئازادیی مرۆڤ هەر بۆیە لە ئێستادا پێویستییەکی هەنووکەیی بە گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردەیی هەیە بە جۆرێک کە چەمکەکانی وەک ئازادیی ژن و پاراستنی ژینگە و نەتەوەی دیموکراتیک بکرێنە بنەمای ئەکادیمیاکانی کۆمەڵگە بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی کە ناوەندە زانستییەکانی گرتووەتەوە.

 

 سیستەمی فەرمی خوێندن لە باشوور هێشتا لە نێوان مۆدێلی کلاسیکی ڕۆژئاوایی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکاندا وێڵە و ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی جیاوازییەک لە نێوان پێویستییەکانی کۆمەڵگە و ئەوەی لە ناوەندە زانستییەکاندا دەخوێندرێت، چەمکی پەروەردە لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا وەک ئامڕازێکی بنەڕەتی بۆ ڕزگاریی مرۆڤ دەبینرێت چونکە کۆمەڵگەیەک خاوەنی سیستمێکی پەروەردەیی سەربەخۆ و پێشکەوتوو نەبێت ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و لێرەشەوە گرنگی ئەو پەیامانە دەردەکەوێت کە جەخت لەسەر پەروەردەی جەوهەری دەکەنەوە و پێیانوایە مرۆڤی ئازاد بەبێ پەروەردەیەکی دیموکراتیک و دوور لە عەقڵییەتی دەسەڵاتگەرایانە دروست نابێت، بەڵام کاتێک سەیری دۆخی باشووری کوردستان دەکەین دەبینین کە هەرچەندە هەوڵ هەبووە بۆ سوودوەرگرتن لەم جۆرە فیکرە بەتایبەت لە ناوەندە ڕۆشنبیرییە نافەرمییەکاندا بەڵام لە ئاستی دامەزراوەیی و حکومیدا هێشتا سیستمی پەروەردە لەژێر کاریگەریی مۆدێلە کۆنەکان و بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا ماوەتەوە و نەتواندراوە وەک پێویست ئەو پەیامانەی کە داوای گەڕانەوە بۆ ناسنامەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە و ئازادیی ژن و پاراستنی ژینگە دەکەن بکرێنە بنەمایەک بۆ ریفۆرمی پەروەردەیی، بەتایبەت لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و زانکۆکاندا کە وەک ناوەندی ئەکادیمی دەبێت پێشەنگی گۆڕانکاری بن کەچی زۆرینەی کات زانکۆکانی باشوور لە جیاتی ئەوەی ببنە مەڵبەندی ڕەخنەیی و داهێنان بونەتە شوێنی دووبارەکردنەوەی زانیارییە تیۆرییەکان و دابڕاون لە کێشە ڕاستەقینەکانی ناو جەرگەی کۆمەڵگە، ئەمەش وایکردووە کە زانکۆ نەتوانێت ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە گۆڕینی عەقڵییەتی تاک و پەرەپێدانی زانستیی کۆمەڵگەدا بگێڕێت، بۆیە پێویستییەکی هەنووکەیی هەیە کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە فەلسەفەی پەروەردەدا بکرێت، بە جۆرێک کە زانست لە خزمەت مرۆڤایەتی و ئازادیدا بێت نەک تەنها وەک ئامرازێکی تەکنیکی بۆ بازاڕی کار ، لێرەدا تێزە فەلسەفییە پێشکەوتنخوازەکان دەتوانن وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ ڕزگارکردنی زانکۆ و پەروەردە لە چەقبەستوویی بەکاربهێنرێن تاوەکو نەوەیەک پێبگات کە خاوەن ئیرادە و فیکری سەربەخۆ بێت و بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکانی داهاتوو ببێتەوە.

 

پەروەردە لای ڕێبەر پرۆسەی خۆناسین و ڕاستینەی مرۆڤە

 بەپێی فەلسەفەی ڕێبەر ی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پرۆسەی پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و تاکی ئازاد کۆڵەکەی سەرەکی و بنچینەیی گۆڕانکارییە ڕادیکاڵەکانەیەو بێ پەروەردەیەکی فیکری و مەعریفی ناتوانرێت ڕووبەڕووی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ببینەوە، چونکە پەروەردە لای ڕێبەر تەنها فێربوونی خوێندن و نووسین نییە بەڵکو پرۆسەی خۆناسین و گەڕانەوەیە بۆ ڕاستینەی مرۆڤ و کۆمەڵگە کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتداریی هەزاران ساڵەدا شێوێنراوە ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاک ناتوانێت ئازاد بێت ئەگەر کۆمەڵگەکەی لە کۆت و زنجیری فیکری و کۆمەڵایەتی ڕزگار نەکرێت و بە هەمان شێوەش کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە بێ بوونی تاکی هۆشیار و خاوەن ئیرادە ئەستەمە.

 

پرسی ئازادی ژن جەوهەریترین خاڵی تێزەکانی ڕێبەرە

ڕءبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت "ئاستی ئازادی هەر کۆمەڵگەیەک بە ئاستی ئازادی ژن لەو کۆمەڵگەدا دەپێورێت چونکە ژن یەکەمین چین و ڕەگەز بووە کە لە مێژوودا کەوتووەتە ژێر چەوسانەوە و کۆیلایەتی بۆیە کاتێک ژن پەروەردە دەکرێت و دەگاتە ئاستی بڕیاردان و ئیرادەی سەربەخۆ ئەو کاتە هەموو کۆمەڵگە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێت لێرەوە چەمکی ژنۆلۆژی وەک زانستی ژن و ژیان دەبێتە کۆڵەکەی سەرەکی بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد" و ژنۆلۆژی لای ڕێبەر تەنها تیۆر نییە بەڵکو پرۆسەیەکی پەروەردەیی پراکتیکییە بۆ گەڕانەوەی ژن بۆ ناسنامە و ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی و کاتێک ژن لە ڕێگەی ئەم زانستەوە هۆشیار دەبێتەوە دەتوانێت هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە بەرەو ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینە ببات.

 

پەروەردەی تاک؛ پاراستنی ناسنامە لە بەرامبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری

 بە هەمانشێوە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک لای ڕێبەری گەلی کورد مۆدێلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای پەروەردەی فرەچەشن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان دامەزراوە و لە بری نەتەوەپەرستی جەخت لەسەر کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی دەکاتەوە کە تێیدا تاکەکان لە ڕێگەی پەروەردەیەکی دیموکراتیکەوە فێر دەبن چۆن بە بێ پێویستی بە دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەم مۆدێلە وایکردووە کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی ببێتە گەرەنتییەک بۆ تێکشکاندنی قۆرخکاری دەسەڵاتی پیاو و گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ ناو جومگەکانی بڕیاردان چونکە کاتێک ژن و پیاو پێکەوە و بە یەکسانی ڕێبەرایەتی پرۆسەکان دەکەن عەقڵییەتی تاکڕەوی جێگەی خۆی بۆ عەقڵییەتێکی دیموکراتیک چۆڵ دەکات، لە پاڵ ئەمەشدا چەمکی پاراستنی جەوهەری لای ڕێبەر  بریتییە لە پەروەردەکردنی تاک بۆ ئەوەی بتوانێت ناسنامە و فەرهەنگی خۆی لە بەرامبەر هێرشە فەرهەنگییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بپارێزێت و نموونەی هەرە دیار و کردەیی ئەم تێزانە لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەبینرێت کە تێیدا پەروەردە لە ڕێگەی ئەکادیمیاکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ژنۆلۆژییەوە وایکردووە تاکەکان فێری شێوازی ژیانی هاوبەش ببن و ژنان ببنە پێشەنگی شۆڕش و ئەمەش سەلماندی کە کاتێک ژن خاوەن فیکر و ئیرادەی ئازاد بێت دەتوانێت سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت لە کۆتاییدا چەمکی ژیانی ئازاد و هاوبەش لووتکەی ئەو ئامانجەیە کە پەروەردەی ئاپۆیی هەوڵی بۆ دەدات چونکە ژیانی ئازاد تەنها لە ڕێگەی گۆڕانکاری لە ناو ناخی مرۆڤەکاندا دروست دەبێت کە تێیدا عەقڵییەتی خاوەنداریەتی جێگەی خۆی بۆ ڕێزگرتن لە سروشت و ژن چۆڵ بکات و پەروەردە ببێتە پردێک بۆ گەیشتن بەو کۆمەڵگە ئازادەی کە تێیدا مرۆڤەکان بە ئیرادەی خۆیان شکۆمەندی مرۆڤایەتی دەپارێزن.

 

"دەبێت پەروەردە فێری خۆناسینت بکات"

ڕووبار مەجید، مامۆستای زانکۆ لە کۆلیژی یاسا لە زانکۆی سلێمانی دەربارەی گرنگی پەروەردە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: بێگومان پەروەردە بەردی بناغەی هەموو کۆمەڵگەیەکە، پەروەردەش دەبێت پەروەردەیەکی تەندروست بێت و سەرەتا لە خێزان و باخچەی ساوایانەوە دەستپێدەکات تا خوێندگەو زانکۆکان، کاتێک پەروەردە کەسێکی بەرهەمهێن و تەندروست بەرهەم دەهێنێت کە پەروەردەکە خۆی تەندروست و ئامانجدار بێت و ئامانجی دروستکردنی مرۆڤێک بێت کە کەموکورتیەکانی کۆمەڵگە پر بکاتەولە نەک تەنها پەروەردەیەکی کلاسیکی و فێرکردنی هەندێک زانیاری و زانستی سنووردار بێت، راستە دەبێت هەموو کەس زانیاری هەبێت بەتایبەت لە بوارێکی دیاریکراودا، بەڵام دەبێت پەروەردەیەکی تەندروستی هەبێت و بتوانێت بەکاری بهێنێتەوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەو ئەو پەروەردە دەبێت گۆرانکاری لە کەسایەتی ئەو کەسەدا دروست بکات نابێت تەنها بۆ ئەوە بێت کە بڕوانامەیەک بەدەستبهێنێت  و جوینەوەی زانیارییە کۆنەکان بێت و دواتر بتوانێت کارێکی دەست بکەوێت،  وەک رۆبۆتێک کە تەنها ئەو زانیاریانەی کە داوتە پێی بتیاتەوە، پەروەردەی کلاسیکی ئەو مرۆڤانە بەرهەم دەهێنێت، ئەم مرۆڤانە خاوەنی خودی خۆیان نین و ناتوانن لە ژیانیاندا بریاری جدی و کاریگەر بدەن و کەسایەتی پیشەنگ و سەرکردەیان لێدەرناچێت، دەبێت بەدەستهێنانی بروانامە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیاندا و بتوانێت ئەو گۆرانکاریانە لە بەرژەوەندی جارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەدا بەکاربێت، دەبێت فێری خۆناسینت بکات، کاتێک کە پەروەردەیەک فێری خۆناسین و فێری چارەسەرکردنی کێشەکان و رووبەرووبوونەوەی کێشە جدییەکانی ناو کۆمەڵگەت نەکات ئەوا ئەو پەروەردەیە سودێکی نابێت.
 

ڕووبار مەجید وتی : بۆ ئەوەی ئەو  دامەزراوانەی کە خوێنداکار فێری پەروەردەو فێرکردن دەکەن، تەنها نەبێتە شوێنێکی بروانامە بەخشین و دەرچوونی کۆمەڵێک خوێندکار، دەبێت سیستەم و مەنهەجی خوێندن گۆڕانکاری بەسەردا بهێنرێت،ئەم گۆرانکارییەش بەوە دروست دەبێت کە خوێندکار کەسایەتییەکی رەخنەگرانەو کەسایەتییەکی داهێنەرانەی هەبێت، دەبێت لەو خاڵانەدا بوەستێت کە لێی تێناگات و دەبێت رەخنە بگرێت لەو زانست و زانیارییانەی کە پێی دەدرێت نەک تەنها دەرخی بکا و لە تاقیکردنەوەکاندا بیانووسێتەوە و لە قۆناغێکەوە دەربچێت بۆ قۆناغێکی دیکە، ئەمە خوێندکاری داهێنەر و سەرکەوتوو دروست ناکات ، سیستمی نوێ کە ئێستا لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێت برینییە لە سیستەمێک کە ڕێگە بە خوێندکار دەدات ڕەنخە بگرێت، تا ئێمە خوێندکار نەکەینە کەسایەتییەکی  رەخنەگر ناتوانین خوێندن بەرەو پێش بەرین، چونکە بەردی بناغەی داهێنان بریتییە لە ڕەخنە گرتن.

 

" دەتوانردێت سود لە پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ ببینرێت بۆ گۆڕانکاری و بەرەو پێشبردنی سیستەمی خوێندن"

رووبار مەجید، مامۆستای زانکۆ تایبەت بە پەیامەکانی رێبەری گەلی کورد  بۆ پەروەرد و زانست وتی: ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵێک پەیامی جوانی هەیە تایبەت بە پەروەردەو فێرکردن و پێیوایە کە پەروەدرە دەکرێت وەک چەکێک بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازاد بکرێت لە سیستەمی کۆیلایەتی و پاشکۆیەتی بۆ سیستەمی سیاسی، ڕزگار بوون لە سیستەمی بندەستی و بتوانرێت کە تاکیکی سیاسی دەربچێت و قسەی هەبێت لە گۆرینی چارەنووسی نەتەوەکەیدا، یەکێکی دیکە لە چارەسەرەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەکارهێنانی زمانی دایکە، کاتێک لە شوێنێک دەخوێنێت،ئ ەگەر خوێندنەکە بە زمانی دایکی خۆت نەبێت پێویستە خوێندکار داوا بکات کە زمانی دایکی بۆ فەراهەم بکەن، چونکە ئەگەر ئێمە زمانی خۆمان رەتکردەوە ئەوا بوون و زاتی خۆمان رەت دەکەینەوە، لە باشووری کوردستاندا بەداخەوە کار لەسەر بیردۆز و پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ نەکراوە کە کار لەسەر دروستکردنی تاکی ئازاد و داهێنەر دەکات و دەتوانردێت سود لە پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ ببینرێت بۆ گۆڕانکاری و بەرەو پێشبردنی سیستەمی خوێندن ، هاوشێوەی ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەتواندرێت سودی لێ ببینرێت، ئێمە لە هەموو بوارەکاندا دەتوانین سود لە فیکر و رێبازەکانی رێبەر وەربگرین،  پەروەردە و فێرکردن وەک هەموو بوارەکانی تر دەبێت گۆرانکاری دروست بکات و دەبێت پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆمەڵگە هەبێت، بە بێ بوونی ئەم پەیوەندییە ئێمە ناتوانین کاریگەریان لەسەر دروست بکەین و بە داخەوە نەیتوانیوە تا ئێستا فیکر و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا کەم بکاتەوە و بەرەو لەناوچوونی ببات، بۆیە دەبێت گۆرانکاری تێدا بکرێت بۆ ئەوەی باڵانس و هاوسەنگی لە ناو کۆمەڵگەدا هەبێت و نابێت جیاوازی بکرێت لە تاکەکانی کۆمەڵگەدا، ئێمە پێویستمان بەوەیە دەبێت سیتەمی خوێندن بکرێت بە سەنتەر و بە ئامانج نەک کەسەکان، چونکە تا خوێندن نەکرێتە ئامانج ئەوا ناتوانین گۆڕانکاری بکەین و هەموومان کار بکەین بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەو خوێندن.