ڕوکەن ئەرچان: بوونی یەپەژە پەیوەستە بە بوونی گەل و ئیرادەی ژنانی ئازاد

ڕوکەن ئەرچان، سەرکردە لە یەپەژە دەڵێت: یەکینەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاواوە بەردی بناغەی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە بوون، تێکۆشانیان و بەرخۆدانییان لە پێناو ئازادیدا، وای لێکردوون ببنە سیمبولێکی جیهانی بۆ بەرخۆدانی ژنان.

نەغم چاچان

قامیشلۆ - لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، یەپەژە بابەتی بەرچاوی خەبات و بەرخۆدانیان نووسیوە، لە هێزێکی بەرگری لە خاک و گەلەوە گۆڕاون بۆ سیمبولی ئیرادەی ئازادی ژنان و دەنگێک کە سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان بە ئامادەیی ماوەتەوە.

 

لە تاریکترین و سەختترین کاتدا، شەڕڤانانی یەپەژە لە بەرەکانی پێشەوە بوون، بەرگرییان لە بەهاکانی ئازادی و کەرامەت و دادپەروەری دەکرد و سەلماندیان کە ژنان توانای سەرکردایەتیکردنی گۆڕانکاری و بونیادنانی داهاتوویەکی ئازادتر و یەکسانتریان هەیە، لە سایەی ئەم خەباتە بەردەوامەدا، یەپەژە بۆتە سیمبولی خۆڕاگری و سەرچاوەی ئیلهام بۆ ژنانی ناوچەکە و جیهان.

 

ڕوکەن ئەرچان، فەرماندەی یەپەژە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەمان وتی: بوونی یەپەژە پەیوەستە بە بوونی خودی خەڵکەوە، سەرەتا بە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە یەپەژە لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەدا بینیوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆش یەپەژە خەباتێکی بێ وێنەی کردووە و بەرخۆدانێکی گەورەی داوە لە پێناو ئازادیی ژنان، بۆیە بوونی و ناسنامە و خەباتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا ناسراوە، یەپەژە یەکێکە لە بەرهەمەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشدا، هەموو ژنێک خاوەنی ئیرادەیەکی ئازاد بوو و خەباتی ئازادیی ئەنجامدا، ژنان بۆ مافەکانیان و بوونیان پەیوەندییان بە یەپەژەوە کرد.

 

هەروەها باسی لە ڕۆڵی یەپەژە کرد لە شەڕی داعش، بەتایبەتی لە کۆبانێ وتی: لە شەڕی کۆبانێ دا، خەباتی یەپەژە بە ڕوونی دەرکەوت، ژنان سەلماندیان کە ئەوانیش، توانای هەڵگرتنی چەک و شەڕیان هەیە، ئەمەش ئەو تێڕوانینەی تێکشکاند کە ژنان ناتوانن شەڕ بکەن و شوێنی ئەوان تەنها لە ماڵەوەدایە،  گەشەسەندنی یەپەژە لەسەر ئەم بناغەیە بونیاد نراوە، لەگەڵ یەپەگە و وەسەدە، ژنانی شەڕڤان ئازایانە لە بەرەکانی پێشەوە شەڕیان کرد، لە ڕێگەی ئەم خەباتەوە، دەرکەوت کە ژنان لە پیاوان توانای شەڕکردنیان زیاترە و بەم شێوەیەش یەپەژە بە خوێن و بەرخۆدانێکی بێئەندازە بوون و ناسنامەی خۆیان سەلماند.

 

ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەت دان بە بوونی یەپەژەدا نانێت و کاریگەرییە بەهێزەکەی ڕەتدەکاتەوە، وتی: حکومەتی کاتی سووریا ئاگاداری بوێری و هێزی یەپەژەیە، هەربۆیە هەوڵدەدات نکۆڵی لە خەباتەکەی بکات و مێژووەکەی بسڕێتەوە، چونکە دەزانێت ئەگەر یەپەژە ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا، ئەوا کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت.

 

ڕوکەن ئەرچان، فەرماندەی یەپەژە وتی:  یەپەژە بەردەوام دەبێت لە خەباتی خۆی، تەنانەت ئەگەر حکومەتی کاتی هەوڵی نکۆڵیکردن لە یەپەژە بدات، ئەوا ناتوانێت ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە بوەستێنێت کە وەریدەگرێت، یەپەژە شەڕی داعشی کرد و شکستی بە داعش هێنا، بوونی ئەویش بە گەلەوە بەستراوەتەوە، مسۆگەری بوونی ژن دەکات، نکۆڵیکردن لەوە بە واتای نکۆڵیکردنە لە بوونی هەموو ژنان، ئێمە ئەم ئەقڵیەتە پاوانخوازە ڕەتدەکەینەوە، بوونی یەپەژە بوونی گەلە، و بوونی گەل بوونی یەپەژەیە.