کۆمەڵکوژیی هەڵینجێ: هەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی نووسینی مێژووی ئازادی ژنان
زەهرا بەرکاڵ، هەبون مەلا خەلیل، ئامینە وەیسی، سێ ژن کە بە خوێنی خۆیان لاپەڕەی مێژووی ئازادی ژنیان نووسی و هێزێکی بزوێنەر بوون لە ڕێپێوانی ژنان بەرەو بونیادنانی جیهانێکی ئازاد و پەرەپێدانی خەبات.
بەرچەم جودی
کۆبانێ-لە یەکێک لە پڕ ئازارترین بابەتەکانی خەباتی ژنانی کورد، کۆمەڵکوژی هەڵینجێ بوو بە سیمبولی ململانێی نێوان پرۆژەی ڕزگاریخوازی ژنان و هەوڵدان بۆ تێکدانی، لە کاتێکدا، ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بوون لە نووسینی لاپەڕەی نوێ لە مێژووی ڕزگاریخوازی خۆیاندا، هێرشەکان ژنانی دیاریان کردە ئامانج کە ڕۆڵی سەرەکییان لەم بزووتنەوەیەدا هەبووە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان کە شۆڕشی ژنان وەک یەکێک لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بەرچاوەکانی ناوچەکە سەریهەڵدا، ژنان هەنگاوی بەرچاویان لە ڕێکخستن و بەشداریکردن و سەرکردایەتیدا بەدەستهێنا، هەموو ژنێک کە لەم پڕۆژەیەدا بەشدار بوو، بوو بە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ڕزگاری ژندا.
بەڵام ئەم ئەزموونە بوو بە ئامانجێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو هێزانەی کە هەوڵی پاراستنی پێکهاتە نەریتییەکان و هەژموونی هەبوو، لەگەڵ گەشەکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، ڕۆژئاوای کوردستان شاهیدی زنجیرەیەک هێرش بوو کە چالاکوانان و سەرکردەکانی کردە ئامانج، لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشکەوتنە و لاوازکردنی دەستکەوتەکانی.
لەو چوارچێوەیەدا، شاری کۆبانێ کە تیشکی شۆڕشی ژنانی تێدا هەڵگیرسا، شایەتحاڵی یەکێک لە دیارترین ئەو هێرشانە بوو، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵێکی مەدەنی لە گوندی هەڵینجێ لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە کردە ئامانج، کە کارگێڕانی کۆنگرەی ستار، ڕێکخراوی مافی ژنانی تێدابوو.
هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی زەهرا بەرکاڵ، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، هابون مەلا خەلیل (بەدریە خەلیل)، کارگێڕی ناوچەی شیران، خاوەن ماڵەکە، ئامینە وەیسی، ئەم هێرشە خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدار بوو، کە نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەک دەکات بەرەو بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی ژنان لە ڕێگەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە.
ئەو سێ ژنەی لەو کۆمەڵکوژییەدا شەهید بوون، تەنها ناو نەبوون، بەڵکو کەسایەتییەک بوون کە جێپەنجەیەکی ڕوونیان لەسەر کۆمەڵگە و خەباتی ژنان بەجێهێشتووە.
زەهرا بەرکاڵ، لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاری کۆبانێ لەدایک بووە، چەندین ساڵ لە ژیانی خۆی بۆ کارکردن بۆ ئازادی ژنان تەرخان کردووە و بەشداری لە چەندین لایەنی شۆڕش و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا کردووە.
سەبارەت بە هەبون مەلا خەلیل کە ناوی ڕاستەقینەی بەدریە خەلیل بووە، لە ساڵی ١٩٨١ لە گوندی هەڵینجێ لەدایک بووە، زیاتر لە دوو دەیەی تەرخان کرد بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و ژنانی کورد، سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، درێژەی بە چالاکییەکانی دا، تا کۆچی دوایی لە کاتێکدا هێشتا خەریکی تێکۆشان بوو.
هاوکات ئامینە وەیسی نموونەی ڕۆڵی ئەو دایکانەی خستەڕوو کە لە پێناوی ئەو دۆزیەدا خەباتیان کردووە، ماڵەکەی بەڕووی شەڕڤانان و تێکۆشەراندا کردەوە و گۆڕی بۆ پەناگەیەکی پشتیوانی و پەناگە بۆ هەموو ئەوانەی پەیوەست بوون بە خەباتەوە، لە کاتی هێرشەکەدا ماڵەکەی بە تەواوی وێران بووە.
دوای ئەو کۆمەڵکوژییە، ژنانی کۆبانێ بڕیاریاندا ماڵی ئامینە وەیسی بگۆڕن بۆ مۆزەخانەیەک کە یادەوەری ئەو شوێنە و شەهیدان بپارێزێت، وەک شایەتحاڵێک لەسەر ئەو بەرخۆدانانەی کە دراون و پەیامێکی دووپاتکردنەوەی بەردەوامیی خەبات سەرەڕای هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی.

لە شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا، نادیە حەسۆ کە لەگەڵ شەهیدان ژیاوە و خەباتی ئەوانی ئەزموون کردووە، باس لەوە دەکات کە ژنان زیانبەرکەوتووی بێئەندازەیان داوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بە ئازادی و کەرامەت بژی، وتی: هەبون مەلا خەلیل ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بینیوە، لە کاتێکدا زەهرا بەرکاڵ دژی داگیرکاری و جیاکاری و هەڵوێستی پیاوسالاری شەڕی کردووە و ئامینە وەیسی ماڵ و ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی شەڕڤانانی ژنا و پیاو.
دووپاتی کردەوە، کە ژنانی کورد باجێکی قورسیان بۆ ئازادی داوە و بەرخۆدانیەیان بەشدارییان کردووە لە نووسینی مێژوویەکی نوێ بۆ ژنان، مێژوویەک کە لەسەر بنەمای ژێردەستەیی و پەراوێزخستن نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەشداریکردن و ئیرادە و ئازادییە.
نادیە حەسۆ جەخت لەسەر درێژەی ئەو ڕێبازە دەکاتەوە و وتی: مێژووی ژێردەستەیی ژنان بە درێژایی سەدەکان نووسراوە، بەڵام ئەمڕۆ ژنانی کورد لە پێشەنگی نووسینی مێژووی ئازادی خۆیانن، هێز لە ڤەرخۆدانی ئەو شەهیدانە وەردەگرن کە بوونەتە نموونەی درەوشاوە لە خەبات بۆ بونیادنانی جیهانێکی ئازادتر و دادپەروەرتر بۆ ژنان