حاڵەتەکانی ئیبۆلا لە کۆنگۆ هەزار کەسی تێپەڕاند، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترسی خراپتربوونی پەتاکە هەیە

دەسەڵاتدارانی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی ئاشکرایان کرد، کە ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلا بۆ هەزار و ٣ کەس بەرزبووەتەوە کە ٢٥٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا هۆشدارییەکان لە بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات.

 ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بۆ زیاتر لە هەزار کەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش پێشهاتێک نیگەرانی دەسەڵاتە تەندروستییە ناوخۆییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی فراوانبوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و بەردەوامی گواستنەوەی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دروستکردووە.

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە ٢١ی حوزەیران بڵاوکرایەوە، دەسەڵاتدارانی تەندروستی کۆنگۆ هەزارو سێ تووشبوویام ڕاگەیاند، کە ٢٥٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ٩٥٦ حاڵەت و ٢٤٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە دوایین نوێکردنەوەی فەرمیدا کە ڕۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، ئەمەش گوزارشتە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی تووشبووانە لە ماوەی کورتدا.

 

بڵاوبوونەوەی ئێستا زیاتر لە پارێزگای ئیتوری لە ڕۆژهەڵات چڕبووەتەوە، کە یەکەم حاڵەتی ڕاپۆرتکراو لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا دەست نیشانکراوە، لە میانەی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ پارێزگاکە، وەزیری تەندروستی کۆنگۆ دووپاتیکردەوە، کە ٨٠ نەخۆش چاکبوونەتەوە و لە ناوەندەکانی چارەسەری ئیبۆلا دەرچوون، هەروەها هەوڵە تەندروستییەکان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و بەهێزکردنی چاودێریکردن.

 

هاوکات ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لە زیادبوونی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی فایرۆسەکە لەسەر کەرتی تەندروستی، ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی ئێستاوە ٧٥ کارمەندی چاودێری تەندروستی تووشی ئیبۆلا بوون و ١٧ کەسیان بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەم ژمارەیە گوزارشت لە قەبارەی ئەو مەترسیانە دەکات کە ڕووبەڕووی کارمەندانی پزیشکی دەبنەوە کە لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەدا کاردەکەن.

 

شارەزایان مەزەندەی دەکەن کە ڕەنگە ڤایرۆسەکە چەند مانگێکە لە هەندێک ناوچەدا ببوبێت پێش ئەوەی یەکەم حاڵەتەکان بە فەرمی لە ١٥ی ئایاردا ڕابگەیەنرێت، ئەمەش بووە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەنێو ژمارەیەک لە دانیشتووان و کارمەندانی چاودێری تەندروستی پێش جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی وەڵامدانەوەی پێویست، لەوانەش شوێنپێهەڵگرتنی بەرکەوتن و دابڕان.

 

بڵاوبوونەوەی ئێستای ڤایرۆسی ئیبۆلا دەگەڕێتەوە بۆ جۆری دەگمەنی ”بونديبوجيو” ڤایرۆسی ئیبۆلا، کە لە ئێستادا هیچ ڤاکسینێکی پەسەندکراو و چارەسەری تایبەتی کاریگەر بۆی نییە، ئەمەش هەوڵەکانی خۆگرتن ئاڵۆز دەکات و خۆپاراستن، جیاکردنەوە، شوێنپێهەڵگرتنی بەرکەوتن، چاودێری پزیشکی پشتیوانی بۆ ئەوانەی تووشبوون دەکاتە جێگەی سەرنجی سەرەکی.

 

هەرچەندە ئەم فایرۆسە ئێستا کەمتر کوشندەیە لە چاو ئیبۆلا لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕۆژئاوای ئەفریقا کە زیاتر لە ١١ هەزار کەسی کوشت، بەڵام بڵاوبوونەوەی خێرای تووشبوونەکان لە ماوەی هەفتەکانی یەکەمی قەیرانی ئێستادا نیگەرانی دروست دەکات سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی فراوانتر ئەگەر ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بەپەلە بەهێز نەکرێن.

 

دەسەڵاتدارانی کۆنگۆ بە هاوکاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی بەردەوامن لە ئەنجامدانی هەڵمەتە مەیدانییەکان بۆ زوو دەستنیشانکردنی تووشبوونەکان و شوێنپێهەڵگرتنی بەرکەوتن و بەهێزکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یەکێک لە مەترسیدارترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە وڵاتەکە لە ساڵانی ڕابردوودا بینیویەتی.