نەبوونی دادپەروەری: چۆن بێ سزایی بەئامانجکردنی ژنان لە سووریا خراپتر دەکات
لەمیس مونزەر دەڵێت: ئەوەی ئەمڕۆ ژنان لە سووریا تووشی دەبن تاوانی گۆشەگیر نییە، بەڵکو سیستمێکی تۆکمەی سزادانی پێکەوەییە، کە لەژێر نکۆڵی فەرمی و بێدەنگییەکدا پراکتیزە دەکرێت کە دەرگای سووڕێکی نوێی ترس و داڕمانی متمانە بە پاراستن و دادپەروەری دەکاتەوە.
ڕۆشێل جونیۆر
سوەیدا - لە ژێر قورسایی دیمەنێکدا کە ترس و تیرۆر لەیەکتردا تێکەڵ دەبن و خێرایی پێشێلکارییە قورسەکان خێراتر دەبێت، هێڵکارییەکانی قەیرانێکی فراوانتر لە سووریادا سەرهەڵدەدەن و ژنان پاڵدەنێتە پێشەوەی ئامانجکردنی ڕاستەوخۆ، ڕفاندن چیتر ڕووداوی تاکەکەسی یان تاوانی گۆشەگیر نییە، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی سیستماتیکی زاڵبوون، بۆ شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەکان و دڕاندنی پەیکەری کۆمەڵایەتییان بەکاردێت.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو ڕاپۆرتانەی مافی مرۆڤ کە بەڵگەنامەیان لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، توندوتیژی سێکسی سیستماتیک، هاوسەرگیری بەزۆر و بەئامانجکردنی ژنانی سەر بە گروپە نەتەوەیی و ئایینییە تایبەتەکان تۆمار دەکەن، ترسەکان لەبارەی فراوانبوونی بازنەی بێ سزا و وەرینی ئەوەی کەمێک دەمێنێتەوە هەست بە ئاسایش و پاراستن زیاد دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، لەمیس مونزەر، ئەندازیاری ئایتی و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێکخراوی"بيتي أنا بيتك" "ماڵەکەم ماڵی تۆیە" دووپاتی دەکاتەوە: کە ماوەی دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤، شایەتی هەڵکشانی مەترسیدار بوو لە شەپۆلەکانی توندوتیژی و ڕفاندن کە ژنانیان کردە ئامانج، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە گروپە نەتەوەیی و ئایینییە تایبەتەکانن.
دووپاتی کردەوە، بەئامانجگرتنی ژنان لە شەڕە چەکدارییەکاندا کارێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژییەک کە ئامانج لێی تێکدانی پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانە لەڕێگەی بەئامانجگرتنی لاوازترین ئەندامەکانیان. لەو بەستێنانەدا جەستەی ژنان دەبێتە مەیدانی ململانێ و پەیامێکی سیاسی بۆ ترساندنی کۆمەڵگەمە و لاوازکردنی توانای پاراستنی ئەندامەکانی بەکاردێت.
ڕوونیشیکردەوە، ڕفاندنی ژنان لە چوارچێوەی سیستەمێکی فراوانتردا دەقۆزرێتەوە بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی کاریگەری بە لاوازکردنی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگە ئامانجدارەکان و چاندنی هەستی بێدەسەڵاتی، ژنان، وەک دڵی خێزان و سیمبوکانی شوناسی بەکۆمەڵ، دەبنە ئامرازێک بۆ درووستکردنی ترس و نیشاندانی کۆنترۆڵ، بەتایبەتی کاتێک سەر بە کەمینەکان بن کە ڕووبەڕووی دوو هەڕەشە دەبنەوە: بە ئامانجگرتنیان وەک ژن و وەک هەڵگری ناسنامەیەک کە بۆ ژێردەستەکردن دەکرێتە ئامانج.
لە نێوان بەڵگەنامەی مافی مرۆڤ و ڕەتکردنەوەی فەرمی
ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکانی پەرەسەندن لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی تۆکمەی مافی مرۆڤ دامەزراوە کە گەواهی لە ڕزگاربووان و کەسوکاری ئەو ژنانەی ڕفێنراون کۆکردۆتەوە و چارەنووسیان نادیارە، ڕێکخراوی "سووریاکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری"، لە لێکۆڵینەوەیەکدا بەناونیشانی "ڕفاندن لە سووریا: ژنانی عەلەوی زۆرترین ئامانج"، حاڵەتەکانی توندوتیژی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێ و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بەڵگەدار کرد.
جەختی لەوە کردەوە، ئەم دۆزینەوانە پێچەوانەی گێڕانەوەی فەرمین، کە هەوڵیداوە قەبارەی دیاردەکە کەم بکاتەوە، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، تەنها ٤٣ حاڵەت تۆمارکراوە، جگە لە یەک حاڵەت هەموویان گەڕاونەتەوە، بەڵام شایەتحاڵی خێزانەکان شکستێکی ڕوون لە چارەسەرکردنی سکاڵاکان ئاشکرا دەکەن، تەنانەت تۆمەتەکانیش کە زیانبەرکەوتووان بە هۆکاری کەسی جێیان هێشتووە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ داخستنی کەیسەکان و کەمکردنەوەی فشاری گشتی.
توندوتیژی دژی ژنان: لە نێوان ڕەگەز و ناسنامەی بەکۆمەڵ
لەمیس مونزەر جەختی لە جیاکردنەوەی دوو ئاستی توندوتیژی کردەوە، یەکەمیان توندوتیژی ڕەگەزییە، کە ژنان دەکاتە ئامانج چونکە ژنن و ئامانجی بەردەوامکردنی جیاکاری و نایەکسانی، دووەمیان توندوتیژی لەسەر بنەمای ناسنامە، کە ژنان وەک بەشێک لە گروپێک دەکرێنە ئامانج کە بڕیارە سزا بدرێن یان ژێردەستە بکرێن. لە کۆمەڵگە نەریتییەکان کە ژنان سیمبولی "کەرامەتی کۆمەڵگە"ن، هێرشکردنە سەریان دەبێتە کردەوەیەک کە ئاراستەی هەموو کۆمەڵگە دەکرێت، جەستەی ژن دەکاتە ئامرازێک بۆ درووستکردنی ترسی بەکۆمەڵ و سەپاندنی هاوکێشە نوێیەکانی باڵادەستی.
پاراستن و لێپرسینەوە: پێداویستییە پێویستەکان
لەمیس مونزەر پێی وایە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە لە ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستییەکان، دابینکردنی میکانیزمی پاراستنی کاریگەر لەناو کۆمەڵگەدا، دامەزراندنی تۆڕەکانی پشتیوانی کە توانای دەستوەردانیان هەبێت، سیستەمی بەڵگەنامەسازی کە بەڵگەکان دەپارێزن دەست پێدەکات، هەروەها ڕزگاربووان پێویستیان بە پشتیوانی یاسایی و تەندروستی و دەروونی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات ژیانیان بنیات بنێنەوە.
ئەو هۆشداریدا لە قسەکردن کە ڕەوایەتی دەدات بە ئامانجکردنی ژنان بە بیانووی خێڵەکی یان سیاسی، جەختی لەوە کردەوە، کە ژینگەی ڕق و کینە ڕێگە بە توندوتیژی دەدات ببێتە پراکتیزەیەکی "ڕەوا"، لێپرسینەوە پێویستییەکی سیاسی و یاساییە کە ناتوانرێت بەدەر بکرێت ئەگەر ئامانجەکە ڕێگریکردن بێت لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان.
یاسای نێودەوڵەتی: چوارچێوەیەکی ڕوون بۆ لێپرسینەوە
لەمیس مونزەر جەختی لەوە کردەوە، کە ڕفاندن و توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی چوارگۆشەیی دەکەوێتە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، دیارترینیان ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان لە ساڵی ١٩٧٩ و بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە توندوتیژی دژی ژنان لە ململانێکاندا بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی مەدەنی دەزانێت، بەم شێوەیە بەئامانجگرتنی ژنان دەبێتە تاوانێک کە سەقامگیری کۆمەڵگەکان تێکدەدات و پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە کە لە تەنها شەرمەزارکد تێدەپەڕێت بۆ ڕێوشوێنی پراکتیکی بۆ پاراستن و لێپرسینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگای دادپەروەری پشت بە هەوڵە کۆبووەکانی دەزگا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان دەبەستێت، وەک کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و میکانیزمی نێودەوڵەتی و بێلایەن و سەربەخۆ، ئەمە جگە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ڕێگریکردن لە شاردنەوەی ڕاستییەکان.
بێ سزایی و داڕمانی متمانە بە پاراستن
ڕوونیکردەوە، کە قەیرانەکە تەنها لە پەرەسەندنی تاوانەکاندا نییە، بەڵکو لە بێتوانایی حکومەتی کاتی سووریایە لە چارەسەرکردنی سکاڵاکان، بەتایبەتی ئەوانەی تایبەتن بە ژنانی عەلەوی، ئەم بێکردەوەیە هەستێکی گەشەسەندوو لە نێو ئەندامانی کۆمەڵگەداا دروستکردووە کە ئەوان لە دەرەوەی چەتری پاراستنی یاساییدان و ئەو مەترسییەی کە هەڕەشە لە ژنەکانیان دەکات، ئاراستەی هەموو کۆمەڵگە دەکرێت، لەگەڵ نکۆڵی فەرمی، ترس قووڵتر دەبێتەوە و ژنان لە ژێر فشاری مەترسییە ئەمنییەکان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان لە کەشی گشتی دەکشێنەوە.
وتیشی: کە تاوانەکانی ڕفاندنی ژنان دەبێ بەشێکی دانەبڕاو بن لە پڕۆسەی دادپەروەری گوازراوەی گشتگیر و لێپرسینەوە دەبێت بێ جیاوازی هەموو لایەنەکان بگرێتەوە، جا پێشێلکارییەکان پێش ڕووخانی ڕژێم یان دوای ڕووخانی ڕژێم ئەنجام دراون، ئەو توندوتیژیانەی لە ناوچە کەنار دەریاکان، حومس، حەما، دیمەشقی گوندنشین، جەرامانە، ئەشرەفیە سەحنایا و سوەیدا بەدیکراون، ئەوە ئاشکرا دەکات کە پێشێلکارییەکان بەربڵاو و فرەلایەنە بوون، ئەمەش وایکردووە بەشداریکردنیان لە پرۆسەکانی دادپەروەریدا ببێتە پێویستییەک نەک بژاردەیەک.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە پێی پێوەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی مەدەنی، هەروەها دادپەروەری بۆ ژنان داواکارییەکی جیا نییە، بەڵکو بەشێکە لە دادپەروەرییەکی فراوانتر کە هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە.