تولای حاتیمۆغولاری: دەبێت بەپێی سازانی کۆتایی یاسا دەربچێت
تولای حاتیمۆغۆلاری، ھاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا کە یاسای چوارچێوە دەکرێت ببێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ دیموکراتیزەبوون و وتی: دەبێت ئەم یاسایە ڕەچاوی بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان بکات و بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە پرۆسەکە بەڕێوە ببات.
ناوەندی هەواڵ
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و یاسای چوارچێوەکە بۆ پرۆسەکە دەردەچێت و پرسی کۆنگرەی داهاتووی دەم پارتی، تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد.
تولای حاتیمۆغولاری سەرنجی خستە سەر یاسای چوارچێوەو وتی: ماوەی دوو ساڵە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ئێستاش باس لە یاسای چوارچێوە دەکرێت، شاندەکەمان لە ٢٠ـی تەمووزدا لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دیداری ئەنجامدا، لە ٢١ـی تەمووزدا بەڕێز نوعمان کورتولموش سەردانی کردین و ڕایگەیاند کە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، پڕۆژەیاساکە دەهێندرێتە پەرلەمان، دەبێت ئەو یاسایە بە بەرتەسکی لێی نەڕواندرێت، دەبێت تەواوی پارتە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی ١٠٠ ساڵە بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ، بەڕێز ئۆجالانیش لە کۆتا دیداردا جەختی لەسەر گرنگیی بنەمای یاسای چوارچێوە کردەوە و دەڵێت “دەبێت بە بەرتەسکی بابەتی ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت و ببێتە دەستپێکی پەڕەیەکی نوێ و سەردەمێکی نوێ.” هەروەها بەڕێز ئۆجالان سڵاوی بۆ سەرجەم گەلەکەمان نارد، ئەو تێڕوانینەی بەڕێز ئۆجالان بۆ چارەسەری زۆر بەواتایە، چارەسەری بە بنەمایەکی یاسایی و لەسەر بنەمای یەکسانی مسۆگەرە، کورد هەمیشە نکۆلی لێکراوە، بەڵام ئەمڕۆ کورد و دۆستەکانیان بۆ بونیادنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێدەکۆشن و دانوستاندنێکی بەهێز بەڕێوە دەبەن، دەبێت گەڕانەوە بە شێوەیەکی بەرتەسک و سنووردار سەیر نەکرێت.
دەبێت بەپێی سازانی کۆتایی یاسا دەربچێت
تولای حاتیمۆغۆلاری جەختی کردەوە، دەبێت یاسای چوارچێوە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن پێکبێت و وتی: گەڕانەوە ئەوەیە کە ئەوانەی کە دەربەدەر کراون بگەڕێنەوە وڵات، ئەوانەی لە زیندانەکاندان بگەنەوە بە خێزانەکانیان و ئەوانەی لەسەر کارەکانیان دوورخراونەتەوە بگڕێنەوە سەر کارەکانیان، لە یاسای چوارچێوەدا چاوەڕوانی ئەوەیە کە دەستەبەرکردن و زامنی دیموکراتیزەبوون بێنێتە ئاراوە، دەبێت لەم یاسایەدا ڕەچاوی بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان بکرێت و بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە پرۆسەکە بەڕێوە ببات، بتوانێت لەگەڵ سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگەدا دیدار ئەنجام بدات، دەبێت بەپێی سازانی کۆتایی یاسا دەربچێت، دەبێت یاساکە بە ڕێککەوتنێک بێت کە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکرێت، تاوەکو دان بە ئیرادەی گەلاندا بەبرێت دیموکراسی نایەتە دی، تاوەکو دادپەروەری بەسەر هەموواندا نەچەسپێت، کۆمار دیموکراتیک نابێت، لێرەدا یاسای چوارچێوە دەکرێت ببێتە بنەما و دەستپێکێک، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە تێکۆشانی هاوبەش بەهێزتر بەڕێوە ببەین، ڕزگاربوونی هەموو ئەو گەل و باوەڕییانەی کە ئینکار کراون، بەم ڕێگەیەدا تێدەپەڕێت.
کۆنگرەی دەم پارتی
هەروەها تولای حاتیمۆغولاری سەرنجی خستە سەر کۆنگرەی پارتەکەی و ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ کۆنگرە بەردەوامە و وتی: بۆ کۆنگرەکە، کۆنفرانسەکانی شارۆچکەکانمان کۆتایییان پێهاتووە و کۆنفرانسە هەرێمییەکان بەردەوامن، بەم نەخشەرێگایەی بەهێزکردنی تێکۆشانی هاوبەشی دیموکراتیکەوە دەچینە ناو کۆنگرەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ توێژە جیاوازەکانیشدا گەنگەشەی بکەین، کارەکانمان بەردەوامن، بۆ کۆنگرەکە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.