سێیەمین کۆنگرەی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد دەستیپێکرد
بە بەشداری نوێنەرانی کۆمەڵگەیی و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ناوچەکانی کوردستان و تورکیا، سێیەمین کۆنگرەی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە شاری ئامەد بە دروشمی "بەیەکڕێزی ژنانی کورد بەرەو یەکێتی نەتەوەیی" دەستیپێکرد.

ئامەد
پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد سێیەمین کۆنگرەی خۆی بە دروشمی "بە یەکڕێزی ژنانی کورد، بەرەو یەکێتی نەتەوەیی" سازکرد، کۆنگرەکە دوو ڕۆژە لە دیاربەکر (ئامەد) بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی بەرفراوانی چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێکرد، تێیدا باس لە ڕۆڵی ژنانی کورد دەکرێت لە پتەوکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و بەشداریکردنیان لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، جگە لە پتەوکردنی میکانیزمەکانی کردەوەی هاوبەشی نێوان ژنانی کورد لە ناوچە جیاجیاکان.
دەڤریم دەمیر، وتەبێژی پلاتفۆرمەکە لە وتەکانی دەستپێکیدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی لۆزان بووە هۆی دابەشبوونی کوردستان بۆ چوار بەش، سیاسەتی جینۆساید و ئاسمیلەکردنی زۆرەملێ بەسەر گەلی کورد لە هەریەکێک لەو بەشانەدا سەپێندرا، ئاماژەی بەوەشکرد، کورد بەرەنگاری ئەو سیاسەتانە بووەوە و بۆ پاراستنی ناسنامە و بوونی خۆی خەباتی کرد.
ڕوونیشیکردەوە، ئەم بەرخۆدانە پێویستی بە ڕێکخستن و تەبایی زیاتر هەیە، هەر ئەوەش وای لێکردن کە پلاتفۆرمی بەهێزکردنی ئەو خەباتە، فراوانکردنی ئاسۆی کاری هاوبەش لەنێوان ژنانی کورد دابمەزرێنن.
جەختی لەوە کردەوە کە ژنانی کورد لەم کاتە هەستیارەدا ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بگرنە ئەستۆ، بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پشتیوانییەکی بەربڵاوی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا وەرگرتووە و کاریگەرییەکی قووڵی هەبووە، ئێمە ژنانی کورد زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بۆ ئەم بانگەوازە بووین، چونکە شێوازی ژیان کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەشەی بۆ دەکات، سوودی بەرچاوی بۆ ژنان هەڵگرتووە.
جەختی لەوە کردەوە کە خەبات و خۆڕاگری ژنانی کورد بووەتە مایەی ئیلهام بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، زۆرێک لە ژنانی چالاکوان لە سەرانسەری جیهاندا لە ڕێگەی ئەزموونی ژنانی کوردەوە فێری فەلسەفەی ژن ژیایان ئازادی بوون، وەک ئاماژەیەک لە خەباتەکانی خۆیاندا وەریانگرتووە، وتی: ژنانی کورد بە هەموو توانایانەوە درێژە بەم خەباتە دەدەن، هیوادارم یارمەتیدەر بێت لە پتەوکردنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، ئێمە بە تەواوی ئاگادارین لەوەی کە لە شوێنێکدا ژنانی ڕێکخراو نەبن ئەم خەباتە بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێکبخرێت، بۆیە ڕۆڵی ئێمە وەک ژن قورسە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەمان کاتدا پیرۆزە.
دەڤریم دەمیر لە کۆتایی قسەکانیدا بە ستایشی ڕۆڵی ئەو ژنانەی پێشەنگایەتی خەباتی کورد بوون، جەختی لەوە کردەوە کە بەرخۆدان بەهۆی قوربانیدانەکانیانەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، ئەمڕۆ دەبێ ناسنامەی ژنی ئازادی کورد چەسپێنین.
کۆنگرەکە بە وتاری بەشداربووان بەردەوامە، کە باس لە پرسەکانی نوێنەرایەتی، ڕێکخستن، بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی لە ڕوانگەی ژنانی کوردەوە دەکات.