"ئەوەی لە ئێراندا ڕوودەدات تەنها ململانێیەکی سەربازی نییە بەڵکو ململانێیە لە نێوان ڕووخان و مانەوە"

مورشیدە قائیدی جەختی لەوەکردەوە کە شەڕ ئامرازێک بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، کە ڕژێمە پاوانخوازەکان بۆ چەوساندنەوەی هاوڵاتیان بەکاری دەهێنن، ئەوەی ڕوودەدات تەنها ململانێیەکی سەربازی نییە، بەڵکو ململانێیەکی وجودییە لە نێوان ڕووخان و مانەوە.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ-لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە فراوانبوونی لەسێدارەدان لە ئێران پەرەدەسەنن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هۆشدارییەکان کە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ خۆڕاگری ناوخۆیی و چاندنی ترس و پێشگرتن لە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت.

 

لەنێوان نادڵنیایی چارەنووسی زیندانیانی ئێران و بەتایبەت زیندانیانی سیاسی، بەزەحمەت ڕۆژێک تێدەپەڕێت بەبێ ڕاگەیاندنی لەسێدارەدان، لەهەمان کاتدا دەسەڵاتداران ڕەشنووسی یاسای بەپەلەیان ڕاگەیاندووە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەو دەستگیرکراوانەی کە تۆمەتبارن بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو لەسێدارە بەکۆمەڵانەی لە ساڵانی شەستەکاندا لەو وڵاتەدا بینراوە، دروستکردووە.

 

مورشیدە قائیدی، ئەندامی بنەماڵەی زیندانیانی خاوران وتی: شەڕ هەمیشە ئامرازێک بووە کە ڕژێمە تاوانکارەکان بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیان بەکاری دەهێنن، بارودۆخی ئێستای زیندانەکانی ئێران هاوشێوەی ئەوەیە کە لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویدا، کە لەکاتی شەڕی ئێران و عێراقدا لەسێدارەدانی بەربڵاو ڕوویدا، شەپۆلێکی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر زیندانەکان لە سەرەتای شەڕەوە دەستیپێکرد، لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک کرماشان، مهاباد، ورمێ دەستیپێکرد، پێش ئەوەی بە زیندانەکانی ئێڤین و قەزڵ حساردا بڵاوببێتەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە کە لە ١٥ی حوزەیران پەرلەمان پڕۆژە یاسایەکی دوو قۆناغی پەسەند کرد کە تێیدا لەسێدارەدانی ئەو کەسانە دیاری کراوە کە هاوکاری ئیسرائیل دەکەن، ئەم شەپۆلە لەسێدارەدان هیچی تر نییە جگە لە ئامرازێک بۆ سەرکوتی فراوانتر، چونکە هەر کەسێک دەتوانرێت بە سادەیی دەستگیر بکرێت و بە 'دوژمن' یان هاوکار لەگەڵ ئیسرائیل ناوزەد بکرێت، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ سەرکوتکردنیان.

 

ئاماژەی بە سەرکوتکردنی زیندانی ئێڤین کرد، ڕوونیکردەوە کە لەکاتی ڕاپەڕینی کۆمەڵگەی ئەم دواییەدا هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە، ئێستا دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی هەمان داواکاری دەبنەوە بۆ ڕووخاندنی و هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دەدەن، لەکاتی شەڕی ئێران و عێراقدا هەوڵیان دا شۆڕشەکەیان بەهێز بکەن و سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئەمڕۆ پرسەکە ناڕەزایی هاوڵاتیان و خواستی ڕووخانی ئەم ڕژێمەیە.

 

جەختی لەوە کردەوە کە گەلی ئێران لەژێر فشاری ئابووریی تونددایە، دەسەڵاتداران هیچ یارمەتیەکیان بۆ دابین ناکەن، تەنانەت ئەو ئاگادارکەرەوەش کە لەکاتی شەڕدا ئامادە بوون ئێستا نەماون، ئەم دۆخە ململانێی نێوان ڕووخانی ڕژێم و مانەوەی دەسەڵاتە، مورشیدە قائیدی بە ئاماژەدان بە پچڕانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری لە ئێران، وتی: یەکێک لە ئامرازە ئاساییەکانی سەرکوتکردن کە دەسەڵات بەکاری دەهێنێت، بڕینی پەیوەندییەکانە، ئەمجارەیان بە بڕینی ئەوان، گەلی ئێرانیان لە جیهان دابڕاندووە، لەشارەکاندا خاڵی پشکنینیان داناوە، هێزی ئەرکیان لە شەقامەکاندا جێگیر کردووە، دەسەڵاتدارانی ئێران ترسی ئەوەیان هەیە کە هاوڵاتیان بە ڕژانەوە بۆ سەر شەقامەکان ئەم شەڕە بکەنە شەڕ دژی ڕژێم.

 

ئەو دڵنیایکردەوە کە پێش جەنگ تەڤگەری ناڕەزایی لەسەر شەقامەکان هەبووە بەڵام ئێستا ناتوانن درێژە بە خۆپیشاندانەکانیان بدەن، لە زۆربەی گرتووخانەکاندا هێڵەکانی تەلەفۆن پچڕاون، پەیوەندییەکان لە باڵەکانی چوارەم و هەشتی زیندانی ئێڤین بەتەواوی پچڕاوە، سەبارەت بە گرتووخانەکانی تر کە پێشتر ئەگەری پەیوەندی کورتیان لەگەڵ خێزانەکانیان هەبوو، ئێستا ئەوان لە بێئاگایدان.

 

جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی زیندانی کرماشان دوای ئەو هێرشە گرژی و ئاڵۆزی ماوەتەوە. ناوچەی دەوروبەری چۆڵکرا، لە کاتێکدا زیندانییەکان لە ژوورەوە بەجێهێڵران، لەژێر ئەو مەرجانەدا زیندانییەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی، داوای پەناگەیەکی ئارامیان دەکرد، بەڵام دەستەی ئەرکەکە هەڵیانکوتایە سەر زیندانەکە و لەئەنجامدا لانیکەم دە کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، دۆخی زیندانەکانی مهاباد و ورمێ بەرەو خراپتر دەچێت، زیندانیانی ورمێ بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە، هاوکات لە زیندانی قەزڵ حسار گرژی زۆرە، تاقمە چەکدارەکان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەو زیندانە دەکەن، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێ لای زیندانییەکان دروست دەکات.

 

سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای فریاکەوتنی دوو ڕۆژە کە وەک بەرگێک بۆ چڕکردنەوەی سەرکوتکردن بەکاردەهێنرێت، مورشیدە قائیدی ڕایگەیاند، ئەم پێشهاتە ئاماژەیە بۆ شەپۆلێکی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، چونکە دەکرێت تاکەکان تەنها لەماوەی دوو ڕۆژدا دەستگیر بکرێن و دادگایی بکرێن و لەسێدارە بدرێن، ئەو ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات بە دووبارەکردنەوەی ئازاربەخشی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨٨ زانی.

 

نیگەرانی خۆی لە مێژووی پڕ لە پرسی ئێران لە مافی زیندانییەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە تەنانەت ئەوانەی سزای ئازادکردنیان بەسەردا سەپێنراوە لە ساڵی ١٩٨٨دا لە لەسێدارەدان ڕزگاریان نەبووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ گەرەنتییەک بۆ سەلامەتی کەس لە ناو زیندانەکاندا نییە، نیگەرانی لە چارەنووسی سێ زیندانی سیاسی ژن هەیە کە ئەوانیش شەریفە محەمەدی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا بنەماڵەی وریشە مورادی توانیویانە بۆ ماوەیەکی کورت پەیوەندی پێوە بکەن، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵەکانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و ژمارەیەک زیندانی سیاسی دیکە پچڕاون، زیندانی ئێڤین لە نادڵنیایی تەواودایە، هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو سەرەڕای بارودۆخی سەردەمی جەنگ، زیندانیان توانیان ڕۆژی سێشەممە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی ڕێکبخەن، کە خوێندنەوەی ب

ڕاگەیاندراوێکی لەخۆگرتبوو.

 

بە ئاماژەدان بە دۆخی نادیار لە زیندانەکانی دیکە، هیچ زانیارییەکی دروست لەبارەی زیندانی لاکان لە ڕەشت لەبەردەستدا نییە، پچڕانی ئینتەرنێت وایکردووە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی لە ناو زیندانەکاندان نزیک بێت لە مەحاڵ، ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی چارەنووسی زیندانییەکان زیاتر کردووە، وتی: لەم شەڕەدا هاوپشتییەکی بێ وێنە لەنێو دانیشتواندا سەریهەڵداوە، ئەوان دەرگاکانیان بەڕووی یەکتردا کردەووە، ئەمەش بۆ ڕژێم ترسناک بوو، ئەم هاوسۆزی و هاوکارییە لەنێوان هاوڵاتیاندا یەکێک بوو لە بناغەکانی ترسی دەسەڵاتداران، ئەمەش وای لێکردن بڕیار بدەن بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ جیهاندا، ئەو هاودەنگییە سنووردار بکەن.