پێشانگای شێوەکاری "کچێکی نیگارکێش" بۆ ژنانی گەنجی کەرکوک کرایەوە

لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "کچێکی نیگارکێش" پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ دەیان ژنی گەنجی هونەرمەندی شێوەکار و نیگارکێشی شارەکە کرایەوە.

کەرکوک

 

دوێنێ ٢٢ی حوزەیران لە "مۆڵی کەرکوک'" لە شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی هونەرمەند و هونەردۆستان و خەڵکی شارەکە، بە مەبەستی پشتیوانی لە بەهرە و تواناکانی ژنانی هونەرمەند و نیگارکێشی شارەکە، بەناونیشانی "کچێکی نیگارکێش" 'گروپی سەرکردەکانی مرۆڤایەتی' هەستان بەکردنەوەی پێشانگایەکی  شێوەکاری بۆ زیاتر لە ٤٠ ژنە هونەرمەندی شێوەکاری شارەکە کە بە دەیان تابلۆ بەشدارییان کرد.

 

سەبارەت بە پێشانگاکەیان، هاوژین فاروق. هونەرمەند و ڕێکخەری پێشانگاکە، بوتی: ئەم پێشانگایە لەژێر ناونیشانی "کچێکی نیگارکێشە" کە بۆ جاری دووەم پێشانگایەکی لەم جۆرە سازبکەین، زیاد لە ٤٢ کچە هونەرمەند و نیگارکێشی بە شداربوونەو بە دەیان تابلۆ بەشدارییان کردووە، هەروەها لە پێشانگاکەدا ١٠ کچە هونەرمەند بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پێشانگاکە وێنە دەکێشن، ئامانجی ئێمە لەم پێشانگایانە ئەوەیە کچانی هونەرمەند بتوانن توانا و بەهرەکانی خۆیان بسەلمێنن، هەروەها کچانی هونەرمەند نەترسن لەوەی کە هەنگاوبنێن بۆ نمایشی کارەکانیان".

 

سارا یوسف، هونەرمەندی شێوەکارە و لە هەمانکاتدا دکتۆری ددانە،  سەبارەت بە پیشەکەی وەکو هونەرمەندی شێوەکار وتی: کاری ددانسازیش بۆ من بەشێکە لە هونەر وەکو وێنە کێشان و بەیکەرتاشین یەکتر تەواو دەکات، هەروەها سەبارەت بە تابلۆکەی سارا گووتی: "ئەم جۆرە پێشانگایانە زۆر گرنگە بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانی کچان و ژنانی کەرکوک، ئەمرۆ لەم پێشانگایە بە تابلۆیەک بەشداریم کرد کە گوزارشت لە ناخی ژنێک دەکات کە قورسایی و ناخۆشی زۆری بینیوە لە ژیانی کە وایکردووە لە ڕووخساری شکان و درز دەرکەوتووە، هیوادارم تەواوی کچانی شارەکەم بەشداری لەم جۆرە پێشەنگایانە بکەن تاوەکو بەهرەکانی کچان بە شاراوەیی نەمینێتەوە، من وەکو پزیشکی ددانساز کار دەکەم و کارەکەشم بەشێکە لە هونەرەکەم، لە کەرکوک بابەتی هونەری لاوازە بۆیە گرنگە گەنجان بەشداری لە هەموو کایەکانی هونەر بکەن چونکە شارەکەمان بە هونەر جوانتر و ڕەنگاو ڕەنگتر دەبێت".

 

 دوو خوشکی دووانە بە ناوەکانی سەجا و زەحا مەحمود بە تابلۆکانایان بەشدارییان لە پێشانگە کردبوو و هەردووکیان لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای کاری هونەری شێوەکاری بوونە، زەحا سەبارەت بە پێشەنگاکە وتی: لە منداڵییەوە حەزم بە وێنەکێشان بووە، خولیای کاری هونەری وێنەکێشانم هەبووە، بەردەوام بووم لە وێنەکێشان تاوەکو گەیشتمە ئەو ئاستەی ئیستا کە ئەتوانم بەشداری پێشانگا ببم، هەروەها ئامۆژگاری هەموو کچێک دەکەم کە حەزی بە وێنەکێشان هەبێت هەوڵبدات خۆی پێشبخات و تاوەکو بتوانێت بەشداری پێشانگا بکات و بەهرەکانی نمایش بکات.