لە ماوەی یەک مانگدا ٤٥٠ کەس لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە کوژران

لە مانگی ئایارەو تا ئێستا ٤٥٠ فەڵەستینی کوژراون، سێ هەزار و ٤٦٦ کەسی دیکەش بریندار بوون لە هرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندەکانی فریاگوزاری لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە لە نێوان ٢٧ی ئایار و ٢١ی حوزەیران کوژراون و برینداربوونیان ڕاگەیاند.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢١ی حوزەیران ١٢ فەڵەستینی بە تەقەی هێزەکانی ڕژێمی ئیسرائیلی کوژراون، زۆربەیان لە نزیک دوو ناوەندی فریاگوزاری لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە کوژراون، ئەمەش ژمارەی ئەو کەسانە دەکات کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان کوژراون بۆ ٤٥٠ کەس، لەکاتێکدا نزیکەی ٣٥٠٠ کەسی دیکە برینداربوون.

 

دەزگای مرۆیی غەززە بە پاڵپشتیی ئەمەریکا و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل جەختی لەسەر پێویستیی هاوکاریی خۆراکی زیاتر بۆ دانیشتوانی کەرتی وێرانکراو، گەمارۆدراوی غەززە کردەوە.

 

ئەم ڕێکخراوە مانگی ڕابردوو دەستی بە کارەکانی کردووە و لەلایەن ڕێکخراوەکانی دیکەوە ڕەخنەی توندی لێ گیراوە، کە تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکان نییە، ئەمە جگە لەو مردنە بەردەوامانەی لە نزیک خاڵەکانی دابەشکردن ڕوودەدەن، ڕێکخراوەکە ڕەتیدەکاتەوە هیچ ڕووداوێک لەناو ناوەندەکانیدا ڕووبدات.

 

جۆن ئەکری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتی ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا وتی: ڕێکخراوەکە هاوکارییەکان بە قەبارەیەکی فراوان و سەلامەت و کاریگەر دەگەیەنێت، بەڵام ناتوانین پێداویستییە تەواوەکان دابین بکەین لەکاتێکدا ناوچە بەرفراوانەکانی غەززە بە داخراویی ماونەتەوە، ڕێکخراوەکە لەگەڵ سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و کردنەوەی شوێنی زیادە لە باکووری غەززە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە غەززە، تەنانەت لە کاتێکدا سەرنج دەگۆڕێت بۆ شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ئێران کە لە ١٣ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە.

 

قەدەغەکردنی هاتنی ڕاگەیاندن بیانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆ غەززە، ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی دەبنەوە لە جووڵە لەناو کەرتی غەززەدا بەو مانایەیە کە ئاژانسی فەرەنسا-پرێس ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ژمارە و وردەکارییە پشتڕاست بکاتەوە کە لەلایەن بەرگری شارستانی و دەسەڵاتدارانەوە پێشکەش کراون.

 

سەرەتای ئەم هەفتەیە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە سیستەمی تەندروستی غەززە لە "خاڵی داڕماندایە"، داوای کرد ڕێگە بدرێت سووتەمەنی بچێتە ناو کەرتی غەززە بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکان بەردەوام بن.

 

شەڕی کەرتی غەززە دوای هێرشێکی بێوێنەی حەماس بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، بەهۆیەوە هەزار و ٢١٩ کەس کوژران کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەو کاتەوە حەماس بە شەڕێکی وێرانکەر وەڵامی داوەتەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی ٥٥ هەزار و ٩٠٨ فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کە زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنین.