سی پی تی: لە سەرەتای هێرشەکانی تورکیاوە ١٠،٠٠٠ دۆنم زەوی سوتاون

تیمی سی پی تی لە عێراق، نوێترین ڕاپۆرتی دەربارەی زیانەکانی زەوی و زار و باخەکان بڵاوکردەوە کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە سوتاون و چۆڵکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی سی پی تی ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەو زیانانە داوە کە بەر زەوی و زار و باخەکان گەشتووە، ڕاپۆرتەکەی سی پی تی بەم شێوەیە:

 

سەرباری بۆردوومانکردنی زەوی و زاری گوندنشینان، شەوانە سەربازانی تورکیا دێنە ناوگوندەکان و ئاگر لە ڕەز و باخی ھاوڵاتیان بەردەدەن.

لەوکاتەوەی کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی- ھەورە بروسکەی تورکیا لە ٢٣ی نیسانەوە دەستیپێکردوە، زیاتر لە ١٠،٠٠٠ دۆنم زەوی کشوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە، لە ناوچەی بەرواری باڵا، لە ھەرێمی کوردستانی عێراق سوتاوە. تیمی کوردستانی عێراقی CPT، تەواوی ئەو کاولکارییانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی سوپای سەربازی تورکیا ڕوویداون، بە درێژای ناوچەکە بینیوە و بە بەڵگەنامە کردووە،.بە تایبەت دەستدرێژییەکان بۆ سەر گوندی ھرورێ، کە لەم دواییانەدا تیمەکە سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد.

لەم سەردانەدا، ھاوڵاتیەکی گوندی ھرورێ بە CPT ڕاگەیاند، "زۆرینەی زەویە کشتوکاڵییەکانی گوندەکەمان بەھۆی تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ھێرشی ھێلێکۆپتەرەکانی تورکیاوە سوتاون. ھەندێک شەو گوێبیستی ھیچ بۆردوومانێک یاخود ھیچ تەقەیەک نابین، بەڵام گوێمان لە جموجۆڵی سەربازانی تورکیا دەبێت کە دێنە خوارەوە بۆناو گوندەکەمان و زەوی و زار و ڕەز و باخەکانمان دەسوتێنن."

سەرباری سوتانی ڕەز و باخەکانیان، دانیشتووانی گوندی ھرورێ، لەلایەن سەربازانی تورکیاوە ھەڕەشەیان لێکراوە بۆئەوەی چیتر نەچنەوە بۆ ناو باخ و بێستانەکانیان. ھەمان ئەو گوندنشینەی کە بۆ CPT دوا، بە CPT گووت، "سەربازانی تورکیا پێیان گووتین، کە ئەگەر بۆ ئاودان و کارکردن بچینەوە بۆ ناو باخ و بێستانەکانمان، ئەوا سەربازانی تورکیا وەکو گەریلاکانی پەکەکە ھەژمارمان دەکەن و بۆردوومانمان دەکەن."

سەبارەت بە وێرانکارییە ژینگەییەکانی، بۆردوومانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بۆ CPT گووتی، "تەمەنی ھەندێک لەو دارانەی کە سوتێندراون، زیاترە لە ١٠٠ ساڵ. ئەوەی کە لێرە ڕوودەدات کارەساتێکی ژینگەییە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە بێدەنگی بشکێنن و بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ژینگەی کوردستان، ھەڵوێست بنوێنن. ھەر کاتێک کە دارێک لە شوێنێک دەبڕدرێت، ڕێکخراوە ژینگەییەکان بە توندی سەرکۆنەی دەکەن. بەڵام بۆچی لەبەرامبەر بڕین و سوتاندنی ھەزاران داری ناوچەکەی ئێمە، ئەو ڕێکخراوانە ھیچ قسەیەک ناکەن."

 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT, داوا لە سوپای تورکیا دەکات کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕابگرێت و چیتر ژیانی گوندنشینان بە ئامانج نەگیرێت و زەوی کشتوکاڵی و بێستان و ڕەز و باخی ھاوڵاتیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وێران نەکرێت.

 

ت.پ