شادی حەسەن: ئابووری سەربەخۆ بۆ ژن کلیلی ئازادی بیرە وپەرتوکیش چەکی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە

لە ناو جەرگەی زانکۆی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە، چالاکوان و پەرتوک دۆستێک بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە پێشانگایەکی پەرتوکی کردەوە. شادی حەسەن، کە سەرپەرشتیاری پێشانگاکەیە، پێیوایە کارکردنی ژن و بوونی ئابوورییەکی سەربەخۆ، ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگی.

ڕانیە 

 

لە زانکۆی ڕاپەڕین پێشانگای پەرتوک بە دەستپێشخەری ژنێکی گەنجیە لە ٢٤ی کانوونی یەکەم پێشانگای پەرتووک کرایەوە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پێشانگاکە بە ئامانجی خزمەتکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی ئەو ناوچەیە کراوەتەوە،  بڕیارە بە داشکاندنی تایبەتەوە پێشوازی لە خوێندکاران و مامۆستایان و سەرجەم تینوانی زانست و زانین بکات. 

 

"گرنگ ئەوەیە مرۆڤ تا چەند دەتوانێت لەسەر ئامانجەکەی خۆی سوور بێت" 

شادی حەسەن، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری پێشانگای پەرتوک لە زانکۆی ڕاپەڕین، لە لێدوانێکی تایبەتدا تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی دێنە ڕێی ژنان لە کاتی ئەنجامدانی کارەکاندا و ڕایگەیاند: لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژن کەمتر دەردەکەوێت، بێگومان دەستدانە هەر کارێک بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆت بوەستیت ئەستەمەو ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفت دەبیتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ تا چەند دەتوانێت لەسەر ئامانجەکەی خۆی سوور بێت. 

  

"ژن لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت" 

شادی حەسەن جەختی لەوەکردەوە کە ئازادی بیری ژن بەستراوەتەوە بە سەربەخۆیی داراییەوە و وتی: پێم وایە ئابووری سەربەخۆ بۆ ژن لە ڕێگای هەر کارێکی سەربەرزانەوە بێت، سوودێکی زۆری بۆ کەسایەتییەکەی هەیە. جۆری ئەقڵیەتی ژن و گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگەش بەستراوەتەوە بەوەی کە ژن بتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە خۆی ببەستێت. 

  

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پێشانگاکە، شادی حەسەن ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان تەنها لایەنی ماددی نییە، بەڵکو دەیانەوێت ڕۆحی خوێندنەوە لە ناو کۆمەڵگەدا زیندوو بکەنەوە. وتیشی: "لە ئێستادا پەرتوک تا ڕادەیەک ون و بزرە، بۆیە ئەم پێشانگایانە زەروورن. ئێمە هەوڵمان داوە کۆمەڵێک ناونیشانی تۆکمە و تایبەت بە مافەکانی ژنان، هەستەکانی ژن و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی گشتیی ژنانەوە بهێنین و گرنگییان پێ بدەین. 

 

هێرش ئیدریس وەک خوێندکارێکی زانکۆ، دەستخۆشی لەم هەنگاوە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بوونی خانمێکی وەک شادی حەسەن لە پێشەنگی کارە ڕۆشنبیرییەکاندا، جێگای شانازییە و سومبولێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری. لە کۆتایی قسەکانیدا داواشی کرد لە داهاتوودا کتێبی فیکری و فەلسەفیش زیاتر پەرەی پێ بدرێت.