ئێران دۆسیەی یاسایی لە دژی گۆرانیبێژێک تۆمار دەکات کە داوای لە ژنان کردووە حیجابی زۆرەملێ لاببەن

دەسەڵاتداران لە ئێران ڕێوشوێنی یاسایییان لە دژی گۆرانیبێژێکی پۆپ دەستپێکردووە، بەهۆی ئەوەی داوای لە ژنان کردووە حیجابی زۆرەملێ لاببەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، دەسەڵاتداران لە ئێران ڕێوشوێنی یاسایییان لە دژی گۆرانیبێژێکی ناوداری پۆپ بەهۆی نوێترین گۆرانییەوە دەستپێکردووە کە داوای لە ژنان کردووە حیجابی زۆرەملێ لاببەن.

 

ئەم چالاکییەی دژی مەهدی یارراهی نزیکەی ساڵێک دوای مردنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە ئێران دێت کە چەندین مانگ ناڕەزایەتی لە سەرانسەری وڵاتی لێکەوتەوە.

 

ژینا ئەمینی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای توندی جلوبەرگی ڕژێمی ئێران بۆحیجابی زۆرەملێ دەستبەسەر کرابوو، پاشان بەهۆی توندوتیژی پۆلیسی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا.

 

مەهدی یارراهی تەمەن ٤١ ساڵ، ڕۆژی هەینی گۆرانییەکی بە ناوی "سەرپۆشەکەت" بڵاوکردەوە، پشتگیری خۆی بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ساڵی ڕابردوو دەربڕی.

 

ماڵپەڕی میزان ئۆنلاین لە دەسەڵاتی دادوەریدا دەڵێت: "دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکی نایاسایی کە سەرپێچی لە ئەخلاق و دابونەریتی کۆمەڵگەی ئیسلامی دەکات، دۆسیەیەکی یاسایی لە دژی مەهدی یارراهی تۆمارکرا".

 

ڤیدیۆ کلیپی سێ خولەکی ئەو هونەرمەندە دروشمی بزووتنەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" تێدابوو، داوا لە ژنان دەکات سەرپۆشەکانیان لاببەن کە بەزۆر بەسەریاندا سەپێندراوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٨ مەهدی یارراهی خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی پۆپی لە فێستیڤاڵی فەجر وەرگرت کە گرنگترین چالاکیی مۆسیقای وڵاتەکەیە کە حکومەت ڕێکی دەخات.

 

ناوبراو لە چەندین بۆنەدا لە کاتی کۆنسێرتەکانیدا ڕەخنەی لە دەسەڵاتداران گرتووە، بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر پەراوێزخستنی خەڵک لە پارێزگای خوزستانی زێدی خۆی کە کەمینەیەکی عەرەبی تێدایە.

 

لە ماوەی چەند مانگی شۆڕش و ناڕەزایەتیەکانی، هەزاران ئێرانی دەستگیرکراون و سەدان کەسیش کوژراون لەنێویاندا دەیان کارمەندی ئەمنی.

 

ژنانی ئێران لەو کاتەوەی کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان خوازیاری کۆتایی هێنان بە باڵاپۆشی ناچاری بوون، تا دێت یاسا زۆرەملێ توندەکانی جلوبەرگ پێشێل دەکەن.

 

مانگی ڕابردوو میدیا ناوخۆیەکانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، پۆلیسی دەوریەی ئیرشاد دەستیکردووەتەوە بە گرتنی ئەو کەسانەی کە سەرپۆش ناکەن.