ناڕەزایەتی خانەنشینانی ئێران بەردەوامە

لە درێژەی ناڕەزایەتی داواکارییەکانی خانەنشینان، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دووشەممە، خانەنشینانی ئێران گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان.

 

خانەنشینانی ناڕازیی لە شارەکانی سنە، کرماشان، ئیلام، تاران، فارس، ڕەشت، خوراسان ڕەزەوی، تەبرێز، ئەسفەهان، خوزستان و چەند شاری دیکە بە هەڵگرتنی دروشمەکان ناڕەزایەتییەکیان ئەنجامدا " جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێساکانی کارمەندان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی" و وتنەوەی دروشمەکانی "تا مافی خۆمان بەدەست نەهێنین پشوو نادەین، هاواربکە بۆ مافی خۆت" کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان ئەنجامدا و داوایان کرد دەسەڵات وەڵامی کێشەکانیان بداتەوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە کاتێکدا هەژاری و تێکچوونی دۆخی ئابووریی بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی سیستەمی حوکمڕانییەوە دروست بووە، فشار دەخاتە سەر کۆمەڵگە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کەسی بەرفراوان بووەتەوە کە هەژارییەکی زۆریان هەیە، بەڵام داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بەردەوام پشتگوێ خران، نەک هەر گوێ بە داواکارییەکانیان نادرێت، بەڵکو بەرپرسان و دەسەڵاتداران بە هەڕەشە و گرتن و لێدان لە خۆپیشاندەران لە شەقامەکاندا دەردەکەون.