هێرشی چەکداری لەبەردەم دادگای مەهاباد

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەبەر دادگای مەهاباد ڕووداوێک ڕوویدا و چەکدارێک بە دەمانچە گولەی بەڕووی کەسانی ئامادەدا تەقاند. لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەست دا و کەسانی دیکە بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لەبەر دادگای مەهاباد، بە هۆی رووداوی تەقە کردنەوە گەنجێکی ٢١ ساڵە کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون. بەپێی زانیارییەکان، هێرشبەرەکە تەمەنی ٦٠ ساڵەیە، خەڵکی نەغەدەیە و دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.

 

کەسێک کوژرا و ٤ کەس بریندار بوون

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕووداوەکە دوای مشتومڕێکی زارەکی لەنێوان چەند ژنێک لەبەر دادگای مەهاباد ڕوویدا و پیاوە چەکدارەکە بە دەمانچەکەی گولەی بەرەو کەسانی ئامادە تەقاند. ئەمیرڕەزا ڕەسوولیان،فەرماندەی پۆلیسی مەهاباد، ڕایگەیاند کە ڕووداوەکە دوێنێ لەبەر دەرگای دادگای شارەکە ڕوویداوە و لە ئەنجامدا کەسێک مردووە وچوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

هۆکاری ڕووداوەکەش ناکۆکی و تۆڵەسەندنەوەیە

بەپێی وتەی ئەو، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشان دەدەن کە هۆکاریتەقە کردنەکە ناکۆکیی کەسی و تۆڵەسەندنەوە بووە. وتی کوڕی هێرشبەرەکە چەند ساڵ لەمەوبەر کوژراوە و ئەمڕۆ هێرشبەرەکە ئەندامانی خێزانی ئەو کەسەی بە بەرپرسیاری کوژرانی کوڕەکەی دەزانێت، کردوونەتە ئامانج.

 

فەرماندەی پۆلیسی مەهاباد وتی هێرشبەرەکە و خێزانی کەسی کوژراو خەڵکی نەغەدەیەن و بۆ بەشداری لە دانیشتنێکی دادگا هاتوونەتە مەهاباد. تۆمەتبارەکە دوای ڕووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و ئێستا لەژێر چاودێری پۆلیسدایە. دەربارەی دۆخی چوار بریندارەکە و وردەکارییەکانی دیکەی دۆسیەکە هیچ زانیارییەک نەدراوە.

 

بەپێی پسپۆڕ و شیکەرەوە یاساییەکان، ژمارەی زۆری تاوان و توندوتیژی کە بە ئاشکرا لەژێر ناونیشانی «ناکۆکییە خێزانییەکان»، «کێشە کەسییەکان» و «تۆڵەسەندنەوە» دەشاردرێنەوە، ئەنجامی کەلێنە ساختارییەکانی سیستەمی دادوەری و یاسا هەنووکەییەکانە، نەک تەنها ئەنجامی کردارە خراپە تاکەکەسییەکان. پسپۆڕانی یاسایی جەخت دەکەنەوە کە بێکاریگەری و نەبوونی ڕێگرە یاساییەکان، لەگەڵ پێکهاتەیەکی یاسایی پیاوسالار کە چەتری پاراستنی بەرفراوان بۆ قوربانییەکان دابین ناکات، ژینگەیەکی ئارام و بێسزا بۆ تاوانباران دروست کردووە؛ ژینگەیەک کە ڕێگە بۆ توندوتیژی و تاوان خۆش دەکات و متمانە بە هێرشبەر دەدات کە بە ئاسانی توندوتیژی بکات.