فشارەکانی سەر ژنانی ئێران لە زیادبووندایە

لە درێژەی زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر ژنان، غەرامەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی ڕەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ دەستیپێکردووەتەوە.

کرماشان

 

لە کاتێکدا کە یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزی پۆلیس و سەرەتای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نزیک دەبێتەوە، ڕژێمی ئێران دەستیکردووە بە چڕکردنەوەی سەرکوتکاری و  گوشارەکان لە دژی ژنان.

 

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا جارێکی دیکە دەوریەی ئیرشاد لە شارەکانی سەرتاسەری ئێراندا لەسەر شەقامەکان بووەتە جێی بایەخ، دەستگیرکردنی ژنە هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان زیادی کردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سزای قورس بەسەر چەند ژنێکی چالاکوانی سیاسی و مەدەنی دەرچووە.

 

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی سەرکوتکاری و فشارەکان لە دژی ژنان، ئێستا بەهۆی ڕەتکردنەوەی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکانەوە، غەرامەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل دەستیپێکردووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو هاووڵاتییانە، خاوەن ئۆتۆمبێلەکان کورتە نامەیان پێگەیشتووە هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن، بەهۆی ئەوەی پابەندی حیجابی زۆرەملێ نین و پێیان دەوترێت سەرپێچی یاسا و ڕێساکانی وڵاتیان کردووە.

 

لەم کورتە نامانەدا خاوەن ئۆتۆمبێلەکان ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتیان پێدراوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و باس لەوەش کراوە کە ئەگەر دووبارە ئەو کارە بکەنەوە ئۆتۆمبێلەکەیان دەستی بەسەردا دەگیرێت.

 

شایانی باسە کە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبیلێک دەتوانێت بۆ ماوەی مانگێک ژیانی خێزانێک لە ئێران پەک بخات، بێگومان هاووڵاتیان بەهۆی بارودۆخی ئابووری وڵات و هەڵاوسانی توند و بێکاری توانای دابینکردنی غەرامەکانیان نیە.