ساکینە جانسزو هەڤاڵانی؛ پێشەنگی شۆڕشی ژن وقەڵای لەبن نەهاتووی ئیرادەو خۆڕاگری

ساکینە جانسزو هەریەک لەهەڤاڵانی هاوخەباتی بەناوی فیدان دۆغان ولەیلاشایلەمەزلەکۆمەڵکوژیەکەی پاریسدا بوونە قەڵای بەرخۆدان وڕێگای کراوەی شۆڕشی ژن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتەواوی جیهان.

ئاڤان کەریم 

 

ناوەندی هەواڵ- لەمێژووی شۆڕشەکانی ژناندا دژبە سیستمی دەسەڵاتداری نێرسالاری ژنی فیداکارو پێشەنگ هەن وتائێستاش ناویان وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی ئازادی ژن دەدرەوشێتەوە، بەڵام ساکینە نەک تەنیا ئەستێرەیەک بەڵکو ڕێگایەکە بۆ گەشتن بەئازادی، ئەو هاوشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەڤگەرێکی بونیاد نا کە تەواوی ئەو بیرە تاریک وچەق بەستوانەی پووچەڵ کردەوە کە پێیان وابوو ژن لاوازە، بەرخۆدان وخۆڕاگری ساکینە لەزیندان ترسی خستبوویە ناودەروونی دووژمنانەوە، ئیرادەی ساکینە جانسز لەخۆڕاگریدا بێ وێنەبوو، ئەو هەم وەک ژنێک خەباتی دەکرد بۆ دۆزی ژنان وهەم وەک مرۆڤێکیش فیداکاربوو بۆ مافی ڕەوای گەلی کورد، ڕۆڵی ساکینە جانسز ڕۆڵێکی ئێجگار مەزن وکاریگەربوو بەجۆرێک دوژمن بەمەترسی گەورەی دەزانی بۆسەربوونی خۆی.

 

ژنان کاتێک نەبنە کاڵای مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەوکات ئەوسیستمە هەرەس دێنێت

ئەو گەلەکۆمەیەی کەبەفیتی دەوڵەتی تورکیاو بەهاوکاری دەوڵەتانی ئەوروپی‌ وهەژموونگەراکانی جیهانی کرا بەرامبەر ساکینە جانسزو هەڤاڵانی دەرخەری ئەوڕاستیەن کە سیستمی سەرمایەداری هەرگیز ڕێگە نادات ژنان بەبێ چاودێری وڕێنمایی ئەوان هیچ دەسکەوتێک بەدەستبهێنن، دەبێت ئەوسیستمە بەرنامەڕێژی بۆ یاساوڕێساکانی تایبەت بەژنان بکات وڕەگەزی مێ لەسودی خۆیدا بەکاربهێنێت، لەدەرەوەی ئەو بازنەیە‌ هەموو خەباتێکی ژنان دەبێتە مەترسی بۆی چونکە ژنان کاتێک نەبنە کاڵای مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەوکات ئەوسیستمە هەرەس دێنێت،ساکینەوهەڤاڵانی نەک تەنیا ژنیان هۆشیار دەکردەوە لەم مەترسیەی هەژموونگەرای جیهانی سەرمایەداری بەڵکو پیاوانیشیان لەو تەوقی کۆیلایەتیەی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوئەوسیستمە ڕزگار دەکرد،هەربۆیە دەوڵەتی تورکیاوبەگەلەکۆمەی دەوڵەتانی ئەوروپی و بەبەرچاوی هەموو دونیاوە ولەژێر دروشمەبریقەدارەکانی مافی مرۆڤدا ساکینەجانسزو فیدان دۆغان ولەیلا شایلمزیان تیرۆر کرد ،تیرۆر کردنی ئەوان نەک هەردەنگی ئازادی ژنی کپ نەکردەوە بەڵکو بووبەڕێگایەکی هەمیشە واڵا بۆ تەڤگەرەکانی ژنان لەتەواوی جیهان ،تەنانەت مەرگیشیان بووبەگەورەترین مەترسی بۆسەربەرژەوەندیە باڵاکانی سیستمی سەرمایەداری، ئەوسیستمەی کە  هەموو دەوڵەتانی دژە ژن لەژێر چەترەکەیدا کۆبوونەتەوەو بەناوی ئازادییەوە ژن سەرکوت دەکات.

 

ساکینە بونیادنەری ڕاستەقینەی تاکی کوردە 

هەرلەوساتەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی بەدامەزراندنی تەڤگەری  ڕزگاریخوازی گەلی کورد کرد ساکینەجانسز هاوشانی ئەو خەباتی کرد بۆدامەزراندنی ئەوبزووتنەوەیە ،ئەوەش دەرخەری ئەوڕاستیەیە کە ژن هیچی کەمترنیە لەپیاوان وبگرە ئیرادەو هێزی لەوانیش زیاترە ،هەروەکو ڕێبەر ئۆجەلان لەهەندێ گفتو گۆدا بەساکینەجانسز دەڵێت :تۆ لەمن زۆر ئازاترو بەهێزتری چونکە تۆ دووجار خەباتگێڕی ،هەم وەک ژنێک لەژێر ستەمی کۆمەڵگەدا ،هەم وەک مرۆڤێکی کورد لەژێرستەمی دووژمندا، بۆیە ساکینە بەژنە پۆڵایینەکەی دامەزرێنەری تەڤگەری ڕزگاریخوازی گەلی کورد ناودەبرێت، کەبویە ڕوباری ئازادی ولەدوای خۆی سەدان جۆگەلەی لێ بوویەوە ودەیان وسەدان ژنی پێشەنگی بونیات نا ،ڕێگای ساکینە ڕێگای ئازادی وبونیاد نانەوەی تاکی کۆمەڵگەو بەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردە.

 

دەوڵەت نەتەوەکان سەدان ساڵە مرۆڤایەتیان خستۆتە دۆخی کۆیلایەتیەوە

تیرۆرکردنی سێ تێکۆشەری تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لەناو جەرگەی پاریسدا بۆهەموو دونیای نیشاندا دەوڵەت نەتەوەکان گەورەترین مەترسین لەسەر مرۆڤایەتی، چونکە دەوڵەت نەتەوەکان بۆبەرژەوەندی ومانەوەی خۆیان لەزۆر کاتدا کۆکن وڕێگە بەهیچ ئازادیخوازێک نادەن پەرژینی دەوڵەتەکانیان بڕوخێنێ ،ڕوخاندنی پەرژینی دەوڵەت ڕزگاری مرۆڤەکانە لەکۆیلەبوون لەژێر ناوی نەتەوە وبەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، کاتێک بەبەرچاوی هەموو دونیاو مافی مرۆڤەوە دەوڵەت نەتەوەکان گەلەکۆمەیەک سازدەکەن بۆ تیرۆرکردنی سێ ژنی خەباتگێڕ لەوێدا دەبێت تێبگەین کەدەوڵەت نەتەوە دەست لەهیچ تیرۆرو کوشتنێک ناپارێزێت ئەوکاتەی بەرژەوەندیەکانی وەکو پێویست نەڕوات، دەوڵەت نەتەوەکان سەدان ساڵە مرۆڤایەتیان خستۆتە دۆخی کۆیلایەتیەوە هەرجارەو بەناوێکەوە، کتەواوی دەوڵەت نەتەوەکانیش خۆیان بوونەتە کۆیلەی سیستمی سەرمایەداری ودەسەڵاتی هەژموونگەرای جیهانی ،وەسەدان ساڵە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناوی پاراستنی دەوڵەتەکانیانەوە هەرجارەی دەبنە ژێردەستەی دەوڵەتێکی هەژموونگەرا ،هەربۆیە تیرۆر کردنی سێ ژنە خەباتگێڕی تەڤگەری ئازادی لەپاریس ولە٩ی کانوونی دووەم  دەسپێکی هەرەسهێنانی بیری نەتەوە پەرستی ودەوڵەت نەتەوەکانە.