روودی عەلی خەڵاتی شاژنە دیانای جیهانیی وەردەگرێت
ژنێکی گەنجی کورد بۆ یەکەمجار خەڵاتی جیهانی شاژنە دیانای پێدەبەخشرێت، کە تایبەتە بەو گەنجانەی کار لەسەر باشکردنی ژیانی خەڵک دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
روودی عەلی ٢٥ ساڵ، ژنێکی خەڵکی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، خەڵاتی جیهانی شاژنە دیانای پێبەخشرا، کە خەڵاتێکی تایبەتە بەو گەنجانەی خزمەتی کاری کۆمەڵایەتی و هەوڵە مرۆییە خۆبەخشییەکان دەکەن، لەکاتی پێدانی خەڵاتەکەشدا منداڵەکانی شاژنە دیانا ئامادە بوون.
دوێنێ ٢٩ی حوزەیران خەڵاتەکە بەخشرایە روودی
روودی لە ساڵی ٢٠١٥وە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، وەک ئەندامی ڕێکخراوی "ئافاق" لە ئەڵمانیا خزمەتی پەنابەرانی کردووە و کاری خۆبەخشی کردووە، چەندین هەوڵی داوە لەپێناو خزمەتکردن بە پەنابەران، ئامانجی روودی بەرزڕاگرتنی ناوی کوردە لە جیهاندا و خزمەتکردنە بە گەلی کورد، بۆیە ڕێکخراوەکە روودیان دەستنیشانکرد بۆ ئەو خەڵاتە و وەک یەکەم کورد خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت توانیویەتی ئەو خەڵاتە بەدەست بهێنێت.
خەڵاتی شاژنە دیانا لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن جۆردن براون. سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیاوە دامەزراوە و ناوی شاژنە دیانای لێنراوە، ئەویش بەهۆی هەوڵەکانی ئەو شاژنەی بەریتانیا، کە ڕۆڵی هەبوو لە کارکردن بۆ باشکردنی ژیانی گەنجان.
ت.پ