ڕێکخراوی جاسەنە: دەسەڵاتداران بێگوێدانە ئازادی و مافی مرۆڤ چالاکوان دەستگیردەکات

ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا بەیاننامەیەکیان دەربارەی سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادیناندا بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا دەسەڵاتداران بێگوێدانە ئازادی و مافی مرۆڤ چالاکوان دەستگیردەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، بەیاننامەیەکیان دەربارەی سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادیناندا بڵاوکردەوە و ئاڕاستەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، باڵوێزخانەو قونسڵخانەی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و رێكخراوە جەماوەری ‌و ناحكومیەكان‌ و میدیاییەكان کرا.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەگەرچی، سەرجەم جاڕنامە‌ و رێكەوتننامە جیهانی ‌و نێودەوڵەتی ‌و هەرێمایەتیەكان ‌و دەستووری عیراق ‌و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، بە ماددە ‌و بڕگەی تایبەت جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هەموو كەسێك مافی پەیڕەوكردنی ئازادی رادەربڕن‌ و گوزارشتكردنی هەیە، سەرباری ئەمانەش، بەردەوام ڕاپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ‌ و ئازادی رادەربڕین، جەخت لەسەر چاککردن و کەمکردنەوەی پێشێلكارییە یاساییەكانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان ‌و ئازایخوازان دەكەنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانە پرەنسیپەكانی ئازادی‌ و مافەكانی مرۆڤ، هەنگاوە ستەمكارییەكانیان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیاتر و زیاتر دەبێت ‌و ئەویش بە دەستگیركردن ‌و لە زیندان توندكردن ‌و سەپاندنی حوكمی ناڕەوا بەسەریاندا کە دوورە لە هەموو یاسا و رێسا ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتیەكان.

 

دەسەڵات بێگوێدانە فشارەکان بڕیارەکەی بەسەر گیراواندا سەپاند

هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانی فشارە ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتیەكان، و بە شێوەیەکی نادیموکراسی و ناداپەوەرانە بڕیاری بەسەر بەندكراوانی ئازادیخوازی بادیناندا سەپاند، بەمەش سنورداركردنی ئازادی ڕادەربرینی لە هەرێم تۆختركردووە.

 

داواشیان کرد نەتەوەیەكگرتووەكان‌ و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ‌ و ئازادی رادەربڕین دەكەین، لەبەرامبەر ئەم بڕیارە ستەمكارانە ‌و نادادپەروەرانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەرهەق بە ئازادیخوازان بێدەنگ نەبن‌ و فشاری لێبڕاوانە بكەن بۆ ئازادكردنی حوكمدراوانی بادینان. هەر وەك داوا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت وەفاداربێت بەرامبەر لێدوانەکانی پێشووی خۆی لەسەر ئەم کەیسە و بڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ حوكمدراوەکانی بادینان دەربکات.

 

ت.پ