"قەیرانی ئاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەیوەستە بە چارەسەری سیاسی"
بەشداربووانی سیمیناری هەفتەی جیهانی ئاو جەختیان لەوە کردەوە، کە قەیرانی ئاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک چەکێکی سیاسی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی خۆڕاگری دانیشتوان بە کۆنتڕۆڵکردنی وێستگەی عەلووک دەڵێن: قەیرانی ئاو لە چوارچێوەی سیاسی جیاناکرێتەوە.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت شاری حەسەکە بەدەست قەیرانێکی سەختی ئاوەوە دەناڵێنن کە ساڵانێکە بەردەوامە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە، ئەوەش دوای کۆنتڕۆڵکردنی وێستگەی عەلووک لەلایەن تورکیای داگیرکەرەوە کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی شارەکەیە.
ڕۆژی ٣١ی ئاب، یەکێتی شارەوانییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سیمینارێکی بەبۆنەی هەفتەی جیهانی ئاوەوە سازکرد، بەناونیشانی "ئاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا: لە نێوانڕاستی و ئاڵەنگاریەکاندا"، لە میانی سیمینارەکەدا، ستیر موراد، هاوسەرۆکی یەکێتی، و بێریڤان سایلۆ،هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای جزیرە، باسیان لە دیارترین ئاڵەنگاریەکانی بەردەم هەرێم کرد لە ڕووی ئاسایشی ئاوەوە، تیشکیان خستە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ژنان دەیگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سەختییانە و بەشداریکردنیان لە دۆزینەوەی چارەسەرەکان.
ستیر موراد، هاوسەرۆکی یەکێتی شارەوانییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختی لەوە کردەوە: کە ئامانجی بەڕێوەچوونی سیمینارەکە، ڕێگە خۆشکردنە بۆ چارەسەری کێشەی ئاو لە ڕێگەی گفتوگۆوە، لەم هەفتەیەدا، کە جیهان ڕۆژی جیهانی ئاو دەگێڕێت، ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدەست قەیرانێکی ئاوی دامرکێنەرەوە دەناڵێنن کە کاردانەوەیڕاستی لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و سروشت هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە قەیرانی ئاو لە سووریا سەرچاوەی چەندین قەیرانە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکە هەیە، ئەو سیاسەتانەی لەم بوارەدا پەیڕەو دەکرێن، ڕەوتەکان ئاشکرا دەکەن کە ئامانجیان لاوازکردنی ڕۆحی خۆڕاگرییە لەم بوارانەدا.
ستیر موراد باسی لە ڕۆڵی تورکیای داگیرکەر کرد لە بڕینی ئاو بۆ وێستگەی عەلووک کە بە پێچەوانەی ئیرادەی دانیشتوانی ناوچەکەیە و وەک چەک بەکاردێت، تورکیای داگیرکەر وێستگەی عەلووک وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنیت و ئیرادە و خەباتی دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ تێکدانی خۆڕاگرییان، سەرەڕای بارودۆخی سەختیان، دانیشتوان بەتایبەتی ئاوارەکانی ناو اەمپەکان، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانە، کە یەکسانە بە پلانی جینۆساید.
ستیر موراد جەختی لەوە کردەوە، کە بۆ چارەسەرکردنی خراپتربوونی قەیرانی ئاو، پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیژی بەردەوام هەیە، لەوانە پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی ئاو و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی لە ناوچەکەدا، داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد کە پاڵپشتی پێویست پێشکەش بکەن بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی ئەم پڕۆژەیە، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسای و بوژاندنەوەی ژینگە و دەریاچەکان کە بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە زیانیان بەرکەوتوە.
باسی لە ئازارەکانی ژنان لەم قەیرانەدا کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان خەباتێکی مێژووی لە دژی قەیرانی ئاو ئەنجامدەدەن، و لە دابینکردنی ئاو بۆ خێزان و منداڵەکانیان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریەکی زۆر دەبنەوە، و دەبینین چۆن دژوارترین ڕێگاکان بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی ئاو بوۆ ماڵەکانیان، لە لایەکی ترەوە زۆر نەخۆشی لە ناوچەکەماندا بڵاوبوونەتەوە بەهۆی کەمی ئاوەوە، و ئێمەش تورکیای داگیرکەر بە بەرپرس دەزانین.
"کێشەیەکی جیهانی"
بێریڤان سایلۆ، هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای جزیرە ڕایگەیاند، کێشەی ئاو جیهانییە، و زۆر گرنگە هەموو لایەک هەڵوێستیان هەبێت لەسەر ئەم قەیرانە و سووریا پشکی خۆی لە ئاو وەربگرێت، لە ڕێگەی ئەم سیمینارەوە هەوڵدەدەین دەنگی هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە جیهان بگەیەنین و ڕۆشنایی بخەینە سەر ڕاستیەکە، قەیرانی ئاوی تاڵ کە نزیکەی ٦ ساڵە ناوچەکەی گرتۆتەوە، بەتایبەتی لە شاری حەسەکە کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێک و نیوە و دانیشتوانەکەی لە بارودۆخێکی سەختی مرۆڤایەتیدا دەژین.
جەختی لەوە کردەوە، کە قەیرانی ئاو لەم ناوچانەدا تەنها پرسێکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی نزیک بە ڕێڕەوی سیاسی گشتییەوە هەیە، کە ئاو وەک چەکێکی فشار و ستەم بەکاردەهێنرێت، سەرەڕای ئاڵەنگاری ژینگەی و سیاسی، ژنان لە پێشەنگی خەباتی ڕۆژانەدا دەمێننەوە بۆ بونیادنانی ژیانێکی شایستە بۆ خێزان و کۆمەڵگەکانیان.
سەبارەت بە دۆخی ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە ئاو بەتایبەتی لە کامپەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەبەر ڕۆشنای ئەم قەیرانە، کەمی ئاو و پیسبوونی دەرەنجامی کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستەی ژنان دەبێت و توشی چەندین نەخۆشی دەبن، لەو کامپانەی لە حەسەکە دامەزراون، ژنان ڕووبەڕووی سەختییەکی یەکجار زۆر دەبنەوە، بەڵام ئەوان بڕیاریان داوە کە واز لە زەوییەکانیان نەهێنن و بەردەوام بن لە خەبات بۆ ژیان.