بەهۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە ٧٠٠ خێزان ئاوارەى نەجەف بوون
بەهۆی بە بیابانبوون و وشکەساڵییەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە نەجەف ٧٤٢ خێزانى ئاوارەى ناوخۆی وەرگرتووە.

ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەردەوامە لە گرتنەوەى پشکى ئاوى عێراق، ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى بەشێکى زۆرى دانیشتووانى هۆڕەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق ئاوارەبن.
ڕەعد تەفیلی، بەڕێوەبەری بەشی کۆچ و کۆچبەران لە نەجەف سەبارەت بە ئاوارە بوونى ناوخۆیی سەدان خێزان بۆ شارەکەیان، لە ئەنجامى کەم ئاویی و وشکەساڵى، بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە پارێزگاکەمان ٧٤٢ خێزانی ئاوارەی وەرگرتووە، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگای دیوانیەن، ئەو خێزانانە بەهۆی بیابانبوون و وشکەساڵییەوە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان هاتوونەتە پارێزگاکەیان.
وتوشیەتی: بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هیچ حاڵەتێکی ئاوارەبوونی ناوخۆی لە ناوخۆی نەجەفەوە بۆ شارەکانى دیکە و بۆ هەمان مەبەست تۆمارنەکردووە، یارمەتییە فریاگوزارییەکان و سەبەتەی خۆراک و چاودێری تەندرووستی بۆ ئاوارەکان جێگیرکراون و داتاکانیان خراوەتە ناو داتابەیسی وەزارەتەوە، بەڵام بەردەوامبوونی پشتگیرییەکان بەندە بە تەرخانکردنی داراییەوە، کە لە ئێستادا بەردەست نین.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو خێزانانەی ئاوارە بوون لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن، هەروەها زۆربەیان لە شارۆچکەکانى حەیدەریە و ریدهاویەن.