قەیرانی ئابووریی "هەژارکردنی ژن" لە ئێران قووڵتر دەکاتەوە و ژنان دەخاتە دەرەوەی بازاڕی کار

ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کرد، کە نادادپەروەریی ڕەگەزی لە بازاڕی کاری ئێراندا پەرەی سەندووە؛ ئەمەش ئاراستەیەکە کە ژنانی زیاتر لە جاران تووشی هەژاریی ئابووری دەکات، لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و بڵاوبوونەوەی کاری نافەرمی و دابەزینی ئاسایشی کار

ناوەندی هەواڵ

ژنانی کارمەند لە ئێران خۆیان لە چەقی قەیرانی ئابووری دەبیننەوە، لەگەڵ هەموو شەپۆلێکی پاشەکشەدا بازنەی دەرکردن لە کار فراوانتر دەبێت و پێش هەمووان ئەوان دەگرێتەوە، لە ناو دۆخێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت بەهۆی دابەزینی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان، ئەمەش کارە سەقامگیرەکان لاوازتر دەکات و داهاتووی زۆرێک لە ژنان دەخاتە مەترسییەوە.

 

قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان لە ئێران بە شێوەیەکی تایبەت کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە، ئەمەش ئەو دیاردەیەی کە شارەزایان بە "هەژارکردنی ژن" ناوی دەبەن قووڵتر کردووەتەوە، داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ئابووریدا لە ساڵانی ڕابردوودا تەنها لە نێوان ۱۲ بۆ ١٥ لەسەددا بووە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لای پیاوان گەیشتووەتە نێوان ٦٥ بۆ ۷۰ لەسەد،  هەروەها ڕاپۆرتەکان ئەوەیان خستەڕوو کە ڕێژەی بێکاریی ژنان لە هەندێک قۆناغدا گەیشتووەتە دوو هێندەی بێکاریی پیاوان.

 

زۆرینەی ژنانی کارمەند لە کەرتی خزمەتگوزاری و کارە ناجێگیرەکاندا وەک یەکەم کەس لە کاتی پاشەکشەی ئابووری و دابەزینی توانای کڕیندا لە کار دەردەکرێن، لە هەمان کاتیشدا جیاوازیی موچە لە نێوان ژنان و پیاواندا هەر ماوە، بە جۆرێک کە مەزەندەکان ئاماژە بە جیاوازییەک لە داهاتدا دەکەن کە لە نێوان ۲۰ بۆ ۳۰ لەسەدە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕوویان لە کاری نافەرمی کردووە، وەک فرۆشتنی ئۆنلاین، کارەکانی ناو ماڵ، فرۆشتنی سەر شەقام، خزمەتگوزارییەکانی تاکسیی ئۆنلاین، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی هەلی کاری فەرمی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارانە بێبەشن لە ئاسایشی کاری و داهاتی جێگیر، و هەروەها بەرامبەر بە گۆڕانکارییە ئابوورییەکان هەستیارن.

 

شارەزایان هۆشداری ئەوە داوە کە ئەو ژنانەی سەرپەرشتیاری خێزانەکانیانن لەنێو لاوازترین توێژەکانی کۆمەڵگەن، چونکە رووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، سنوورداربوونی هەلی کاری سەقامگیر و نەبوونی پشتگیریی پێویست دەبنەوە، دەڵێن ملیۆنان ژنی سەرپەرشتیاری خێزان لە ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان پشت بە کاری نافەرمی دەبەستن.

 

هەروەها ئەو لێکۆڵینەوەیانەی کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامیان داوە پیشانی دەدەن کە لە کاتی قەیرانەکاندا و دوای جەنگ، ژنان زووتر لە پیاوان لە بازاڕی کاری فەرمی دەردەکرێن، گەڕانەوەیان بۆ کارێکی سەقامگیر بۆیان قورس دەبێت؛ ئاراستەیەک کە بە گوێرەی وتەی شارەزایان، لە ساڵانی ڕابردووشدا لە ئێراندا بە ڕوونی دیار بووە.