لە ماوەی مانگێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٤٦ هاوڵاتی دەستبەسەر کراون
ئامارەکان ئاشکرایدەکەن، تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٤٦ هاوڵاتی دەستبەسەر کراون و شەش زیندانی لەسێدارە دراون، هاوکات ١٧ هاوڵاتی دیکەش بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی 'هانا'، سەبارەت بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتوووە: لە ماوەی مانگی تەمووزدا لانی کەم ٤٦ هاووڵاتیی کورد بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە شەش ژن و سێ چالاکوانی ژینگەپارێزیان تێدایە.
بەمەش بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکە، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی پشتڕاستکراوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـدا گەیشتە ٦١١ کەس.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەرچەندە زانیارییە کۆکراوەکان نیشانی دەدەن ژمارەی دەستبەسەرکردنەکان لەم ماوەیەدا ٨٠٠ حاڵەتی تێپەڕاندووە، بەڵام زانیاریی تەواوی تەواوی حاڵەتەکان هێشتا بۆ تۆمارکردنی کۆتایی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەوە، لەم مانگەدا شەش زیندانیی کورد لەسێدارە دراون، بەمەش کۆی گشتی لەسێدارەدراوانی کورد لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بۆ ٥٢ کەس بەرزبووەتەوە.
ئامارەکان تیشک دەخەنە سەر گیان لەدەستدانی ١٧ هاووڵاتی لە ئەنجامی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و کەمتەرخەمییەکانی دەوڵەتی ئێران؛ بە جۆرێک شەش کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان کوژراون، هاووڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سەقز و سێ کرێکاریش بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پاراستن لە شوێنی کاردا گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات لە هەمان مانگدا، چوار حاڵەتی خۆکوژی (دوو ژن و دوو پیاو) و چوار حاڵەتی ژنکوژی لەلایەن ئەندامانی خێزانەکانیانەوە تۆمار کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی 'هانا'، لە مانگی تەممووزدا مافی ژیان، مافی ئازادی و ئاسایشی کەسی، مافی دادوەریی دادپەروەرانە، مافی سوودمەندبوون لە ژینگەی کاری پارێزراو و مافی دەستڕاگەیشتن بە پاڵپشتییە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێل کراون.