بزووتنەوەیەکی ژنان داوای لێکۆڵینەوە لە "تاوانەکانی تاڵیبان" لە پەنجشیر دەکات
بزووتنەوەی ژنانی پەنجشیر نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە پارێزگای پەنجشیر دەربڕی و داوای لە دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە کەیسەکانی گرتن و کوشتن و تیرۆرکردنی هاوڵاتیان بکەن.
ناوەندی هەواڵ
لە ساڵانی ڕابردوودا پارێزگای پەنجشیر شایەتی زیادبوونی بەرچاوی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ بووە کە وردەکاری پێشێلکارییە بەربڵاوەکان دژی دانیشتووانی وڵاتەکەی دەخاتە ڕوو، ئەمەش وایکردووە داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە و بەهێزکردنی پاراستنی مەدەنی لە ناوچەکەدا.
بزووتنەوەی ژنانی پەنجشیر ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا پەنجشیرو کابول تووشی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و کوشتنی زنجیرەیی و تیرۆرکردنی بە ئامانج بووە، ئەم ڕووداوانە "دوژمنایەتی ئاشکرای تاڵیبان بەرامبەر بە خەڵکی پەنجشیر، لەناویاندا خەڵکی مەدەنی" نیشان دەدەن.
بزووتنەوەکە ڕاپۆرتی دا کە تاڵیبان لەم دواییانەدا ١٠ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی پەنجشیریان کردۆتە ئامانج بە هۆکاری جۆراوجۆر، ئەم بەئامانجگرتنە بەشێکە لە سیاسەتێکی فراوانتر کە ئامانج لێی توندکردنەوەی پەتەکانی دەوروبەری دانیشتوانی پارێزگاکە و ملکەچکردنیانە.
هەروەها بزووتنەوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان پشتگوێ نەخات و جەختیشی لەوە کردەوە کە تاڵیبان هیچ بەهایەک بە ژیان و ماڵ و کەرامەتی هاووڵاتیان نادات و دەبێت لێپرسینەوە لە پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ بکرێت.