قوتابخانەیەک لەلایەن کەسی نادیارەوە دەرگا و کەرەستەکانی دەشکێنرێت

شەوی ٦ی حوزەیران، قوتابخانەی شاوازی بنەڕەتی لەلایەن چەند کەسێکی نادیارەوە هێرش دەکرێتە سەری و دەرگا و پەنجەرە، کەرەستە و ئامێرەکانی ناوی دەشکێنن.

گەرمیان

 

درەنگانێکی شەوی ٦ی حوزەیران قوتابخانەی شاوازی بنەڕەتی لە گوندی شاوازی سەر بە شارەدێی مەیدان لە شاری خانەقین لەلایەن چەند کەسێکی نادیار هێرشی دەکرێتە سەر و زۆرێک لە کەرەستەکانی، وەک کورسی و مێز، ئامێری میوزیک و موبەریدە، شوشەی دەرگا و پەنجەرەی شکێندراوە، کاغەز و پرتووکەکانی نێوی دڕێنراون و بە تەواوی قوتابخانە تێکدراوە.

موختار ساڵح بەڕێوبەری قوتابخانەی شاوازی بە ژنهای ڕاگەیاند: سەرلەبەیانی ٦ی حوزەیران نەڕۆشتمە قوتابخانە، کلیلی قوتابخانەم دایە مامۆستاکان و خۆم  وەکو لیژنەی وەرگرتنی مووچە ڕۆشتم بۆ مووچە، مامۆستاکان پەیوەندییان پێوە کردم کە دەرگای قوتابخانەکە شکێندراوە و  کەرەستە و ئامێرەکان  تێکدراون، منیش بەڕێوبەری گشتی پەرەوەردەم لێ ئاگادار کردەوە و بڕیارە سبەی بێن و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە بکەن.

بەڕێوبەری قوتابخانەکە وتیشی ئەمڕۆ ئاسایش هاتووەتە قوتابخانە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بڕیارە لەگەڵ قوتابییەکاندا لێپرسینەوە بکرێت دەربارەی ڕووداوەکە.

موختار ساڵح ئاماژەی بەوەشدا کە قوتابخانەکەیان تا ئێستا پاسەوان و کارگوزاری نییە.

ت.پ