"پێویستە بکەرانی کردەوەکانی دژ بە ژنان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت"
ئارزو تەمۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سارا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرنجی ڕاکێشا بۆ ئەو فشار و سنووردارکردنانەی کە لەلایەن گروپی جیهادی هەتەشە لە سووریا بەسەر ژناندا سەپێندراوە و داوایکرد بکوژانی ژنان ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

پێلین نوپەلدا
قامیشلۆ- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەسەڵات گرتنە دەست لەلایەن هەتەشە، زۆر شت لە وڵاتەکەدا بە شێوەیەکی نەرێنی گۆڕانکارییان بەسەردا هات. ئێچ تی ئێس بە هزرێکی ناسیۆنالیستی و ئایینی، لە زۆر بواردا یاسا و بڕیار و سزای نوێ دەردەکات و بەسەر کۆمەڵگا و خەڵکدا دەیسەپێنێت. توندوتیژی و ستەم و کوشتن بە تایبەتی لە دژی ژنان لە بەرزترین ئاستدایە. بێ داننان و ڕێزگرتن لە ئیرادە و مافەکانی ژنان، بە عەقڵی توندڕەو و جیهادی خۆیان بڕیار و یاسای نوێ سەبارەت بە ژیانی ژنان دەردەکەن و جێبەجێی دەکەن.
ئارزو تەمۆ، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو سەبارەت بە دۆخی ژنان لە سووریا و ئەو توندوتیژییە دڕندانەی کە بەرامبەریان دەکرێت، سەرەتا بارودۆخی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەڵسەنگاند و وتی: لە ماوەی ١٣ ساڵی شەڕدا ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە ژن و منداڵ بوون، ژنان تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بوون، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هەژموونی هەتەشە، دەرکەوت کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان و چەتەکانی داعشدا نەبووە، و ئەوان بە بیرکردنەوەی توندڕەو و ئیسلامی توندڕەوەوە هاتنە ناو خەڵکەوە گەلی سووریا خەونیان بەوە دەبینی کە ڕژێمی نوێ باشتر و جیاواز بێت لە ڕژێمی پێشوو.
هەتەشە سەرەتا ژنانی کردە ئامانج
ئارزو تەمۆ ڕایگەیاند کە لەگەڵ هاتنە سەرکاری هەتەشە ژنان یەکەم کەس بوونە ئامانج و وتی: لەگەڵ هاتنی هەتەشە دەستدرێژی کردنە سەر ژنان زیادی کرد، جیاکاری نێوان ژن و پیاو زیادی کرد، ئەوان دەیانویست ڕۆڵی ژن لە ژیاندا نەهێڵن. لە سووریا هەموو گەلانی وەک دروز، عەلەوی، کورد، سریانی، و ئێزیدیەکان لەگەڵ کولتووری خۆیان ژیاون. بەڵام لەگەڵ هاتنی هەتشە سڕاونەتەوە و لەناو دەچن.
'ئەوانەی لەشکرکێشیەکەیان ئەنجامدا ئێستا لە دیمەشقن"
ئارزو تەمۆ بەبیری هێنایەوە کە ئایشە دیبیس وەک بەرپرسی کاروباری ژنان دەستنیشانکرا و وتی: رێکخراوە مەدەنییەکانی نیشتەجێی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ماوەی ١٤ ساڵە ژنان ڕێکدەخەن و پەروەردەیان دەکەن، ژنان پەروەردە وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بپارێزن، هەموو پارێزگاکانی سووریا بوونەتە دووەم ویلایەتی ئەفغانستان و ئێستا ڕەنگی ژنانیان بە جلی ڕەشەوە سەپاندووە، هەموو ئەوانە کە لە ئیدارەی دیمەشقدان ئەندامی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن و لە تورکیاوە چوونەتە ناو حکومەتی دیمەشقەوە ئەوانەی دەستیان لە خوێنی شەهیدەکانماندایە ئێستا ئیدارەی حکومەتی کاتی ئەوانەن کە داگیرکاریی عەفرین و سێرێکانی و گیرێ سپییان ئەنجامدا ئێستا لە دیمەشقن.
"پێویستە بکەرانی کردەوەکانی دژی ژنان دادگایی بکرێن"
دوای دەربڕینی تێبینی و بۆچوونەکانی سەبارەت بە دۆخی نوێی ژنانی سووریا، ئارزو تەمۆ داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردو وتی: داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ژنان دەکەین ئەم کارانە ڕابگرن. پێویستە ڕێگری لە توندوتیژی و بێبایەخکردنی ژنان بگرن، پێویستە ئەو کردەوانەی دژی ژنان لە سووریا ئەنجام دەدرێن، بکەرانی دادگایی بکرێن بۆ ئەوەی دادپەروەری جێگەی بگرێتەوە.