پۆستەرەکانی زانکۆی حەلەب داوای "جل و بەرگی شەرعی" دەکەن
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زانکۆی حەلەب شایەتحاڵی هەڵمەتێکی پۆستەر بوو کە "جل و بەرگی شەرعی و ناشەرعی ژنان"ی تێدا نمایشکرابوو، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

شیرین محەمەد
حەلەب- دوای ئەوەی جیهادییەکانی تەحریر شام ''هەتەشە''دەسەڵاتیان لە سووریا گرتە دەست، دەستیان کرد بە سەپاندنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی توندڕەوی خۆیان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تاکەکان لە زانکۆی حەلەب دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی پۆستەر کە وردەکارییەکانی "جل و بەرگی شەرعی و ناشەرعی ژنان"ی تێدابوو، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی پێکهاتەکان و مەبەستی ئەم بیرۆکانەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە وێنە بڵاوکراوەکەدا ژنێکی داپۆشراو دەردەکەوێت، لە لایەک بە جلێکی ڕەش داپۆشراوە کە هیچ شوێنێکی ڕوخساری دەرناخات، لە لایەکی دیکەوە وێنەی جل و بەرگی ژنێکی داپۆشراوی ترهەیە، بەڵام ڕوخساری دیارە، کە لە پۆستەرەکەدا بە "نایاسایی و ناڕەزایی خودا" وەسفی کردووە.
ئەو پۆستەرەی کە لەسەردیوارەکانی زانکۆ دانراوە، چەند دەستەواژەیەکی لەگەڵدا بووە کە ئاماژەیە بۆ بەشەکانی حیجابی شەرعی و ناشەرعی ژنان: "حیجابێک کە ڕازاوەتەوە و ڕووخسار و بەشەکانی جەستە دەردەخات، وە تیشک دەخاتە سەر سۆزەکانی جەستە، کە تەنک و ڕازاوەیە و سەرنج ڕادەکێشێت و پێیەکان دەردەخات"، بەڵام جلوبەرگی شەرعی: ''حیجابێکە کە ڕووخسار و هەموو سەر و دەست و جەستە داپۆشێت، سۆزەکانی جەستە دەشارێتەوە، ڕازاوە نییە و سەرنج ڕاناکێشێت و پێیەکان دادەپۆشێت” کە نیقابە، پۆستەرەکە بە ئایەتێک لە قورئان کۆتایی هاتوە: '''من جن و مرۆڤم دروست نەکردووە تەنها بۆ پەرستنی من نەبێت''.
پۆستەرەکە لە چەند شوێنێکی زانکۆی حەلەب دانراوە، لەوانە کۆلێژی ئەندازیاری کارەبا، ئەندازیاری شارستانی، کۆلێژی پزیشکی، کتێبخانەی ناوەندی، کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی، شایەنی باسە سکرتاریەتی گشتی کاروباری سیاسی کە لقێکە لە زانکۆی حەلەب، دانان یان نمایشکردنی هەر وێنەیەک یان ڕیکلامێک بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی خۆی قەدەغە دەکات، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سکرتاریەتی گشتی ئاگاداری ئەو بابەتەیە و پەسەندی بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکە ڕادیکاڵ و موسوڵمانانەی کردووە.
"پڕوپاگەندەی توندڕەوانەی حکومەتی کاتی دژایەتی بیرۆکەی ژنانی ئازاد دەکات"
ڕەیحان عەلو، ئەندامی کۆمیتەی کۆردیۆناسیۆنی کۆنگرە ستار لە شاری حەلەب، لە لێدوانێکدا، ئەم سیاسەتانەی لە دژی ژنان لە کۆمەڵگەدا پراکتیزە دەکرێن، کە ئازادی و ڕۆڵی ئەوان سەرکوت دەکەن و لە پۆشاکێکی ڕەشدا قەتیسیان دەکەن ئیدانە دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم پۆستەرانە کە لە زانکۆی حەلەب نمایش دەکرێن، ڕۆڵ و ئازادی ژنان و خوێندکارە کچەکان بەرتەسک دەکەنەوە، ئەم پۆستەرانە داوا دەکەن ژنان دەموچاو و دەست و تەنانەت دەنگیشیان نیشان نەدەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بیرۆکانە بەشێک نین لە ئیسلامی میانڕەو بەڵکو بەرهەمی بیرۆکەی توندڕەوین، هەروەها حکومەتی کاتی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا قبوڵ ناکات، بۆیە “ئێمە ژنانی حەلەب هەمیشە ڕێباز و فەلسەفەی ژن و ژیان و ئازادیمان پەیڕەو کردووە، لە ئیدارەی خۆبەڕێوبەری خۆماندا ژنان لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵ دەبینن، لە ڕوانگەی سیاسی و ئابووری و تەنانەت سەربازیش ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەرانەی ژنان سەریهەڵداوە و ژنان دەبێ ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبێت لە بنیاتنانی نیشتیمانێکی نوێی دیموکراسی''.
بێگومان ئەم هەموو هەڵمەت و پڕوپاگەندە توندڕەویانە دژایەتی بیرۆکەی ژنێکی ئازاد و مرۆڤایەتییەکەی دەکەن، هیچ دەقێک لە قورئاندا نییە کە داوا لە ژنان بکات دەموچاویان داپۆشن بەو شێوەیەی کە توندڕەوەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.
شایەنی باسە حکومەتی کاتی قەدەغەی کردوە کە گەنجێک یاوەری ژنێکی گەنج بکات کە "مەحرەم" ی نییە، واتە خزمی نیە، هێزەکانی ئاسایشی گشتی ڕێگری لە ژنێکی گەنج و گەنجێک دەکەن کە پێکەوە دەڕۆن و ناچاریان دەکەن ناسنامەیان پێشکەش بکەن بۆ دڵنیابوون لە پەیوەندی نێوانیان، وە ئەگەربە خوێن یان خزمایەتی پەیوەندییان نەبێت ئەوا دەگیرێن.
هەروەها جێگای سەرنجە کە کاتێک ڕژێمی بەعس ڕووخا، کۆمەڵێک ژن لە دەوروبەری قەڵای حەلەب و گۆڕەپانی سەعدوڵڵای جابیری و پارکە گشتییەکە دەستیان کرد بە دابەشکردنی "عەبایە و نیقاب" بە ژنانی بێ نیقاب، داوایان لێکردن کە لەبەری بکەن بۆ ئەوەی "خودا توڕە نەبێت، وەک خۆیان دەڵێن''.