پێشەنگای ڕستن و چنین دەکرێتەوە

ژنان تواناکانی خۆیان لە پێشەنگای کاری دەستی و ڕستن و چنین پیشان دەدەن، و دەشڵێن بەردەوام دەبین لە نیشاندانی تواناکانمان، پێشەنگاکەش بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماجدی مۆڵی شاری سلێمانی سەندیکای یەکێتی کرێکاران لقی سلێمانی پێشەنگایەکی کاری دەستی بە سەرپەرشتی سەندیکای ڕستن و چنین و گروپی دەستڕەنگینەکان بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان کردەوە، لە پێشەنگاکەدا ٢٥ کەس بەشداربوون، تێیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژنان بەشداربوون.

 

بەشداربووان بە کاری دەستی چنین، جلی کوردی، جوانکاری ناوماڵ، ئێکسسواری ژنان و وێنەکێشان لەسەر دەم و چاو بەشداریان لەم پێشەنگایەدا کردووە و ئاماژەیان بەوەدا کردنەوەی ئەم جۆرە پێشەنگایانە پاڵپشتیەکە بۆ دەرخستنی بەهرەکانمان و لە ڕووی ئابوریشەوە هاوکارمانە.

 

لەیلا کەریم حەمادی ڕێکخەری پێشەنگاکە و ئەندامی یەکێتی سەندیکای کرێکاران، سەبارەت بە پێشەنگاکە دەڵێت" ژنان لە ئێستادا هەوڵی باش دەدەن بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانی خۆیان جگە لەو ژنانەی بێکارن، ژنانی فەرمانبەر و خوێندکاران بەشداری لەم جۆرە پێشەنگایانەدا دەکەن، هەندێک لەو ژنان خوێندکاری بەشە ناوخۆیەکانن و لە پاڵ خوێندن و ئەو ئەرکە قورسەی لەسەر شانیانە دەستیان کردووە بەکاری دەستی و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن".

 

لەم پێشەنگایەدا ژنان لە شارە جیاوازەکانی باشوری کوردستانەوە بەشداریان کردووە، ڕێکخەری پێشەنگاکە باس لەوە دەکات کردنەوەی ئەم پێشەنگایانە تەنها لە شاری سلێمانی نابێت و لە ناوچە جیاجیاکاندا پێشەنگای دیکەش دەکەینەوە.

 

شارا ئیسماعیل ژنێکە ماوەی ٢٠ ساڵە خەریکی کاری دروومانە، لە ئێستادا کاری دیزاین بۆ جلەکانی دەکات، لە لێدوانێکیدا بۆ ژن تیڤی باس لە کارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: "زۆر ژن هەبوون وتوویانە ناتوانین ببینە کەسێکی سەرکەوتوو لە بواری درووماندا بەڵام من هاوکاریم کردوون و چەندین دەورەی خەیاتی و چنین و دیزاینم وتووەتەوە، ئێستاش ئەو ژنانە خاوەن کار و دوکانی خۆیانن"، هەروەها دەڵێت جگە لە کاری دروومان، کاری جوانکاری ژنان و جوانکاری ناوماڵیشم کردووە، ئەو دیزاینەرە داوا لە ژنان دەکات ئەوانەی بەهرەیان هەیە با لە ماڵەوە بێکار نەبن و بە بەهرەکانیان ببنە پشتیوانێک بۆ خێزان و هاوژینەکانیان.

 

شادان قادر بەشداربوویەکی پێشەنگاکەیە و ئاماژە بەوە دەکات دایکی پاڵپشتی یەکەمی بووە و هەمیشە پشتیوانی کردووە، هەروەها دەڵێت: " لە تەمەنی ٨ ساڵیەوە کاری چنین دەکەم و هەوڵم داوە، دایکیشم پشتیوانی سەرەکیم بووە، سەرەتا کارم بۆ خێزانی خۆم دەکرد دواتر بەهۆی ئەوەی کارەکانمیان بە دڵ بوو پەرەم بە بەهرەکەمدا، لە ئێستادا کاری چنین بۆ چەندین خەیات دەکەم".

 

پێشەنگای کاری دەستی و ڕستن و چنین لە ماڤدی مۆڵ لە ساری سلێمانی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ت.پ