پرسیاری ئێستا ئەوەیە کورد چی دەوێت؟

نیلوفەر کۆچ - نووسەر

لە کاتێکدا جەنگ لە ئێران بەردەوامە، کورد ڕووبەڕووی چەندین پرسیار دەبێتەوە لەلایەن حکومەتەکان، ڕۆژنامەنووسان، ناوەندەکانی بیرکردنەوە و لایەنەکانی دیکەوە. ئەمە بارودۆخێکی سادە نییە. کورد ژێردەستەیی هەڵنەبژاردووە و دەستپێشخەری ئەم جەنگەش نەبووە، بەڵام ئێستا ناچار کراوە بڕیاری سیاسیی سەخت و چارەنووسساز بدات.

 

ئێمە بەهێزین و هەمیشە هەوڵ بۆ ئاشتییەکی سەربەرزانە دەدەین. لە هەمان کاتدا، هەرگیز دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە گەل و ناسنامەکەمان.

 

هیچ بەشێکی کوردستان دابڕاو نییە لە بەشەکانی دیکە. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەیری ئەو هەڵوێستانە بکات کە کورد لە تورکیا، سوریا و عێراق گرتوویەتیە بەر، دەتوانێت باشتر لە دۆخی گەلەکەمان لە ئێرانیش تێبگات:

تورکیا: ماوەی ساڵێکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری گەلی کورد و بزووتنەوەی کورد هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسەتەوە، نەک خەباتی چەکداری، چارەسەرێکی بەردەوام بۆ پرسی کورد بدۆزنەوە.

 

عێراق: لەو کاتەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین دەیەیە گەیشتووەتە پێگەی ئۆتۆنۆمی "خۆبەڕێوەبەری" کوردەکان بەردەوام هەوڵیان داوە هەموو کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسەتەوە چارەسەر بکەن، نەک جەنگ.

 

سووریا: لە ساڵی ٢٠١٢وە کە خۆبەڕێوەبەریی دیفاکتۆی کورد لە سووریا دەستی پێکردووە، کوردەکان هەوڵی دیالۆگیان داوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیکەی وڵاتەکە، لەوانەش حکومەتی ناوەندی. لە کاتی جەنگی ناوخۆی سووریادا، کورد بژاردەی جەنگی دژی ڕژێمی دیمەشق هەڵنەبژارد، و ئێستاش لەگەڵ حکومەتی ڕاگواستنی ئێستا کە شوێنی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە، کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە.

 

ئێران: چەندین دەیەیە پارتە کوردییەکانی ئێران پەیڕەوی دیالۆگ دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران. لە ماوەی جەنگی ساڵی ڕابردوو و جەنگی ئێستاشدا، هێزە کوردییەکان لە ئێران خۆیان بەدوور گرتووە لە دەسپێکردنی هەر هێرشێکی سەربازی. هەموو چالاکییە سەربازییەکانی کورد لە چوارچێوەی "بەرگری لە خۆ" بووە.

 

نەخشەڕێگای کورد بۆ وڵاتە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست —تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا— ڕێگایەکە بەرەو چارەسەری ئاشتییانە و سیاسی لە ڕێگەی دانوستانی دیپلۆماسییەوە.

 

گەلی کورد لە کاتی پێویستدا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی، ئەگەر کەسێک بوێری ئەوە بکات هێرش بکاتە سەر گەلەکەمان، و ئەمەش نابێت فەرامۆش بکرێت. بەڵام ئێمە بەدوای جەنگدا ناگەڕێین. کورد و تەواوی ناوچەکە، بەشی پێویست خوێنیان ڕژاوە.

 

نامانەوێت نەوەکانی دیکە بە یادەوەریی تاڵ و تۆقێنەری جەنگ و لەدەستدان گەورە بن. ئێمە دەمانەوێت، دواجار، ڕووە گەشەکەی ژیان ببینین