نیکۆلا ئەشرەف شاڵی: بەشێوەیەکی سیمبوولێک چەکەکانیان لە ناوبرد

نیکۆلا ئەشرەف شاڵی، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: پەکەکە گرووپی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، چەکی ڕادەست نەکردووە، بەڵکوو تەنها بەشێوەیەکی سیمبوولێکی سنووردار چەند چەکێکی لەناوبردووە، پارادایمی کورد: چەک، چیا، جەنگ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١١ی تەمووز، لە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، لە چوارچێوەی بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گرووپێکی گەریلا مەراسیمێکی سیمبولیکی لەناوبردنی چەکیان ئەنجامدا.

 

نیکۆڵا ئەشرەف شاڵی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتیی و مەراسیمی ‘ لەناوبردنی چەک’ لەلایەن گرووپێک لە گەریلاکانی ئازادییەوە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: پەکەکە گرووپی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، چەکی ڕادەست نەکردووە، بەڵکوو تەنها بە شێوەیەکی سیمبوولێکی سنووردار چەند چەکێکی لەناوبردووە، پارادایمی کورد: چەک، چیا، جەنگ بەردەوامی دەبێت بە شێوازی جیاواز.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕووی یاسایی و سەربازییەوە، پڕۆسەی لەناوبردنی چەک جیاوازە لە پڕۆسەی چەک ڕادەستکردن، هەنگاوی لەناوبردنی چەکی سنووردار سیمبولێکە و ئامانج لێی نیشاندانی نیاز باشی کوردە.

جێگای ئاماژەیە، ئەمڕۆ لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری شارۆچكەی دووكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گروپێک لە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکیی چەکەکانیان لەناوبرد.