نیگەرانییەکان لەسەر مافی ژیانی ژنان لە ئێران بەردەوامە
لە درێژەی سەرکوتەکانی ڕژێمی ئێران دژی ژنان، زیندانییەکی ژن بەهۆی پشتگوێخستنی پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا، ژنێکی دیکە سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراو پێنج شوێنی کاریش بەهۆی پەیڕەونەکردنی باڵاپۆشی زۆرەملێ داخران.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە پشتگوێ خستنی مافی ژیان و گیان لەدەستدانی ژنێکی زیندانی لە زیندانەکانی ئێران و درێژەی سزاکان و پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە باڵاپۆشی زۆرەملێ ڕاپۆرتی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: ژنێکی زیندانیی تەمەن ٣٧ ساڵ بە ناوی تۆکتەم ڕەمەزانی لە بەندی دووی زیندانی وەکیلئانادی مەشهەد گیانی لەدەستدا، گیانلەدەستدانی ئەم زیندانییە بەهۆی تەقینی زراو و سستیی بەرپرسانی زیندان لە ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە بووە، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەدەست ئازارێکی زۆرەوە دەیناڵاند و بەردەوام داوای چارەسەری پزیشکیی کردووە.
هاوکات لەیلا موعەلەمی، ژنێکی دانیشتووی مەشهەد، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، سەپاندنی ئەم سزایە پەیوەندی بە ناردنی پەیامی دەنگی و زانیاری بۆ میدیایەکی دەرەوەی وڵات لە سەردەمی جەنگدا هەبووە، ناوبراو لە ٢٨ـی ئایاری ئەمساڵدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو.
لە لایەکی دیکەشەوە، پێنج شوێنی کار لە شارەکانی گەناوە، خومەین، کرمان و قاینات بە بیانووی پەیڕەونەکردنی باڵاپۆشیی زۆرەملێ لەلایەن کارمەندان و کڕیارانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخران، جێی ئاماژەیە لە سێ مانگی ڕابردوودا بە دەیان کافێ فەرمانی داخرانیان بۆ دەرچووە.